سەرکردایەتی کورد دەبوو لەسەردەمی بەعسدا ڕیفراندۆمیان کردبا

مەسعوود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و سەرۆکی دەزگای ستاندەر لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وێڕای ڕەخنە گرتن لە بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئەگەرچی خۆم یەکێک بووم لە نەیارانی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم بەڵام سەرکردە کوردەکان یا نەدەبوو ڕیفراندۆم بکەن یان ئەگەر کردیان نەدەبوو پەشیمان ببنەوە و بەدواداچوونیان لە دادگای فیدراڵ بۆ کردبا.

مەسعوود عەبدولخالق چاودێری سیاسی و سەرۆکی دەزگای ستاندەر لە گفتوکۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وێڕای ڕەخنە گرتن لە بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە ساڵی 2017، ڕایگەیاند: لە بارەی ڕیفراندۆم ڕاستیی ئەوەیە کە ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چوار میللەتی ئەساسین کورد، عەرەب، تورک و فارس هەریەکەیان دەوڵەتی خۆی هەیە و زۆر ئاساییە کە کوردیش دەوڵەتی خۆی هەبێت. هەر پڕۆژیەک لە بۆ چاکسازی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەگەر ئەو خاڵەی تێدا نەبێت کە هەر چوار میللەت و کەمایەتییەکانی دیکەش دەوڵەتی خۆیان هەبێت، مادام یان ئەوان دەوڵەتیان نەبێت یان ئەبێت هەموو پێکەوە خاوەن دەوڵەت بن. ئەمە حەقێکە و مافێکە کە کورد بەپێی قەرارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان مافی بەدەوڵەت بوونی هەیە، بەڵام ئەوەی کێشە بوو ئەوەیە کە سەرکردایەتی ئێستای کورد لەکات و ساتێکی زۆر خراپ ڕیفراندۆمی جاڕ دا. ئیشی لەبۆ نەکردبوو دوای ئەوەش سەردەمێک کردی کە عێراق زۆر جیا بوو لەو سەردەمەی کە حیزبی بەعس لەسەر حوکم هەبوو، دەبوا ئەو کاتەی کە حیزبی بەعس لەسەر حوکم بوو ڕیفراندۆمیان کربا و ئێعلانی دەوڵەتی کوردستانیان کردبا و لە نێودەوڵەتیش قەبووڵ دەبوو. چوونکە ئەوەی بینیمان لەو ڕیفراندۆمەدا ئیجماعێکی دوەلی هەبوو هەر لە نەتەوەیەکگرتووەکان لە هێزەکانی هاوپەیمانان و جەوامێعی عەرەبی و تەنانەت ڕووسیا و چین و هەموویان ئیجماعێکی زۆر دەگمەنیان هەبوو کە دژی ئەو ڕیفراندۆمە وەستانەوە.

سەرۆکی دەزگای ستاندەر زیادی کرد: دوو شوێن هەیە لە جیهان کە زۆر حەساسن یەکیان شەرقولئەوسەتە و پێوەندیی بە کۆنگرەی Syspico هەیە دووهەمیان ناوەڕاستی ئەفریقایە و پێوەندیی بە کۆنگرەی بەرلین هەیە. یەعنی ئەم دوو شوێنە مەبدەعێک هەیە کە پێی دەگوترێت «نابێت دەستکاریی میراسی ئیستیعماری بکەی» ئەوەش ئەم دوو شوێنەیە. بۆیە سەرکردایەتیی ئێمە نەیزانی یان نازانم هەروا بەبێ ئاگاییەوە چووەناو ئەو بابەتەی کە زۆر خراپ دۆڕاندمان. یەعنی کە ناو نراوە پرسی کورد وەکوو عەمەلیاتی دڵ و مێشکە بەوشێوەیە نەکگرا، هەر لەبەر ئەمەش زەرەر و زیانێکی زۆر بەر کورد کەوت کە زەرەر و زیانەکان هەتا ئێستاش بەردەوامە و واپێدەچێت تا 10 ساڵی دیکەش ئەو زیانە بەردەوام بێت.

ناوبراو وێڕای ڕەخنە گرتن لە سەرکردایەتیی ئەو کاتەی کورد لەسەردەمی ڕیفراندۆم و نەگەیشتن بە ئەنجامێکی ئەرێنی لەو ڕیفراندۆمە بە کوردپرێسی وت: ڕیفراندۆم لەبەر ئەوەی دەسکەوتی نەبوو کە سەرکردایەتیی کورد پەشیمان بوویەوە هەموو دۆستان و خەڵک و بۆ خۆیشم وتمان ڕیفراندۆم مەکە بەڵام کاتێک کە کردی نەئەبوا پەشیمان بێتەوە یەعنی دەبووایە بچووبنایەتە دادگا و لە دادگای فیدراڵی کە سێ جار بانگی کردن بیانگوتبا ئەو مافە حەقە، بەڵام نەچوون. ئەمەش پرسیارە کە بۆچی لەپرسی نەوت وابەرامبەر مەحکەمەی ئیتیحادی ڕادەوەستن کەچی لە پرسی ڕیفراندۆمدا یەکسەر تەسلیم بوون و هیچ موناقشەیەکیان نەکرد. بۆیە بەڕای من ڕیفراندۆم هیچ سوودێکی نەبوو و تەنها زەرەر و زیان نەبێت.

مەسعوود عەبدولخالق گەورەترین زیانی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆم نەمانی کونترۆڵی کوردەکان بەسەر کەرکووکدا دەزانێت و دەڵێت: گەورەترین زەرەر و زیان ئەوە بوو کە هێزەکانی ئەمریکا و بەریتانیا و عێراق پێکەوە کە پێدەچێت هێزی ئێرانی و تورکیاشی لەگەڵ بێت، پەلاماری کوردستانیا دا و کەرکووک و ئەو ناوچانەیان داگیر کردەوە و کورد تا ئێستاش لەو ناوچانە کەوتۆتە ژێر ئازاری تەعریب. زۆر بەداخەوە ئەوە هەم غەدرێک لە کورد کرا و هەم سەرکردایەتیی کورد خۆشی ئەو غەدرەی دروست کرد. بەڵام بەگشتی ڕیفراندۆمی 2017 زەرەرەکانی زۆر بوو و قەبارەی هەرێمی کوردستان ئەگەر ئەو ڕیفراندۆمە نەکرابا ئێستە لە پێگەیەکی دیکە بوو و قەبارەی گەورەتر بوو و هێزی قانوونیی گەورەتر بوو و ئەم لێکدابڕانە نەدەبوو پرسی مووچە و زۆربەی پرسەکانی تر وایلێنەدەهات کە ئێستا بەسەریدا هاتووە. لایەنی دیپلۆماسی هەرێمیش کە ئێستا زۆر سست بووە هۆکارەکەی هەر بۆ لێکەوتەکانی ڕیفراندۆمی 2017 د ەگەڕێتەوە.

News Code 224134

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha