پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان

دامەزراوەی میدیایی درەو لە ڕاپۆرتێکدا پێگەی لایەنەسیاسییەکانی هەرێمی کوردستانی لە خولی هەڵبژاردنی ۲۰۱۸ و ۲۰۲۱ لەسەر ئاستی هەرێمەکە ئاشکرا کردووە و زانیاریی لەبارەی پڕۆسەی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ساڵی ۲۰۲۴ خستۆتەڕوو.

لە دواین هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵانی ۲۰۱۸ و ۲۰۲۱ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەجۆرێک بووە کە؛

🔹 پارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنی ۱۲/۵/۲۰۱۸ی ئەنجومەنی نوێنەران لە ۷۲۴ هەزار و ۷۲۷ دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی ۳۰/۹/۲۰۱۸ دابەزیوە بۆ ۶۸۸ هەزار و ۷۰ دەنگ و لە ۱۰/۱۰/۲۰۲۱دا ۵۷۹ هەزار و ۲۳۴ دەنگی بەدەستهێناوە.

🔹 یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە هەڵبژاردنی ۱۲/۵/۲۰۱۸ لە ۳۶۴ هەزار و ۶۳۸ دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە ۳۰/۹/۲۰۱۸ دابەزیوە بۆ ۳۱۹ هەزار و ۹۱۲ دەنگ و لە ۱۰/۱۰/۲۰۲۱دا ۲۱۴ هەزار و ۷۱۶ دەنگی بەدەستهێناوە.

🔹 بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ۱۲/۵/۲۰۱۸ لە ۱۹۹ هەزار و ۶۱۱ دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە ۳۰/۹/۲۰۱۸ دابەزیوە بۆ ۱۸۶ هەزار و ۹۰۳ دەنگ و لە ۱۰/۱۰/۲۰۲۱دا ۲۲ هەزار و ۹۱ دەنگی بەدەستهێناوە.

🔹 نەوەی نوێ لە هەڵبژاردنی ۱۲/۵/۲۰۱۸ لە ۱۵۲ هەزار و ۶۴۵ دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە ۳۰/۹/۲۰۱۸ دابەزیوە بۆ ۱۲۷ هەزار و ۱۱۵ دەنگ و لە ۱۰/۱۰/۲۰۲۱دا ۲۰۴ هەزار و ۸۵۵ دەنگی بەدەستهێناوە.

🔹 یەکگرتووی ئیسلامی لە هەڵبژاردنی ۱۲/۵/۲۰۱۸ لە ۹۸ هەزار و ۱۹ دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە ۳۰/۹/۲۰۱۸ دابەزیوە بۆ ۶۷ هەزار و ۱۲ دەنگ و لە ۱۰/۱۰/۲۰۲۱دا ۱۰۸ هەزار و ۱۰ دەنگی بەدەستهێناوە.

🔹 کۆمەڵی دادگەری لە هەڵبژاردنی ۱۲/۵/۲۰۱۸ لە ۹۱ هەزار و ۹۶۸ دەنگەوە، ژمارەی دەنگەکانی لە ۳۰/۹/۲۰۱۸ بەرزبووەتەوە بۆ ۱۰۹ هەزار و ۴۹۴ دەنگ و لە ۱۰/۱۰/۲۰۲۱دا دابەزیوە بۆ ۶۴ هەزار و ۱۵۶ دەنگ.

یەکەم؛ دەنگی لایەنەکانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان لەدوا هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ۱۲/۵/۲۰۱۸ و ۳۰/۹/۲۰۱۸ و ۱۰/۱۰/۲۰۲۱

۱.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی چوارەمی ئەنجومەنی نوێنەران ۱۲/۵/۲۰۱۸ لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر ئاستی گشتی هەر سێ بازنە "پارێزگا"کانی هەرێم و سەرجەم قەزاو ناحیەکانی، لە هەڵبژاردنی ۱۲/۵/۲۰۱۸ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛

-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو ۷۲۴ هەزار و ۷۲۷ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو ۳۶۴ هەزار و ۶۳۸ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    بزوتنەوەی گۆڕان سێیەم بووە بە ۱۹۹ هەزار و ۶۱۱ دەنگ.

-    نەوەی نوێ پلەی چوارەمی گرتبوو بە ۱۵۲ هەزار و ۶۴۵ دەنگ.

-    هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بە پلەی پێنجەم هاتبوو بە ۱۲۲ هەزار و ۷۵۳ دەنگ.

