بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەباحات ئەردۆغان ساریتاش، نوێنەری دەم پارتی لە پەرلەمانی توركیا به ئاژانسی هەواڵی فورات نیوزی ڕاگەیاندووە: "هەرکەسێک کێشەی کورد چارەسەر نەکات خۆی هەڵدەوەشێتەوە دروشم نییە، بەڵکوو ڕاستییەکی مێژوییە، دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە ناتوانێت لە ئەزموونی ئەم چارەنووسە ڕزگاری بێت".
سەباحات ڕاشیگهیاند، "لە ڕاستیدا ئەم حکوومەتە نە دەسەڵاتی هەیە و نە بەختی ئەوەی ههیه لەلایەن گەلی کوردەوە قبووڵ بکرێت بۆ چارەسەرکردنی پرسێکی گەورە وەک پرسی کورد، کە مەودایەکی زۆری تێپەڕاندووە و لە ڕاستیدا گەیشتوەتە ئاستی نێودەوڵەتی، کاتێک سەیری ئەم وێنەیە دەکەین تەنها یەک ئارگیومێنت هەیە ئەویش پێداگری حکوومەتە لە چارەسەرنەکردنی ئەم پرسە".
ئاماژهی بهوهش كرد، لهماوهی 100 ساڵی ڕابردوودا سیاسهتهكانیان لهسهر ئینکاری، لەناوبردن و تەسمیلەکردن چڕکردوتەوە، بە تایبەت ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا بەدەست هاتووە بەڵگەیە بۆ ئەوەی کە بەم سیاسەت و عەقڵیەتە گەڕاینەوە بۆ سەرەتای کۆمار.
سەباحات ئەردۆغان ئهوهشی خستهڕوو، "چارەسەرنەکردنی پرسی کورد و پەرەسەندنی توندوتیژیەکان دەتوانرێت بۆ ماوەیەک بەردەوام بێت. لە بنەڕەتدا ئەوە چیتر شێوازێکی توندوتیژی نییە کە تەنها لەسەر بنەمای چەک یان ئامڕازەکانی تر بێت، بەڵکوو ناونیشانێکی جیای هەیە کە ئێمە پێی دەڵێین سیاسەتی شەڕی تایبەت و ئەوەش مەترسیدارترین شێوازیەتی، لەشفرۆشی و ماددەی هۆشبەر لە شارەکانی کوردستان بەو ڕێگەوە پەرەی پێدراوە ئەمە بە ڕێکەوت نییە".
ههروهها وتیشی، "ئامانجی سەرەکی هێرشەکان ژنان و گەنجانن، هەر لەبەر ئەم هۆکارە بە گرنگی دەزانین ژنان و گەنجان سەبارەت بەو سیاسەتانە زۆر هۆشیار و هەستیار بن، لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەکانەوە، نەک هەر لە تورکیا یان پەیوەندیدار بە کوردەوە، بەڵکوو لە هەموو جیهاندا، ئامانجی سەرەکی ئەم سیستەمانە ژنان و گەنجان بوون، بۆیە دەبێت زۆر بە هۆشیارییەوە نزیکی دۆخەکە ببنەوە".
سەباحات ئەردۆغان باسی لەوەش کرد، "کەسانێک بەهۆی قسەکردن بە زمانی کوردی، گۆرانی کوردی یان سەماکردن دەستگیرکران، بە گشتی سیاسەتی حکوومەت قەدەغەکردنی زمانی کوردییە، حکوومەت بەردەوامە لە بڵاوکردنەوەی توندوتیژی لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بە هەوڵدان بۆ زیندوڕاگرتنی گرژیی، دوژمنایەتی، دژایەتی و ڕەگەزپەرستی، ساڵانێکە لە ڕێگەی کورد، ئەرمەنی، عەلەوی، ژنان، ڕۆژنامەنووسان، هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا کاری لەسەر دەکات و بە واتایەکی تر هەرکەسێک ناڕەزایەتی دەرببڕێت، دەخرێتە بەرنامەی کارەکانیانەوە".
ئهوهشی وت، "هەموو ئەوانە لە ڕاستیدا ئەوەمان بۆ دەردەخەن کە بلۆکی دەسەڵاتدار چیتر هەست بە پێویستی شاردنەوەی ڕوخساری ڕاستەقینەی خۆی ناکات، ئەوەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە سیاسەتەکانیان سەبارەت بە کورد لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و ڕێپێوان و ڕۆژنامەوانی و لە هەموو کایەکانی ژیاندا گەیشتوەتە بنبەست، بەڵام ئەمجارە ڕووبەڕووی هێزێکی گەورەتر و بەڕێکخستنی دیكه دەبێتەوە، کاتێک زیان بە کوردان دەگەیەنن، دەنگ و کاردانەوەکە تەنیا لە ئامەد و وان و مێردین و سیرتەوە نابیستن، ئێستا دەنگ و کاردانەوەکانی لە سەرانسەری جیهانەوە دەبیننەوە".
پهیوهست به كورد زیاتر وتی، "گەلی کورد بە درێژایی ساڵانێکی زۆر توانیویەتی ببێتە هێزێکی بەڕێکخستنی بە هێز و ناوازە، بۆیە بەو سیاسەتانە چیتر ناتوانن تەمەنی حکوومەتی ئاکەپە-مەهەپە درێژ بکەنەوە، ئەوان جگە لە دوژمنایەتی کورد و توندوتیژی بەرامبەری هیچ سووتەمەنییەکیان نییە بۆ مانەوەیان لەدەسەڵات، بەڵام ئەم سووتەمەنییە نایانگەیەنێتە ئەو وێستگەیەی کە دەیانەوێت ئەوان ئیتر شکستیان هێناوە".
سەباحات ئەردۆغان ئەماژەی بە قەدەغەکردنی زمانی کوردیدا و وتی، "ناتوانن بە قەدەغەکردنی ئاهەنگی هاوسەرگیری، یان دانانی قەیوم پێشکەوتن بەدەستبهێنن، گەلی کورد و سیاسەتی کوردستان بەو سیاسەتانەیان ناشارەزا نین، بۆیە ڕێگای ئێمە و شێوازی بەرخۆدانمان ڕوونە، ئێمە هیچ قەدەغەکردنێک ناناسین، بەڵکوو هەنگاوەکانمان لەو بوارانەی بەرژوەندی گەلەکەمانە پەرە پێدەدەین، زیاتر بە زمانی خۆمان قسە دەکەین، ئاوازەکانمان بە دەنگی بەرزتر دەڵێینەوە و بە ئیرادەیەکی مەزنەوە خاوەنداری لە دەستکەوتەکانمان دەکەین، سیاسەتی ئێمە سیاسەتی ژیانە، ئێمە خاوەن مێژوییەکی دوور و دەوڵەمەندین کە بەم جۆرە فێڵ و فریودانانە پاشەکشە بۆ کەس ناکەین".
Your Comment