وردەکاریی پێکدادانی گوندەکانی دەڤەری کۆبانێ

«ئەمین ساڵح» ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوچەی کۆبانێ ڕایگەیاند کە پێکدادانەکانی ئەم دواییەی گوندەکانی ئاشمێ و جەدە لە ڕۆژئاوای کۆبانێ، لە ناکۆکییەکەوە لەسەر لەوەڕگەی مەڕوماڵات دەستی پێکردووە و بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان کۆنترۆڵ کراوە، بەڵام هەندێک لایەن هەوڵیان داوە ئەم ڕووداوە بۆ دروستکردنی گرژی لە نێوان کورد و عەرەبدا بقۆزنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «ئەمین ساڵح» یەکێک لە ئەندامانی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ناوچەی کۆبانێ ڕایگەیاند کە ئەو پێکدادانانەی لە گوندەکانی ئاشمێ و جەدە لە ڕۆژئاوای کۆبانێ ڕوویان داوە، بەهۆی ناکۆکییەکی ناوخۆیی نێوان دوو خێزانی ئاژەڵدارەوە بووە و بە دەستێوەردانی هێزە ئەمنییەکان ڕێگری لە قووڵبوونەوە و گەشەکردنی کراوە.

لەمبارەوە زیاتر ئاژانسی هەواڵی هاوار (ANHA) بڵاوی کردەوە: «ئەمین ساڵح» ئەندامی فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی کۆبانێ ڕایگەیاندووە کە ڕووداوەکە ڕۆژی چوارشەممە ١٠ی حوزەیران، لە دوای ناکۆکییەک لەسەر لەوەڕگەی ئاژەڵ لە نێوان دوو شوان لە گوندەکانی ئاشمێ و جەدە دەستی پێکردووە. ئەم ناکۆکییە بەرەبەرە گۆڕدراوە بۆ گرژی و پێکدادانێکی سنووردار لە نێوان هەردوو خێزانەکەدا.

ناوبراو زیادی کرد کە دوای بیستنی دەنگی تەقە، دەورییەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ کە لە بازگەی گوندی جەدە جێگیر بوون، ڕەوانەی شوێنی ڕووداوەکە کران. بە گوتەی ساڵح، لە کاتی پرۆسەی دەستێوەردانەکەدا، بەشێک لە دانیشتووانی گوندی ئاشمێ بە شێوەیەکی نەخوازراو (بێمەبەست) دەورییە ئەمنییەکەیان کردووەتە ئامانج، کە لە ئەنجامدا ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان بریندار بووە و زیانیش بە ئۆتۆمبێلەکانی دەورییەکە گەیشتووە.

فەرماندە ئەمنییەکەی کۆبانێ ڕوونی کردەوە کە لە کاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی یەکێک لەو کەسانەی پەیوەندیی بە تەقەکردنەکەوە هەبووە، ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کەوتووەتە ناو چاڵێکی قووڵ لە ناو گوندەکەدا و پەیوەندیی لەگەڵ هێزەکانی هاوڕێی پچڕاوە. ئەم بابەتە وای کردووە کە بەشێک لە هێزەکان وا تێبگەن کە ئەو کارمەندە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە ڕفێندراوە.

لە دوای ئەم ڕووداوە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ پرۆسەیەکی گەڕانی بەرفراوانیان لە ناوچەکەدا دەست پێکرد و درۆنی سیخوڕی و چاودێریشیان بەکار هێنا. بەڵام یەکێک لە درۆنەکان تووشی باگ و کێشەی تەکنیکی بوو و کەوتە خوارەوە، کە لە ئەنجامدا بەشێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکان و مۆڵکی هەندێک لە دانیشتووانی گوندی ئاشمێ ئاگریان گرت.

ئەمین ساڵح جەختی کردەوە کە سوءتەفاهمی ناشی لە نەبوونی زانیاریی بەشێک لە هاووڵاتییان سەبارەت بە ناسنامەی ئەو هێزانەی لە شوێنەکەدا ئامادە بوون، بووەتە هۆی دروستبوونی پێکدادانی سنووردار لە نێوان ژمارەیەک لە دانیشتووان و هێزە ئەمنییەکاندا. هه‌روه‌ها گوتیشی کە هێزە ئەمنییە ونبووەکە دواتر لە یەکێک لە ماڵەکانی گوندی ئاشمێدا دۆزرایەوە و دەرکەوت کە بەهۆی کەوتنەخوارەکەیەوە تووشی برینداریی سەخت بووە.

بە گوتەی ئەم بەرپرسە ئەمنییە، دوای ئەوەی فەرماندەیی کۆبانێ لە دۆخەکە ئاگادار کرایەوە، هێزی پشتیوانی بە خێرایی هاتنە ناو بابەتەکەوە، پێکدادانەکانیان ڕاگرت و بە ڕەواندنەوەی سوءتەفاهمەکان، بارودۆخەکەیان کۆنترۆڵ کرد. هەروەها پرۆسە ئەمنییەکە لە گوندەکانی ئاشمێ و جەدە بەردەوام بوو و ژمارەیەک لە گومان لێکراوان دەستگیر کران کە لێکۆڵینەوە لێیان هێشتا بەردەوامە.

ساڵح هەروەها ڕایگەیاند کە یەکێک لە بەرپرسانی دەورییە ئەمنییەکە کە هەستابوو بە دەستگیرکردنی کەسی داواکراو، خۆی دەستبەسەر کراوە و لە ئێستادا لە پارێزگای حەلەب لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت.

ناوبراو بە ئاماژەدان بە هەندێک هەوڵ بۆ قۆستنەوەی ئەم ڕووداوە گوتی، کەس و گرووپی نەناسراو هەوڵیان داوە ئەم پێشهاتە بۆ نانەوەی فیتنە و خۆشکردنی ئاگری ناڕەزایەتی و ناکۆکی لە نێوان کورد و عەرەبدا بەکار بهێنن و زەمینە بۆ گرژیی ناوخۆیی خۆش بکەن. بەڵام هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە ناوخۆییەکان سەرکەوتوو بوون لە ڕێگریکردن لە گەشەکردنی قەیرانەکە.

ئەم بەرپرسە ئەمنییە هەروەها لە ڕوودانی سێ هێرشی جیاواز لە هەمان ڕۆژدا بۆ سەر یەکێک لە بازگەکانی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە گوندی «جب الفرج» هەواڵی دا و گوتی کە ئەم هێرشانە چەند زیانێکی مادییان هەبووە و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

فەرماندەیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی کۆبانێ لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە دۆخی گوندەکانی ئاشمێ و جەدە لە ئێستادا ئارامە و هەوڵەکان بۆ پاراستنی ئاسایش، تۆکمەکردنی پێکەوەژیانی نێوان پێکهاتە ناوخۆییەکان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە گرژییەکی نەتەوەیی یان خێڵەکی بەردەوامە.

News ID 227344

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha