کوردپرێس:
حەوت ساڵ پاش بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی ۲۵ی ۹ی ۲۰۱۷ هێشتا ژمارەیەک لە چاودێران و میدیا چالاکەکانی لە پرسی عێراق و هەرێمی کوردستان بڕوایان وایە بەڕێوەچوونی ئەو ڕیفراندۆمە لێکەوتەی نەرێنیی بۆ دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان هەبوو. ۲۲ ڕۆژ پاش بەڕێوەبردنی ئەو ڕیفراندۆمە کە سەرەڕای دژایەتیی هەموو لایەنە عێراقی، هەرێمی و جیهانی (تەنانەت ئەمریکایش) بەڕێوەچوو- لە ڕۆژی ۱۶ی ئۆکتۆبەردا حکوومەتی عێراق گەڕایەوە بۆ کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان و کورد کونترۆڵی ئەو ناوچانەی لەدەست دا. هەواڵدەریی کوردپرێس بەبۆنەی ساڵۆگەڕی ڕیفراندۆم لەگەڵ ئاسۆ حاجی ڕۆژنامەنووس و چاودێری سیاسیی کورد گفتوگۆی کرد و چەند ڕەهەندێکی ڕیفراندۆمەکەی ۲۰۱۷ی لێکدایەوە. ئاسۆ حاجی نووسەری دوو کتێب بەناوەکانی «نەجەف لە چاوەڕوانیی ئیمام» و «مەسروور بارزانی سەرەتایەکی نوێ»یە.
ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هۆکاری لاوازبوونی هەرێمی کوردستانە؟
ئاسۆ حاجی لەبارەی لێکەوتەی ڕووخێنەری بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بۆ پێکهاتەی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە هەواڵنێری کوردپرێسی ڕاگەیاند: بە دڵنیایەوە ڕیفراندۆم هۆکارێکی نەرێنی نەبووە. لەدوای ڕیفراندۆم گۆڕانکاریی گەورە ڕوویاندا لەسەر ئاستی سیاسی و ئابووری. بەغدا ئەوەی سەلماند کە درێژکراوەی هەمان عەقڵیەتی سەد ساڵی ڕابردووە کە عێراقی لەسەر ئاوا کراوەتەوە. ئەوەش عەقڵیەتی زاڵی عەرەبییە کە ناتوانێت جیاوازی و ئەوانی تر قبووڵ بکات، ئەوان دەتوانن یەک ڕەنگ و یەەک عەقڵیەت و یەک جۆر حوکمڕانی قبووڵ بکەن. ئەوان تەنانەت ڕێزیان لەو دەستوورە نەگرتووە کە زیاتر لە ۸۰لەسەدی خەڵکی عێراق دەنگیان لەسەر داوە.
پێبەند نەبوونی عێراق بە دەستوور، یەکێک لە هۆکارەکانی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بوو
لە دەستوورەکەدا بە ڕوونی دیارە کە ئەو عێراقە بە یەکگرتوویی دەمێنێتەوە هەتا ئەو کاتەیە ڕێز لەدەستوور بگیردیێت کە بەداخەوە بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم کە ئەوە یەکێک بوو لە هۆکارەکان کە کورد پەنای بۆ ڕیفراندۆم برد ئەوەش ئەوە بوو کە زیاتر لە ۷۰ مادەی دەستووری عێراق جێبەجێ نەکران و لەوە زیاتریش پێشێلی کردوون هەر ئێستاش ئەو پێشێلکارییە بەردەوامە.
کورد و ئێران مێژوویەکی کۆن و دوور و درێژیان پێکەوە هەیە
ئاسۆ حاجی زیادی کرد: وەکوو وتم ئەوان بە عەقڵیەتێکی عەربیی زاڵەوە وەکوو نەتەوەی سەردەست و زاڵ مامەڵە لەگەڵ حوکمڕانی و دەستوور دەکەن بەداخەوە وڵاتانی ئیقلیمیش پاڵپشتی زاڵم بوون نەک مەزڵووم بەتایبەتی ئێران و تورکیا و زیاتریش ئێران کە خەڵک واتا میللەتی کورد چاوەڕێی ئەوەی لە ئێران نەدەکرد چوونکە و میللەتی فارس یان میللەتانی ئێران مێژوویەکی دێرین و دوور و درێژیان لەگەڵ کورد هەیە و هەردووکیان پێکەوە بونیاتنەری ئیمپراتوریەتی مێژوو و شارستانیەتی ئێرانی بووینە، بەڵام بەداخەوە ئێستا مەزهەی و فکر و توندڕەویی مەزهەبی دیارە زاڵە و ئەوەیان پێش خست.
ڕیفراندۆم پاشهاتی نەرێنیی بۆ کورد نەبوو/ ۱۶ ئۆکتۆبەر خەیانەت بوو
لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم بێگومان پێوەندیی بە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەوە نەبووە. ئەو ڕووداوانەی دواتر کە ڕوویان دا. چوونکە ڕیفراندۆم تەنها نیشاندەری خواستی گەلی کوردستان بوو لەوەی کە بیخەنە بەردەم کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڵام بەداخەوە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش بەتایبەتی وڵاتە بڕیار بەدەستەکان و زلهێزەکان ئەوانیش پشتیان لەو ڕەوشت و ئەخلاقە کرد کە پێویستە کۆمەڵگای مرۆڤایەتیی پێ بناسرێتەوە.
ئەوەی کە ڕەوشی کوردستان و هەرێمی کوردستانی خراپ کرد بەڕاستی لێکەوتەکانی خەیانەتی ۱۶ی ئۆکتۆبەر و زاڵ بوونی ئەو گوتارەی خۆتەسلیم کردنەوە و خۆڕادەست کردنەوە بە بەغدا بوو کە بەداخەوە لەوشیان ئێران لە پشتی بوو و ئێران سەرچاوەی ئەو گوتارە و بەهێز کردنی ئەو گوتارە لەلایەن کۆمەڵێک سیاسیی ئەڵقە لەگوێ و میدیای ئەڵقە لەگوێ کە پارە لەئەم و لە ئەو وەردەگرن و وەکوو دووکانی گواستنەوەی هەواڵ و زانیارییان لێهاتووە نەک وەکوو دەزگایەکی میدیایی.
بەڕای من لێکەوتەکان ئەو خەڵکانەن کە هۆکاری خراپ بوونی باری کوردستانن بەتایبەتی لەڕووی داراییەوە، ئەوانە بوونەتە ئەڵقە لەگوێی بەغدا و بوونەتە درێژکراوەی گوتاری شۆڤێنیی عەرەبی عێراقی کە لەدژی کوردستان بەرکارە وە ڕۆژانەیش ئەوە دەبینین بەتایبەتی لەلایەن ئەو میلیشیا چەکدارە شیعانەی کە ئێستا ئەوان حوکمی عێراق دەکەن و هەندێک لایەنی دیکە (لە عێراق شتی سەیر دروست بووە) بۆ نموونە مەسێحی شیعە دروست بووە ئەوەی جەماعەتی ڕەیان کلدانی و کوردی مالیکی وەکوو بەداخەوە سەرکردەکانی ئێستای یەکێتیی نیشتمانی ئەوانەی بەخۆیان دەڵێن یەکێتیی نوێ؛ ئەمانەن کە هۆکاری سەرەکین.
دادگای باڵای فیدراڵی نە باڵایە و نە فیدراڵ بەڵکوو دادگای «ثورە»یە
ئاسۆ حاجی لەبارەی ناشەرعی بوون بڕیاری پەرلەمانی کوردستان بۆ درێژکردنەوەی چالاکییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردپرێسی وت: بەڕاستی کات بەسەرچوون (نەک شەرعیەت نەمان)ی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و ڕاپرسیی هەرێمی کوردستان کە تەمەنی بەسەر چوو نەیانتوانی تەمەنی درێژ بکەنەوە لەبەر ئەو هۆکارانەیە کە ئاماژەم پێکرد. لایەنێک بەتایبەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو کارێکی کرد و هەموو هەوڵێکی دا و پەنای بۆ هەمووو شتێکی خراپیش برد تەنانەت لەوەی کە دەرفەتی واڵا کرد بۆ ئەو میلیشیا شیعەیانە کە دەستیان بەسەر بڕیاری سیاسیی عێراقی و پەرلەمانی عێراقیدا گرتووە کە ئەوان تەداخول لەو شتانە بکەن.
هەورەها ئەو دادگایەی پێی دەگوترێت دادگای باڵای فیدراڵی کە بەڕاستی نە «باڵایە» و نە «فیدراڵی» دادگایەکە کە بەتەواوێتی لەژێر کونترۆڵی میلیشیا شیعەکاندا و هیچ بڕیارێکی بەدەستی خۆی نییە و ئەو بڕیارەنەی کە ڕۆژانە لەلایەن ئەو سەرکردە میلیشیاکان پێیان دەگات دەبێت جێبەجێی بکەن. هەر سەرۆکی دادگاکەش بۆخۆی یەکێکە لە کۆنە میلیشیاکان کە کاتی خۆی لە ئێران لەگەڵ فەیلەقی بەدر ئیشی کردووە. تەداخول کردنی ئەو دادگایە کە زیاتر وەکوو دادگای سەردەمی سەدامە ئەوەی پێیان دەگوت دادگای دادگای شۆڕش. ئەوڕۆ دەبینین زیاتر نوێنەری گوتاری شۆڤینی عەرەبی عێراقی دەکات و هەموو بڕیارەکانی کە دەری دەکات ئەوانەی لەدژی هەرێمی کوردستنە بڕیاری نادەستووری و نایاساییە.
ئێستا ئەوان واخۆیان دەبینن کە لەشەڕ سەرکەتوو بووینە و وەکوو سەرکەوتوویەک مامەڵە دەکەن. یەعنی لۆژیک بەڕێوەبردنی دەوڵەت بەو شێوەیە نابێت بەداخەوە لەناوخۆی کوردستانیش داردەست و گوێ لەمشتی ئەوانیش هەنە کە ئەوان دەرفەتیان بکەن کە بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ کوردستان بکەن.
دەسکەوتی ڕیفراندۆم بۆ کورد؟
حەوت ساڵ پاش بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی ۲۰۱۷ هێشتاش لێکەوتەکانی ئەو بڕیارە لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان دەبینرێت. نووسەر و چاودێری سیاسی کورد لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا کە ڕیفراندۆم چ دەسکەوتێکی بۆ کورد هەبوو، ڕایگەیاند: یەکێک لە گرینگترین ڕۆژەکان لە مێژووی گەلی کوردستان ڕوژی ۲۵ی ۹ی ساڵی ۲۰۱۷یە کاتێک ئیرادەی خەڵکی کوردستان بەسەر ئیرادەی دوژمن و داگیرکەراندا سەرکەوت. یەکەمجار بوو کە خەڵکی کوردستان بەئیرادەی خۆی بڕیاری لەچارەنووسی خۆی بدات. دواتر لێکەوتەکانی چۆن بوون چی بوون ئەوە بابەتێکی دیکەیە. بەڵام باسی ئەو ڕۆژی ئەو بڕیارە مێژووییە دەکەم کە ئەو شکاندنی ئەو ترسەی چەندین ساڵە بوو کە ئینسانی کورد لەچوارچێوەی عێراقێکی بەزۆر دروستکراو و وڵاتێکی ساختە و قەڵپی بێمانا تەجاوزی ئەو ناوە ناشیرینە بکات، بەئیرادەی خۆیەوە گوتی ئەمن دەمەوێت سەربەخۆ بم و وڵاتی خۆم ببێت ، بەڵام کاتێک وڵاتانی دەوروبەر و وڵاتانی عەقڵیەت تۆتالیتار و داگیرکەر نازانن بەزمانی سیاسەت و لۆژیک مامەڵە لەگەڵ ئەو میللەتە بکەن کە بەشی خوراوە و وڵاتی داگیر کراوە، ئەوە گوناحی گەلی کوردستان نییە و گوناح و لێکەوتەی ڕیفراندۆمیش نییە. ڕیفراندۆم مافێکی سەرەتایی هەموو ئینسانێکە. ئەو جاڕنامە نێودەوڵەتییەکان، نەتەوەیەکگرتووەکان یەعنی شەرعی ئاسمان و زەوی ئەو مافەی بە ئینسان داوە کە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات و خەڵکی کوردستان بڕیارایتن لە چارەنووسی خۆیان داوە و بێ گومان ئەو کاریگەرییە ئەرێنییە لە نەفسیەتی ئینسانی کو.رد لە هەر چوراپارچەی کوردستان دەمێنێتەوە و سەرچاوەی هێزێکی نەبڕاوە دەبێت کە خەڵکی کوردستان لەمافی خۆی وەکوو هەموو میللەتانی دیکە فارس و عەرەب و تورک کە وڵاتیان هەیە لەوە کەمتر قبووڵ ناکات، ئەوڕۆ نەبێت سبەی.
Your Comment