بەپێی هەواڵی کوردپرێس، د. ئەلیزا مارکووس لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئالمۆنیتۆر سەبارەت بە دۆخی کوردانی سووریا جەخت دەکاتەوە کە هێشتا زووە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆتایی لە داهاتووی کوردانی ئەم وڵاتە. بە وتەی ئەو، هەرچەندە ڕێککەوتنێک بۆ تێکەڵکردنی هێزە کوردییەکان لەگەڵ حکوومەتی دیمەشق کراوە، بەڵام هێشتا ڕوون نییە ئەم تێکەڵبوونە لە پڕاکتیکدا چۆن جێبەجێ دەبێت و چ جۆرێک لە سیستەمی بەڕێوەبردن لە ناوچە کوردنشینەکاندا درووست دەبێت. ئەو بە تایبەتی ئاماژە بە ناڕوونییەکان دەکات لە هەندێک بوار وەکوو سیستەمی خوێندن، ئاستی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان و ڕادەی دەستێوەردانی حکوومەتی ناوەندی.
لە هەمان کاتدا، ناوبراو ڕوون دەکاتەوە کە کوردەکانی سووریا، پێچەوانەی هەندێک ڕەوایەتی ڕەخنەگر، «هەموو شتێکیان لەدەست نەداوە». بە وتەی ناوبراو، تەنها ئەوەی کوردەکان ئێستا وەک بەشێک لە پێکهاتەی سیاسیی سووریا ناسراون و داواکارییەکانیان لە ئاستی نیشتمانی دەخرێتەڕوو، خۆی گۆڕانکارییەکی گرنگە.
مارکووس هەروەها ڕۆڵی بنەڕەتیی ڕەوتە نزیکەکان لە پارتی کرێکارانی کوردستانی تورکیا (پ.ک.ک) لە درووستکردنی ڕێکخستنی سیاسی لە باکوور و ڕۆژاوای سووریا بەرز دەکاتەوە. بە وتەی ئەو، ئەم هێزانە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا دامەزراوە ناوخۆییەکان، پێکهاتەی کارگێڕی و ئەزموونی بەڕێوەبردنیان درووست کردووە و ئەم دەستکەوتانە بە ئاسانی لەناو ناچن.
ناوبراو لە بەشێکی دیکەی قسەکانی دا ئاماژە بە ئەگەری گۆڕان لە پەیوەندیی نێوان شاخه سوورییەکانی ئەم ڕەوتە و سەنتەری پ.ک.ک دەکات. بە باوەڕی مارکووس، دۆخی نوێ دەتوانێت دەرفەتێک بۆ زیادکردنی سەربەخۆیی کاری کوردانی سووریا درووست بکات، بە شێوەیەک کە لە چوارچێوەیەکی «نیمچە سەربەخۆ»دا کار بکەن، بەڵام هێشتا کاریگەری ئایدیۆلۆژیای پ.ک.ک لەسەریان بمێنێت.
مارکووس لە بەشێکی تر لە وتارەکەیدا، بڕیاری ڕێبەران کوردی سووریا وەک مەزلووم کوبانی بۆ گەیشتن بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق پشتیوانی لێدەکات و ئەوە بە «تەنها هەڵبژاردەی ڕاستبینانە» دەزانێت لەو کاتەدا. بە وتەی ئەو، لە کاتێکدا کە مەترسیی شەڕ لەگەڵ حکوومەتی سووریا و هەروەها فشارەکانی تورکیا هەبوو، و پشتیوانیی نێودەوڵەتی کەم بووبووەوە، بەردەوامبوونی بەرگریی سەربازی هەڵبژاردەیەکی کارا نەبوو.
لە کۆتاییدا، لە ڕوانگەی ئەم شرۆڤەکارەوە، دۆخی کوردانی سووریا لە قۆناغێکی گواستنەوەدایە: نە دەتوانرێت باس لە شکستی تەواو بکرێت و نە لە سەقامگیریی دەستکەوتێکی جێگیر؛ بەڵکوو داهاتووی ئەم ڕەوتەیە بە شێوەی بەڕێوەبردنی ڕێککەوتن لەگەڵ دیمەشق و ئاستی توانای کوردان لە پاراستنی نفووزی سیاسیی خۆیانەوە پەیوەستە.
Your Comment