٢٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٤ - ١٧:٠٦
27مین فیستیڤاڵی گەلاوێژ دواخرا

دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە سەرپەرشتیی مەلا بەختیار کۆبوونەوەیەکی ئەنجام دا و تێیدا بڕیاری دا بە دواخستنی فێستیڤاڵەکە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەستەی باڵای فێستیڤاڵی گەلاوێژ، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بە سەرپەرشتی مەلا بەختیار، سەرپەرشتیاری تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر و فێستیڤاڵی گەلاوێژ، کۆ بووەوە و تاوتوێی بەرنامەی کاری داهاتوی تۆڕەکەی کرد.

مەلا بەختیار لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاند: "لە ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەی ڕابردوو، بنکەی ڕووناکبیریی گەلاوێژ 26 فێستیڤاڵی سازکردووە و لە 25 فێستیڤاڵیشەوە، ئەم بۆنە ئەدەبی و ڕووناکبیرییە، هەنگاوێکی گەورەی نا و بوو بە فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتی".

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، "مەخابن، لەکاتێکدا سەرگەرمی ئامادەکاریدا بووین بۆ 27مین فێستیڤاڵ، دۆخێکی ناهەموار بەسەر تەواوی تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێردا هات، کە بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ، یەکێکە لە ئۆرگانەکانی ئەو تۆڕە، بەو هۆیەشەوە، بارەگا و بەشێکی زۆر لە کەلوپەلەکانی گەلاوێژیش دەستیبەسەردا گیرا".

مەلا بەختیار باسی لەوەش کرد، "ئێمە لە تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەری چاودێر ‌و بنکەی ڕووناکبیری گەلاوێژ، بەرپرسیارێتی هیچ بۆنە ‌و چالاکیەک لە ئەستۆ ناگرین کە بەبێ هیچ ماف و شەرعیەتێک بەناوی بنکەوە سازبدرێت، هەروەک دەسبەرداری مافی یاسایی خۆشمان نابین و رێچکەی یاسایی دەگرینە بەر بۆ پارێزگاری لە ناو و ناوبانگ و شکۆی بنکە و فێستیڤاڵی گەلاوێژ".

لە کۆبوونەوەکەدا، دەستەی باڵای سەرپەرشتی تۆڕی ناوەندی ڕۆشنگەریی چاودێر، جەختی لەوەش کردەوە: "بە هۆی ئەو بارە ناهەموارە و وەک بەرپرسیارێتیەکی پیشەیی ‌و ئەخلاقی بەرامبەر بە ڕەوت و سەنگ و دەسکەوتەکانی گەلاوێژ، بڕیارمان دا بە دواخستنی (27)ەمین فێستیڤاڵ، لێرەشەوە رایدەگەیەنین، ئێمە بەرپرسیارێتی تەواوی 26 فێستیڤاڵی رابردو، دەگرینە ئەستۆ‌و بە ڕێز و شانازیەوە لەو دەسکەوت و پێشکەوتنانە دەڕوانین کە فێستیڤاڵ و تۆڕی ناوەندی رۆشنگەری چاودێر بەدەستیان هێناوە لە چارەکە سەدەی رابردوودا".

هەروەها دەشڵێت: "دامەزراندنی بنکە و سازدانی یەکەمین فێستیڤاڵ، لە ساتەوەختێکدا بوو کە تاکە دەنگێک لە کوردستان، دەنگی چەک ‌و تاکە ڕەنگیش ڕەنگی خوێن بوو، بەڵام گەلاوێژ وەک دەنگ و ڕەنگێکی جیاواز، توانی نائومێدی بڕەوێنێتەوە و ڕێچکەیەکی گرنگ بگرێتە بەر، کە بەرهەمەکەی هەڵکەوتنی دەیان و سەدان قەڵەمی بەبڕشت و جوانبەخشە".

ئاماژەی بەوەش کرد، گشت نوسەران و روناکبیران، دۆستانی گەلاوێژ ئاگادار دەکەینەوە، 27مین فێستیڤاڵی گەلاوێژ بە رەسمی دواخراوە و لە ئایندەیەکی نزیکدا وادەی سازکردنی فێستیڤاڵ ئاشکرا دەکرێت.

هەر لەو کۆبوونەوەیەدا مەلا بەختیار و دەستەی باڵای ناوەندی رۆشنگەری چاودێر، بڕیاریان دا لە 27ەمین فێستیڤاڵەوە، خەڵاتێکی ساڵانە دابنرێت بە ناوی (خەڵاتی ساڵانەی سامی هادی بۆ داهێنان)، بۆ زیندوو هێشتنەوەی یاد و کارەکانی شادڕەوان سامی هادی کە لە 26 فێستیڤاڵی ڕابردوو رۆڵی باڵای لە فێستیڤاڵدا هەبوو.

News Code 224435

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha