ڕەخنەی توندی یەکێتی لە پارتی بەبۆنەی بەڕێوەبردنی ڕیفراندۆمی سەربەخۆی کوردستان

لە یادى حەوت ساڵەى ڕیفراندۆمدا، مەکتەبی سیاسی یەکێتى ڕایگەیاند، دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم وا نەکەوتەوە کە هیوای سەربەخۆیی کوردستان بەدیبهبێنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە حەوتەمین ساڵیادى ڕیفراندۆمدا پەیامێکى بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، دەبوایە لە ڕیفراندۆمی ۲۵/۹/۲۰۱۷دا، بە ڕەچاوکردنی هاوسەنگی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی، بە خوێندنەوەی وردی هەلومەرجی وڵات و بە هەماهەنگی لەگەڵ دۆستانی گەلەکەمان کە ئامۆژگاری و پێشنیازی  دۆستانەیان کردین لە دۆخێکی باشتری تەبایی و یەکڕیزی ناوخۆییدا، پەیڕەوی کرابا، بۆ ئەوەی لە دەرئەنجامە باش و خراپەکانیشدا هەمووان پێکەوە شانیان دابایە بەر بەرپرسیارێتی و ئەرکەکان.

ئەوەش خراوەتەڕوو،  بە داخەوە دەرئەنجامەکانی ڕیفراندۆم وا نەکەوتەوە کە هیوای سەربەخۆیی کوردستان بەدیبهبێنێت، جا لەجیاتی ئەوەی سەرکردایەتی ئەوسای ڕیفراندۆم، بە تایبەتیش باڵی سەرکردایەتی خۆسەپێن و قۆرخکاری ناو  پارتی، شان بداتە بەر ئەرکەکانی چارەسەرکردنی لێکەوتەکان و ساڕێژی برینەکانی دوای شکست، کەچی بە خیتابی ناڕەوا و نا بەرپرسانەی تەخوین و درز خستنە ڕیزەکانی گەلەوە، مامەڵەیان لەگەڵ دەرئەنجامە چاوەڕوانکراو و نەخوازراوەکانی پرۆسەی ڕیفراندۆمدا کرد.

مەکتەبی سیاسی یەکێتى لە پەیامەکەیدا ئاماژەى بەوەش کردووە، لە جێبەجێ کردنی بەڵێنی سەربەخۆیی پاشگەزبوونەوە و پرۆسەی ڕیفراندۆمیان کردە دەسکەلای موزایەدەی ناوخۆیی و بە کردەوەش خاکی کوردستانیان، لە ناوچە دابڕاوەکان، بۆ قەدەری کەینوبەینی ژێربەژێر و موساوەمەی نابەرپرسانە بەجێهێشت، بەتایبەت کە ئەوکات جومگە سەرەکییەکانی حکومڕانیان بە دەست بوو، بۆیە لە ئاستی دەرەوە دەستیاندا بە خۆچەماندنەوە و سڕکردنی ئاکامی ڕیفراندۆمەکە و پاڕانەوە و   سازش لەسەر سازش، لە ئاستی ناوخۆشدا شانازی درۆزنانەی بە ڕیفراندۆمێکی بێ ئاکامیان ،کردە گوتارێکی سیاسیی هەرزان،  بێ گوێدانە دەرئەنجامە خراپەکانی دواتر لە کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان. هەر ئەو کاتەش یەکێتی و  هێزی پێشمەرگەی یەکێتی ئازایانە لە مەیدانی نەبەردیدا شەهید و قوربانیان بەخشی و بۆ پاراستنی خەڵکەکەشمان بەدیدێکی دوورمەودای نەتەوەییانە ڕێی مانەوە و خۆڕاگری بەرپرسانەیان گرتەبەر، لە کاتێکدا لایەنی تر لە کۆڕی رووبەرووبونەوەدا هەڵهاتن و لە سەکۆی هاشوهوشی ئیعلامیشدا تۆزی شکستیان بە تەخوین و تۆمەتبارکردنی هێزە نیشتمانییەکان داپۆشی و نەیانهێشت هەلومەرجی هەڵسەنگاندنێکی دروست و بابەتی بۆ پرۆسەکە بێتە کایەوە تاوەکو کەمتەرخەم و لایەنی بەرپرس لە شکستەکەی ڕیفراندۆم و بەدواهاتووەکانی لە ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا، دەستنیشان بکرێت.

News Code 224130

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha