تا پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەرێمی کوردستان نیمچە دەوڵەتێک بوو

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- دڵشاد ئەنوەر بەرپرسی بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆی دەنووسێت: تا پێش ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ساڵی ۲۰۱۷، هەرێمی کوردستان تەنها هەرێمێک نەبوو لە چوارچێوەی عێراق دا، بەڵکوو نیمچە دەوڵەتێک بوو، تەنها بەناویش لە چوارچێوەی عێراقدا بوو.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دڵشاد شەهاب زیاتر ڕایگەیاندووە: هەرێم پارەی لە بەغدا وەرنەدەگرت، دەسەڵات و هێزی هەبوو، تەواوی ناوچە کێشەلەسەرەکانی لە ژێر کۆنترۆڵدابوو، فڕۆکەخانە و دەروازە و پەیوەندی دەرەکی و هەمووی بێ حساب کردن بۆ عێراق بەڕێوەدەبرد. تازە شەڕی داعش کۆتایی هاتبوو، پاڵپشتییەکی بەهێزی نێودەوڵەتی هەبوو.

دەقی وتەکانی دەڵشاد شەهاب بەرپرسی بەشی کوردیی دەنگی ئەمریکا لە درێژەدا بخوێنەوە:

 

دەکرێت بپرسین؛ لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم چی بوون؟

تا پێش ڕیفراندۆم، تورکیاو ئێران دوو سیاسەتی پێچەوانەیان بەرامبەر هەرێم پەیڕەو دەکرد، بەڵام ڕیفراندۆم لە دژی هەرێم یەکیخستن، لەیەکتری نزیکی‌کردنەوە و هەماهەنگی دروستبوو، تا پێکەوە بەر بە مەترسییەکانی سەریان بگرن.

جیاواز لەوەی هەموو وڵاتانی نێودەوڵەتی تەکلیفیان‌کرد، تا ڕیفراندۆم ئەنجام نەدرێ، بەڵێنی گەورەشیاندا گەر پرۆسەکە دوابخرێ، لەگەڵ ئەوەشدا هۆشدارییاندا لە هێرشی عێراق و وڵاتانی هەرێمی بۆ سەر کورد، گەر گوێڕایەڵییان نەکرێ، بەڵام دواجار ریفراندۆم ئەنجامدرا و ئەنجامەکەشمان بینی.

واتە ڕیفراندۆم تەنها پرۆسەیەک نەبوو، هەڵوێستی ئێران و تورکیا یەکبخات، بەڵکوو پرۆسەیەک بوو کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشی لە هەرێم تا ئەندازەیەک دوور خستەوە و وایکرد بێدەنگی هەڵبژێرن لە هێرشی عێراق و ئێران بۆسەر ناوچە کێشەلەسەرەکان و گرتنەوەی ئەو ناوچانە لەلایەن عێراقەوە.

بۆیە دەبێت بڵێین؛ لەدەستدانی ٥١٪ خاکی هەرێم، یەکخستنی هەڵوێستی تورکیا و ئێران و لەیەکترنزیک‌بوونەوەیان، نیگەران بوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە گوێ لێ‌نەگرتنیان، دەستبەرداربوونی بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، دروست‌بوونی مەترسی لەسەر ناوچەکانی ناوچوارچێوەی هێڵی ۳۶، هەروەها گەورەبوونی قەیرانی ئابووری لەوکاتەدا کە دواجار بەناچاری بەشێک لە بۆری نەوت بە کۆمپانیای روزنەفت فرۆشرا بۆ دابین کردنی بودجە، لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکووک، هەموو ئەمانە لێکەوتە هەنووکەییەکانی ئەوکاتی ڕیفراندۆم بوون، بەڵام ئەو دۆخە نەخوازراووی ئێستا هەرێمی تێدایە کەدواتر دێمە سەری، لێکەوتە دوور مەوداکانی ڕیفراندۆمە.

 

پرسیارێکی تر دێتە پێشەوە، ئایا سەرکردایەتی ئەوکاتی هەرێم نەیاندەزانی ئەمە ڕوودەدات؟

پێم‌وانییە نەیانزانی‌بێت، بەڵام هەندێک هۆکار وایکرد مەترسییەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە جدی لە بەرچاو نەگیرێت. بەندە وەکوو ڕۆژنامەوانێک چەندین وتارم پێش ڕیفراندۆم نووسی و وتارەکان ماون، باسم لە کۆنترۆڵ کردنی کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان کردبوو، گەر پرۆسەکە ئەنجام بدرێت.

زۆر بەرپرسم ئەوکات تا ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتیش بینی، لێم پرسین: گەر ڕیفراندۆم بکرێت، کورد ناوچە کێشەلەسەرەکان لەدەست دەدات و هەرێمی کوردستانیش بۆ "هەرێمۆچکە" لە قاڵب دەدرێ، ئێوەش هاوڕان؟

بەشی زۆریان پێیانوابوو قەبارەی مەترسییەکانی ڕیفراندۆم بەو ئەندازە گەورە نییە، ڕەنگە هەندێک تەق و تۆق لەناوچە کێشە لەسەرەکان ڕووبدات، واتە بێ ئاگابوون لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ڕیفراندۆم!

چەند ڕۆژێک دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، نەجمەدین کەریم پارێزگاری ئەوکاتی کەرکووک کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە دیوانی پارێزگا ئەنجامدا، بەندە لەوێ ئامادەگیم بوو، کۆنگرەکە ئێستاش ماوە، لێم پرسی ڕیفراندۆم ئەنجامدرا، ئایا هەست ناکەن لەمەودوا ڕووداوی گەورە ڕووبدەن؟ لە وەڵامدا وتی: "زۆر هەرێم و ناوچە ڕیفراندۆمی ئەنجام‌داو دواتر ئەمری واقعیان دروست‌کرد، هیچیش ڕووینەدا."

کاتێک وەڵامی بەرپرسانی کوردم دەبیست، هەمان پرسیارم ئاراستەی بەرپرسانی شیعە دەکرد، کاتێک ڕاستەوخۆ بۆ کاری ڕۆژنامەوانی دەچوومە لایان، دیاربوو ئەوان ئاگایان لە ڕوودانی شتی گەورەبوو، دەیانگوت "چاوەڕێ بکە، بزان چی ڕوودەدات‌!" هێندەی تر دڵنیادەبووم، شتی گەورە بەڕێگەوەیە...

ڕاستە ئەوکات خەڵک بەو شێوەیە فریودرا، گوایە ئەمریکا و ئیسرائیل لە پشت ریفراندۆم و دەوڵەتی کوردییەوەن، ڤیدیۆی فرۆکە نیشاندەدرا گوایە هاتوون بۆ پشتگیری کورد، بێ ئەوەی ئەمە ئەسڵ و ئەساسی هەبێت. هەندێک کاربەدەستی خانەنیشینکراوی دەرەکیش هێنرابوون، گوایە ئەمانە پلان داڕێژەری ڕیفراندۆم و دەوڵەتی کوردین، ئەمەش بەشێک بوو لە جۆشدان و بزواندنی هەستی خەڵک.

هەندێک لە لایەنە کوردییەکانیش خرانە ژێر باری ئەمری واقیع تا پشتگیری ڕیفراندۆم بکەن، گەر نەیانکردایە بە نەیاری سەربەخۆیی تۆمەتبار دەکران، بەڵام زۆر کەسایەتی سیاسی کوردی هەبوو دۆخی دوای ڕیفراندۆمی لێوەدیاربوو.

یەکێتی لە سەروەختی ڕیفراندۆمدا بە دۆخێکی پڕ لە پەرتەوازەیی و فرە مینبەریدا تێدەپەڕی، بەشێکیان دژی ریفراندۆم و بەشی زۆریان پاڵپشتبوون، ئەمە دەرفەتێکی باشبوو بۆ بارزانی تا لە ڕێگەی پاڵپشتەکانەوە ئەوانیتریش ناچاری ڕازیبوون بکات، هەرواشی کرد، ئەگەرچی تا دوو ڕۆژ پێش ئەنجامدانی پرۆسەکە، لەناو رێکخستنی ئەو حزبە مشتومڕ بوو لەسەر ئەنجامدان و نەدانی.

خودی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ئەوکاتی حکوومەت، ژیرانە مامەڵەی دەکرد، دیاربوو لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نەبوو، نەشیدەتوانی بە ئاشکرا دژی بێت، بۆیە هەمیشە دەیگوت: "ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نییە لە عێراق". تەنانەت دوای ڕیفراندۆم و کۆنترۆڵکردنی کەرکووکیش لەلایەن عێراقەوە، کاتێک نێوان یەکێتی و پارتی گەیشتە ئاستی جنێودان بە"دایک و باوک"ی یەکتری، نێچیرڤان نەیهێشت شەڕەکە بڕواتە ناو حکوومەتەکەی، بۆیە یەکێتی و پارتی وەکوو حزب نێوانیان وێرانبوو، بەڵکوو دۆخەکە ناو حکوومەت شتێکی تربوو.