-    بزوتنەوەی گۆڕان ۴۰ هەزار و ۸۶۳ دەنگی بەدەستهێنابوو، پلەی پێنجەمی گرتبوو لەسەر ئاستی پارێزگای هەولێر.

-    یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی شەشەمدا بووەو تەنها ۹۸ هەزار و ۱۹ دەنگی بەدەستهێناوە

-    کۆمەڵی دادگەری "ئیسلامی" بە بەدەستهێنانی ۹۱ هەزار و ۹۶۸ دەنگ لە پلەی حەوتەمدا بووە. 

۲.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پەرلەمانی کوردستان لە ۳۰/۹/۲۰۱۸ لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئاستی گشتی سنوری پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک کە هەرێمی کوردستان ۱ بازنەی هەڵبژاردن بوون، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛

-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو ۶۸۸ هەزار و ۷۰ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو ۳۱۹ هەزار و ۹۱۲ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    بزوتنەوەی گۆڕان سێیەم بووە بە ۱۸۶ هەزار و ۹۰۳ دەنگ.

-    نەوەی نوێ پلەی چوارەمی گرتبوو بە ۱۲۷ هەزار و ۱۱۵ دەنگ.

-    کۆمەڵی دادگەری "ئیسلامی" بە بەدەستهێنانی ۱۰۹ هەزار و ۴۹۴ دەنگ لە پلەی پێنجەمدا بووە.

-    یەکگرتووی ئیسلامی لە پلەی شەشەمدا بووەو تەنها ۶۷ هەزار و ۷۱۲ دەنگی بەدەستهێناوە.

۳.    ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی ئەنجومەنی نوێنەران ۱۰/۱۰/۲۰۲۱ لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان

بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی گشتی سنوری پارێزگاکانی هەولێر ۴ بازنەو سلێمانی ۵ بازنەو دهۆک ۳ بازنەی هەڵبژاردن، ئەنجامی دەنگی لایەنەکان بەم شێوەیە بووە، بەجۆرێک؛

-    پارتی دیموکراتی کوردستان لە پلەی یەکەمدا بووەو ۵۷۹ هەزار و ۲۳۴ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پلەی دووەمدا بووەو ۲۱۴ هەزار و ۷۱۶ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    نەوەی نوێ لە پلەی سێیەمدا بووەو ۲۰۴ هەزار و ۸۵۵ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    یەکگرتووی ئیسلامی تەنها لە پلەی چوارەمدا بووەو ۱۰۸ هەزار و ۱۰ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    کۆمەڵی دادگەری لە پلەی پێنجەمدا بووەو ۶۴ هەزار و ۱۵۶ دەنگی بەدەستهێناوە.

-    بزوتنەوەی گۆڕان شەشەم بووە بە ۲۲ هەزار و ۹۱ دەنگ.

بۆ بەرچاوڕونی ئاستی دەنگی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی ۲۰۱۸ەو ۲۰۲۱ی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان بڕوانە خشتەو چارتەکەی خوارەوە.

خشتە و چارت

 

پێگەی لایەنە سیاسییەکان لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان

دووەم؛ پارێزگا بازنەکانی هەڵبژاردن لە چواچێوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان

بڕیارە ڕۆژی ۲۰/۱۰/۲۰۲۴ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت. لە دوای هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان و بەشێک لە بەندەکانی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە بیانووی نادەستوری بوونیانەوە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە لە کۆتاییەکانی مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوو. لەوکات بەدواوە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەوڵی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگای فیدراڵییە بۆ ڕێکخستنی ڕێوشوێنەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

لەو چوارچێوەیەشدا ئەمینداریەتی گشتی ئەنجومەنی کۆمسیاران لە چوارچێوەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ۴ی حوزەیرانی ۲۰۲۴ یاسای دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد، کە هەرێمی کوردستان دابەشی سەر ۴ بازنەی هەڵبژاردن دەکات.

لە دەقی بڕیارەکەی ئەنجومەنی کۆمسیاراندا هاتووە، هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر ۴ ناوچە بازنەی هەڵبژاردن ئەوانیش؛ بازنەکانی "هەولێر، دهۆک، سلێمانی و هەڵەبجە"ن.

بەپێی بڕیارەکە، پەرلەمانی کوردستان لە ۱۰۰ کورسی پێکدێت و دابەشکراوە، بەم شێوەیە: هەولێر ۳۴ کورسی نێویاندا ۱ کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و ۱ کورسی بۆ تورکمان، سلێمانی ۳۸ کورسی لەنێویاندا ۱ کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی و ۱ کورسی بۆ تورکمان، دهۆک  ۲۵ کورسی لەنێویاندا ۱ کورسی بۆ پێکهاتەی مەسیحی، و بازنەی هەڵەبجە ۳ کورسی بەبێ هیچ کورسییەک بۆ پێکهاتەکان تەرخان کراوە، بە جۆرێک؛

پارێزگای هەولێر، کە ۳۲ کورسی گشتی  و ۲ کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەولێر پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەولێر، دەشتی هەولێر، سۆران، شەقڵاوە، کۆیە، خەبات، چۆمان، ڕەواندز و مێرگەسور و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە.

بازنەی پارێزگای سلێمانی، کە ۳۶ کورسی گشتی  و ۲ کۆتا بۆ پێکهاتەکانی تورکمان و مەسیحی تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگاکە پێکدێت لە قەزای ناوەندی سلێمانی و شارباژێڕ، ماوەت، قەرەداغ، سەیدسادق، شارەزوور، پێنجوێن، پشدەر، ڕانیە، دوکان، کەلار، دەربەندیخان، کفری و چەمچەماڵ و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکان.

بازنەی پارێزگای دهۆک، کە ۲۴ کورسی گشتی  و ۱ کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەی مەسیحی تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای دهۆک پێکدێت لە قەزکانی قەزای ناوەندی دهۆک، ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، زاخۆ، سیمێل و شێخان و ناحیەکانی سنوری پارێزگا و قەزاکانی پارێزگاکە.

بازنەی پارێزگای هەڵەبجە ۳ کورسی گشتی بۆ تەرخان کراوە. سنوری ئیداری پارێزگای هەڵەبجە پێکدێت لە قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی سیروان، هەورامان خورماڵ و بیارە.

بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە ۲۲ی ئەیلولی ۲۰۲۴دا ڕایگەیاندووە؛

کۆی گشتی ژمارەی بنکەکانی دەنگدانی گشتی بریتییە لە هەزار و ۲۶۶ بنکە...  وێستگەکانی دەنگدان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بریتییە لە ۶ هەزار و ۳۱۸ وێستگە.

پارێزگای هەولێر ۴۹۸ بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت ژمارەی وێستگەکانیش ۲ هەزار و ۲۱۳ وێستگەی دەنگدان دەبێت. پارێزگای سلێمانی ۴۷۷ بنکەی هەڵبژاردنی تێدا دەبێت، ۲ هەزار و ۳۷۳ وێستگەی دەنگدانیش لە پارێزگای سلێمانی دەبێت. پارێزگای دهۆک ۲۶۴ بنکەی هەڵبژاردن و هەزار و ۵۹۶ وێستگەی دەنگدانی تێدا دەبێت. پارێزگای هەڵەبجە ۲۷ بنکەی هەڵبژاردن و ۱۳۶ وێستگەی دەنگدانی دەبێت.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ۲ ملیۆن و ۸۸۸ هەزار و ۱۶۲ کەس لە هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەدا؛

کۆی گشتی ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگای هەولێر بریتییە لە ملیۆنێک ۱۱ هەزار و ۳۴۸ دەنگدەر، بەشێوەیەک ۹۲۸ هەزار و ۸۲۳ کەسیان لە دەنگدانی گشتی و ۸۲ هەزار و ۵۲۵ کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای سلێمانی بریتییە لە ملیۆنێک ۷۸ هەزار و ۶۸۷ دەنگدەر، بەشێوەیەک ملیۆنێک و ۳ هەزار و ۷۷۲ کەسیان لە دەنگدانی گشتی و ۷۴ هەزار و ۹۱۵ کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای دهۆک بریتییە لە ۷۳۵ هەزار و ۵۴۳ دەنگدەر، بەشێوەیەک ۶۸۰ هەزار و ۴۴۳ کەسیان لە دەنگدانی گشتی و ۵۵ هەزار و ۱۰۰ کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە. دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش بریتییە لە ۶۲ هەزار و ۵۸۴ دەنگدەر، بەشێوەیەک ۵۹ هەزار و ۵ کەسیان لە دەنگدانی گشتی و ۳ هەزار و ۵۷۹ کەسیش لە دەنگدانی تایبەت مافی دەنگدانیان هەیە.

News Code 224183

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha