بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەزگین موسڵح، کاندیدی بەرەی تورکمانی لە شاری کفری، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاندووە: "من کاندیدی سەربەخۆم بەڵام لەلایەن بەرەی تورکمانییەوە پشتگیری دەکرێم. کاندیدەکانی تریش یەکێکیان ئەندامی یەکێتی و یەکێکیان پارتی و ئەویتریشیان کادیری گۆڕانە."
پێکهاتەی تورکمان لە خولی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ۵ کورسی لە کۆی ۱۱ کورسی کۆتا هەبوو، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا دوو کورسی کۆتا بۆ تورکمان دانراوە و یەکێک لەو کورسییانە لە بازنەی هەولێرو ئەویتریان لە بازنەی سلێمانییە.
چاوەڕوان دەکرێت دەنگی تورکمانەکانی کفری چارەنووسی کورسییە کۆتاکەی پشکی تورکمان لە بازنەی سلێمانی یەکلایی بکاتەوە، بەو پێیەی زۆربەی تورکمانی سنوری سلێمانی نیشتەجێی ئەو قەزایەن.
سەزگین موسڵیح کاندیدی بەرەی تورکمانی، لە گەڵ نەجدەت نووری و زینە عادل کە وەکوو کاندیدی یەکێتی و پارتی ناویان دەهێنرێت سەر بەیەک بنەماڵەن، هەرسێکیان ئامۆزاو پورزای یەکترین و پێشبینی دەکرێت یەکێک لەم سێ کاندیدە کورسییەکەی تورکمان لە بازنەی سلێمانی بەدەست بهێنێت.
نەجدەت نوری، خۆی وەکو کاندیدی سەربەخۆی تورکمان ناو دەبات و ڕەتیدەکاتەوە کاندیدی هیچ حزب و لایەنێکی کوردی بێت.
ناوبراو بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"هەر کاندیدەو خۆی کار بۆ خۆی دەکات، من کاندیدی سەربەخۆی تورکمانم و کوردو تورکمان پشتگیریم دەکەن."
بەپێی وتەی بەرپرسانی تورکمان، لە هەڵبژاردنی ساڵی ۲۰۲۱ ی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تورکمان ۶۶۰ دەنگی لە قەزای کفری بەدەستهێناوە، ۴۴۵ دەنگیان لەلایەن کاندیدێکی بەرەی تورکمانی و نزیکەی ۱۶۰ دەنگیش لەلایەن کاندیدێکی تری تورکمانەوە بەدەستهێنراوە.
سەزگین موسڵح، کاندیدی بەرەی تورکمانی دەڵێت،"دەمانەوێت حزبە کوردییەکان دەستوەردان لە کاروباری پێکهاتەکان نەکەن، هەرچەندە ئەو حزبانە پشتگیری لایەنگری خۆیان دەکەن.گەر حزبە کوردییەکان دەستوەردان نەکەن ۸۰%ی تورکمانی کفری لەگەڵ ئێمەدان."
ئەو وتیشی: "گەر کاندیدی نزیک لە حزبە کوردییەکان بە دەنگی تایبەت و دەنگی ئەو حزبانە دەربچێنرێت ناتوانێت نوێنەرایەتی تورکمان بکات."
بڕیارە لە ڕۆژی ۲۰ ی مانگی ۱۰ ی ۲۰۲۴، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، سەرجەم حزب و لایەنەکان لە چوارچێوەی بانگەشەی هەڵبژاردن دا ڕکابەرییەکی بەهێزی یەکتری دەکەن.
Your Comment