ڕەنگە بارزانی ئەوکات تێگەشتنی هەبووبێت بۆ خراپی دۆخەکە و مەترسییەکانی ڕیفراندۆم، فشارەکانی سەریشی گەورەبوون، بۆیە لە کەرنەڤاڵێکدا گوتی: "هێندە حساب بۆ کەس ناکەین". بەڵام کشانەوەی بە عەیبە دەزانی، قووڵیی ناکۆکییەکانیشی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق وایکرد بێ لێورد بوونەوە، درێژە بە یارییەک بدات ئەوسەری دیار نەبێت.

کاتێک پرۆسەکە ئەنجامدرا و مەترسییەکانی لێکەوتەکانی پرۆسەکە ڕوون‌بوویەوە، بارزانی هاتە سەر تی ڤی و وتارێکیدا، ڕایگەیاند: "ڕیفراندۆم بۆ جیابوونەوە نەبووە، داوا لە سەرۆک وەزیران عیبادی دەکەم هەوڵی هێورکردنەوە بدات."

دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، قۆناغی ۱۶ ی ئۆکتۆبەر و هێرشی ئێران و عێراق بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان دەستیپێکرد، بێگومان بەڕەزامەندی و پاڵپشتی تورکیا و بەسوود وەرگرتن لە بێدەنگی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کە ئەوکات لەسەر گوێڕایەڵی نەکردنیان لەهەرێم نیگەران بوون.

لەشکرکێشی بۆ سەر ناوچە کێشەلەسەرەکان گەورە و فراوانبوو، لەبەرامبەریشدا هێزی کوردی پەرتەوازە و ماندوو، لەڕووی ژمارە و چەک و تەقەمەنییەوە شەڕێکی ناوهاوسەنگ. ڕەنگە گەر بەشێک لە یەکێتی نەچووبایەتنە ناو هاوکێشەی تاکلایەنەی ڕێککەوتنەوە دۆخەکە ئاقارێکی تری وەرگرتبا، بە تایبەت دوور نەبوو گەر کوشتاری زۆر ڕوویدابایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ناچاربوون بێنە دەنگ.

بەڵام لێرەدا هاوکێشەیە تر دەهاتە پێشەوە، گەر شەڕەکە بەردەوام بایە، کوشتاریش ڕوویدابا و گڵۆپی سەوزی دەرەکی بۆ لەشکرکێشییەکە درێژەی بایە، ئەوکات دۆخێکی تر ڕوویدەدا، خەڵکی زۆر ئاوارەو دەربەدەر، تەواوی حزبە کوردییەکانیش لەکەرکوک دەردەکران و ئێستا هاوشێوەی پارتی ڕێگەی گەڕانەوەیان پێنەدەدرا.

 

پرسیارەکە ئەوەیە: ئایا ۱۶ ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوو؟

۱۶ی ئۆکتۆبەر خیانەت بوو، چوونکە نەدەکرا تۆ لەلایەک پشتگیری ریفراندۆم بیت و لەلاکەی تریش بچیتە ڕێککەوتنێکی ترەوە، دەبووایە گەر لەگەڵ ریفراندۆمیت هەڵوێستەکەت تا سەر بایە، گەر دژیشی بووی هەر لە سەرەتاوە دژ بای.

لەگەڵ ئەوەشدا، خیانەتی ۱۶ ی ئۆکتۆبەر هۆکاری لەدەستدانی ناوچە کێشەلەسەرەکان نەبوو، بەڵکوو ۱۶ ی ئۆکتۆبەر دەرئەنجامێکی جوزئی ڕیفراندۆم بوو، گەر ریفراندۆم نەکرایە، گەلە کۆمەی ئیقلیمی و لەشکرکێشی بەو جۆرە ڕووی‌نەدەدا. خۆ گەر ریفراندۆمیش نەکرایە، ڕووداوەکان بە شێواز و جۆری تر ڕوویان‌دەدا، بەتایبەت ڕەنگە کەرکووک وەکوو شار چاوپۆشی مانەوەی لە ژێر دەسەڵاتی کوردی تاڕادەیەک لێکراباو گرتنەوەی زۆر دواخرابا، بەڵام کێڵگە نەوتییەکان بە "هێز بایە یان ڕێز" لە کورد دەسەنرایەوە.

 

ئەی گەر ڕیفراندۆم سەری گرتایە و لەشکرکێشیش نەکرایە چی ڕوویدەدا؟ ئەی کوا تاپۆ ڕەشەکەی ریفراندۆم؟

خۆ گەر ریفراندۆمیش سەری گرتبا و بێدەنگیشی لێکرابایە، کورد هیچ دەستکەوتێکی لەو پرۆسەیە دەست نەدەکەوت. هەرێم لە نێو گەمارۆی چەند دەوڵەتێکدایە هەموویان دژی پرۆسەکە بوون، ئەوەتا چەند مانێگە تورکیا ناردنی نەوتی ڕاگرتووە، هەرێمی ناچاری بە تەنازولی دونیا بۆ عێراق کردووە. دۆخی تۆ لە ڕووی جوگرافیاوە بەمشێوەیە بێت، چۆن دەتوانیت بێ حساب کردن بۆ دەوروبەر و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، سوود لە ئەنجامی ڕیفراندۆم وەربگری؟

 

تا ئەم چرکەساتەش بانگەشەی ئەوە دەکرێت گوایە ڕیفراندۆم تا پۆی ڕەشە!

تاپۆی ڕەش، واتاکەی ڕوونە، بێگومان دەبێت لەکاتی پێویستدا بەکاربهێنرێت و ئاقاری ململانێکەی بەلای بەرژەوەندی خۆتدا پێ یەکلایی بکەیتەوە. هەرێم ئێستا لەهەمووکات کۆڵەوار و دەردەدارترە، بەغدا حسابی بۆ ناکات، ئێران و تورکیا خنکاندوویانە، گەر ئەم بانگەشە دروستە، ئیتر ئەم تاپۆ ڕەشە بۆ کەی؟ چ کات لە ئێستا زەروورترە؟!

 

لەکۆتاییدا پێویستە بپرسین: ئایا لێکەوتە دوور مەوداکانی ڕیفراندۆم چین؟

بێ‌گومان وەک سەرەتا ئاماژەم پێکرد، لەدەستدانی ٥١٪ خاکی هەرێم، یەکخستنی هەڵوێستی تورکیا و ئێران و لەیەکترنزیک‌بوونەوەیان، نیگەران‌بوونی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە گوێ لێنەگرتنیان، دەستبەرداربوونی بارزانی لە پۆستی سەرۆکی هەرێم، دروستبوونی مەترسی لەسەر ناوچەکانی ناوچوارچێوەی هێڵی ۳۶، هەروەها گەورەبوونی قەیرانی ئابووری لەوکاتەدا کە دواجار بەناچاری بەشێک لە بۆری نەوت بە کۆمپانیای روزنەفت فرۆشرا بۆ دابینکردنی بودجەو لەدەستدانی کێڵگە نەوتییەکانی کەرکوک، هەموو ئەمانە لێکەوتە هەنوکەییەکانی ئەوکاتی ڕیفراندۆم بوون.

لە سەروبەندی ۱۶ ی ئۆکتۆبەردا، پارتی لە ڕێگەی ڕاگەیاندنەوە، ژیرانە هەموو تۆپەکەی لە سەری یەکێتیدا شکاندەوە، هەموو کێشەکانی گێڕاندەوە بۆ تەنها ڕۆژێک، کە ڕۆژی ۱۶ ی ئۆکتۆبەربوو...چاوی لەسەر ریفراندۆم و ئەو گەلە کۆمە ئیقلیمییە لادا کە بووە هۆی ڕوودانی ۱۶ی ئۆکتۆبەریش. ئەم هەنگاوەی پارتی بۆ کاتی خۆی هەنگاوێکی ژیرانەبوو، بۆ لابردنی چاو لەسەر هەڵە گەورەکانی خودی بارزانی، بەڵام بۆ درێژ مەودا و بەتایبەت لەمەودوا، وردە وردە شتەکان ڕوون دەبنەوە و خەڵکیش لە هاوکێشەکان تێدەگات.

هێدی هێدی لاوازبوونی پشتگیرییەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ هەرێم، متمانە نەبوونی یەکێتی و پارتی بۆ یەکخستنەوەی هێزەکان، تۆخبوونەوەی دابەشبوونە ئیقلیمییەکان، کۆڵنەدانی تاران و ئەنکەرە لەسەر قاڵبدانی هەرێم و نەڕەوینەوەی ترسەکانی سەردەمی ڕیفراندۆمیان، قوڵبوونەوەی درزی ناکۆکی نێوان هەرێم و بەغدا و چێژ وەرگرتنی عێراق لە ئازاردانی زیاتری هەرێم، هەموو ئەمانە بەشێکن لە لێکەوتەکانی ڕیفراندۆم.

بۆیە ئێمە لە هەرێمی کوردستان پێش ڕیفراندۆم نیمچە دەوڵەتێک بووین، بەڵام دوای ۳۰ ساڵ مووچەی مانگێکمان پێنادرێت، چاومان لەدەستی بەغدایە و لە ئەندامێکی شۆڤێنی لیژنەی دارایی دەپاڕێینەوە تا سکاڵا تۆمار نەکات لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێم، ئەمە دەلالەتە لەوەی هەرێمەکەمان نەک گەیشتووەتە ئاستی هەرێمۆچکە، بەڵکوو لەسەرە مەرگیشدای.

News Code 222189

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha