پڕۆسەی تێکەڵبوونی دامەزراوە کوردییەکان لەناو حکوومەتی سووریادا ڕاگیراوە

پڕۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، لە دوای ڕاوەستانی ئاڵوگۆڕی زیندانیان و زیادبوونی دەستگیرکردنی لایەنی بەرامبەر، ڕووبەڕووی ئاستەنگێکی جدی بووەتەوە و مەلەفی زیندانیان بووەتە گرنگترین کۆسپ لەبەردەم جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا.

کوردپرێس: بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "الشرق الاوسط" پڕۆسەی تێکەڵبوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەگەڵ دەوڵەتی سووریا، بەهۆی ناکۆکی لەسەر پرسگەلێکی وەک مەلەفی زیندانیان و دەستگیرکردنەکان، تووشی پەککەوتن بووە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولای خستووەتە ژێر مەترسییەوە.

سەرچاوە هەواڵییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە ئاڵوگۆڕی زیندانیان لە نێوان حکومەتی سووریا و "هەسەدە" کە لە مانگی ئاداری ڕابردووەوە دەستی پێکردبوو، لە ناوەڕاستی نیسانەوە ڕاوەستاوە و بە بابەتە سیاسییەکانەوە گرێ دراوە؛ ئەمەش وای کردووە پڕۆسەی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ٢٩ی کانوونی دووەم خاو ببێتەوە.

لەو بارەیەوە، عەبدولکەریم عومەر، یەکێک لە بەرپرسە باڵاکانی "بەڕێوەبەریی خۆسەری کورد" بە الشرق الاوسط-ی ڕاگەیاندووە کە هێشتا هەندێک پرس پێویستیان بە "گفتوگۆ و ڕێککەوتنی زیاتر" هەیە. بە گوتەی ئەو، مەلەفی زیندانیان و گەڕانەوەی ئاوارەکان لە پێشینەی کارەکاندایە و هەردوولاش پابەندن بە جێبەجێکردنی تەواوی ڕێککەوتنەکە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە کەسوکاری زیندانیانی "قسد" لە شارە جیاوازەکان، لەوانە حەسەکە، گردبوونەتەوە و داوای ئازادکردنی ڕۆڵەکانیان دەکەن. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە دەستگیرکردنی بەرامبەر لەلایەن هەردوولاوە لە پارێزگاکانی حەسەکە و ڕەققە دەکەن.

ناوبراو بە جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیی بەدواداچوون بۆ مەلەفی زیندانیان وتی: "ئێمە پابەندین بە جێبەجێکردنی تەواوی بڕگەکانی ڕێککەوتنەکە و ئەم ڕێککەوتنە چوارچێوەیەکی گرنگە بۆ هاوکاری نێوان بەڕێوەبەریی خۆسەر و حکومەتی گواستنەوەی سووریا."

عەبدولکەریم عومەر ئەوەشی خستە ڕوو کە پلانی تێکەڵبوونەکە دامەزراوە سەربازی، ئەمنی و کارگێڕییەکان دەگرێتەوە، بەڵام دەبێت تایبەتمەندیی ناوچە کوردییەکانیش لەبەرچاو بگیرێت. بە گوتەی ئەو، سەرگرتنی ئەم پڕۆسەیە پێویستی بە متمانەسازی و دوورکەوتنەوە لە گرژییە سیاسییەکان هەیە.

 هاوکات، سەرچاوە کوردییەکان ڕایانگەیاندووە کە هەندێک لە خێزانەکان نیگەرانن لە نەبوونی دەرفەتی چاوپێکەوتن لەگەڵ زیندانییەکانیان لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن، بەتایبەتی لە حەڵەب.

ئەم بەرپرسە کوردەی سووریا هەروەها ڕایگەیاند کە گەڕانەوەی ئاوارەکان هێشتا یەکێکە لە کارە لەپێشینەکان. بە گوتەی ئەو، تا ئێستا نزیکەی ١٤٠٠ خێزان بۆ عەفرین گەڕاونەتەوە، بەڵام هەزاران خێزانی دیکە لە ناوچەکانی جەزیرە و کۆبانی هێشتا چاوەڕێی گەڕانەوەن. هەوڵەکان بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپیش بەردەوامن.

لەلایەکی دیکەوە، هەندێک پرسی سەرەکی؛ لەوانە شێوازی تێکەڵبوونی یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) لەناو پێکهاتەی وەزارەتی بەرگری سووریا، خوێندن بە زمانی کوردی، دانپێدانان بە بڕوانامە پەروەردەییەکانی بەڕێوەبەریی خۆسەر و بابەتەکانی پەیوەست بە دەزگای دادوەری، هێشتا بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە.

لە هەمان چوارچێوەدا، سیپان حەمۆ، جێگری کوردی وەزیری بەرگری لە دەوڵەتی کاتیدا، بەستنەوەی مەلەفی زیندانیانی بە فشارە سیاسییەکان وەک کارێکی "ناڕەوشتی" وەسف کرد و وتی کە پڕۆسەی ئاڵوگۆڕی زیندانیان بە شێوەی قۆناغ بە قۆناغ، ڕێگەیەکی هەڵە بووە.

لە بەرامبەردا، ئەحمەد هیلالی، وتەبێژی تیمی سەرۆکایەتی بەرپرس لە بەدواداچوونی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە، ڕایگەیاند کە دواکەوتن لە ڕادەستکردنی هەندێک دامەزراوە، بەتایبەت دادگاکان لە قامیشلۆ، کاریگەری نەرێنی لەسەر مەلەفەکانی دیکە و لەوانە پرسی زیندانیان هەبووە.

بەپێی ئامارە بڵاوکراوەکان، لە مانگەکانی ڕابردوودا چەند قۆناغێکی ئاڵوگۆڕی زیندانیان ئەنجام دراوە کە لە دواین حاڵەتدا، نزیکەی ٤٠٠ کەس لە هێزەکانی "قسد" لە بەرامبەر ٩١ زیندانیدا ئازاد کراون. پێش ئەوەش سەدان کەس لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی هاوشێوەدا ئاڵوگۆڕ کرابوون.

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕاپۆرتەکان باس لە بەردەوامیی دەستگیرکردنی بەرامبەر دەکەن. سەرچاوە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە کە هێزەکانی "قسد" لە حەسەکە چەند کەسێکیان دەستگیر کردووە و لە بەرامبەریشدا، هێزە حکومییەکان کەسانێکی نزیک لە "قسد"یان لە ڕەققە دەستگیر کردووە.

چاودێران پێیان وایە بەردەوامیی ئەم دۆخە دەتوانێت پڕۆسەی متمانەسازی نێوان هەردوولا لاواز بکات و گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی بۆ تێکەڵبوون ڕووبەڕووی سەختی زیاتر بکاتەوە.

News ID 227102

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha