بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وەزارەتی پێشمەرگە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، چەند ڕۆژێکە دەنگۆی ئەوە بڵاودەکرێتەوە کە گوایا هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ پێشمەرگە ڕاگیراون. ئەم دەنگۆیانە بێ بنەمان و پرۆسەی پاڵپشتییەکان بەپێی ئەو لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی لە نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە کە لە پێناو سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە واژۆ کراوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، تەنیا هاوکارییەکانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش وەستاون، ئەویش بەهۆی سنووداربوون و کەمبوونەوەی چالاکییەکانی تیرۆریستانی داعش.
وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت، "هاوکارییە دارایی و لۆجیستییەکانی ئەمریکا، کە بەپێی خشتەیەکی کاتیی دیاریکراو، ڕێکخراون، دوا کاتی کۆتاییهاتنی ئەم لێکتێگەیشتنە، مانگی (ئەیلول/۹)ـی ساڵی ۲۰۲۶ـە. چاوەڕوانیش دەکرێت لە ماوەی ئایندەدا، گفتوگۆکردن بۆ واژۆکردنی لێکتێگەیشتنێکی نوێ لە نێوان هەردولادا بێتە ئاراوە".
ئەوەلەكاتێكدایە كە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا پڕۆژەیاسای بودجەی ۲۰۲۷ـی رەوانەی کۆنگرێس کرد و ۳۰۳ ملیۆن دۆلاری بۆ راهێنان و پڕچەککردنی هێزە هاوبەشەکانی دژی داعش لە عێراق و سووریا داواکردووە.
لە کۆی بوودجەکە، ۱۱۹ ملیۆن دۆلار بۆ هێزە ئەمنییەکانی عێراقە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک بۆ هێزەکانی پێشمەرگە تەرخان نەکراوە. هەروەها ۱۳۰ ملیۆن بۆ سووریا و ۳۶ ملیۆن بۆ لوبنان دیاریکراوە.
Your Comment