عێراق سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پانتسیر لە سلێمانی جێگیر دەکات

وەزیری کارەبای عێراق دەڵێت: بە مەبەستی پاراستنی کێڵگەی گازی کۆرمۆر لە هێرشی فرۆکەی بێفڕۆکەوان، سوپای عێراق ئامادەکاری دەکات سیستمی بەرگری ئاسمانی پانتسیر لە پارێزگای سلێمانی دابنێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیای بەڕێوەبەری کێڵگەکە، بەهۆی هەڕەشە بەردەوامەکان، بەرهەمهێنان و ناردنی گازی بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ڕاگرت. کە بووە هۆی لەدەستچوونی زیاتر لە ١٦٠٠ میگاوات لە توانای بەرهەمهێنانی تۆڕی نیشتمانی کارەبا، کە بەشێکی گرنگی پشت بە گازی کێڵگەی کۆرمۆر دەبەستێت.

کێڵگەی کۆرمۆر پێشتر ١٣ جار ئامانجی هێرشی بە ڕۆکێت و فرۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، ئەوەش وای کردووە کۆمپانیای وەبەرهێنەر و حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای دابینکردنی گەرەنتی دابینکردنی ئاسایشی کێڵگەکە بکەن، لەوانەش جێگیرکردنی سیستمی پانتسیری سوپای عێراق بۆ دروستکردنی چەتری بەرگری ئاسمانی دژی هێرشەکانی درۆن.

بەپێی وتەکانی وەزیری کارەبا، ئەگەر ئەم ڕێوشوێنانە جێبەجێ بکرێن و سیستمی بەرگری دابنرێت، ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا لە ماوەی ١٢ کاتژمێردا دووبارە دەست پێ دەکاتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە حکوومەتی فیدراڵی ڕەزامەندییەکی سەرەتایی بۆ جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوانە داوە، بە تایبەتی لەبەر ئەو قەیرانەی کارەبا کە عێراق لە سەرەتای گەرمای هاوین تووشی بووە و داواکاری بۆ کارەبا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

News ID 227643

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha