نزیکەی ۸۰ هەزار پارچە زەوی کە پشکی فەرمانبەران بوو، لە سلێمانی بە نایاسایی فرۆشراون!

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو زەوییانەی کە بڕیار بوو وەک بدرێنە مامۆستایان و فەرمانبەران، لە لایەن دەسەڵاتدارانی ناوچەکەوە داگیر کراون و مەتر مەتر فرۆشراونەتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕێگەی لاپەڕەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئەم بابەتەی ئاشکرا کردووە و نووسیویەتی: «هەموو ئەو زەوییانەی کە بڕیار وابوو دابەش بکرێن بەسەر مامۆستا و فەرمانبەرانی سلێمانیدا، ئێستا لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە مەتر مەتر دەکرێن و دەفرۆشرێن.»

پەرلەمانتارەکە ڕوونی کردووەتەوە کە تیمێکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە پێکهێنراوە کە بە شێوازێکی بەردەوام و نایاسایی خەریکی کەرتبەندکردنی زەوییەکانن و ناویان ناوە (تازە ئیفراز). پرۆسەکە بە جۆرێکە، ئەو زەوییانەی پشکی مامۆستا و فەرمانبەران بوون، دوای مەتر مەترکردنیان لە لایەن کۆمپانیایەکەوە لە گەڕەکی سەرچنار بە ناوی (ما.....) فۆڕم و ڕێگەپێدانی فەرمییان بۆ دروست دەکرێت.

بەپێی زانیارییەکانی عەلی حەمەساڵح، تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم بابەتە، نزیکەی (٨٠) هەزار پارچە زەوی بە شێوازی نایاسایی کەرتبەند کراون و پرۆسەکەش هێشتا بەردەوامە؛ ئەمەش لە کاتێکدایە کە کارەکە بە تەواوی دوورە لە ئاگاداریی حکومەت، شارەوانی و بە بێ بوونی تاپۆ ئەنجام دەدرێت، کە بەهاکەی بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

News ID 227328

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha