بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئاژانسی فەڕەنسا (AFP)، لە زاری دوو سەرچاوەی ئامادەبوو لە دیدارەکەی ئەلشەرع لەگەڵ شاندێک لە پیاوماقوڵان و کەسایەتییەکانی پارێزگای ڕیف دیمەشق لە کۆشکی گەل (کۆشکی سەرۆکایەتی)، بڵاوی کردەوە: ئەم بەرپرسە سوورییە لە کاتی کۆبوونەوەکەدا مەلەفی لوبنانی تاوتوێ کردووە و ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە هەر جۆرە حەزێکی سووریا بۆ چوونە ناو لوبنان دەکەن، بە بێ بنەما وەسف کردووە.
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربرست و هاوتەریب لەگەڵ بەردەوامیی دانوستانە ڕاستەوخۆکانی نێوان بەرپرسانی لوبنان و ئیسرائیل، گرژییەکانی نێوان ئەم ڕژێمە و حیزبوڵڵا هێشتا بەردەوامن.
بەپێی ڕاپۆرتە دیپلۆماسییەکان، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی پێکدادانەکانی ئەم دواییەی نێوان ئیسرائیل و حیزبوڵڵا لە دووی مارسەوە، گوشارەکانی بۆ سەر دیمەشق زیاد کردووە تاوەکو هەنگاو دژی حیزبوڵڵا لە ناوخۆی لوبناندا بنێت.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، «دۆناڵد ترەمپ» سەرۆک کۆماری ئەمریکا، لەم دواییانەدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە ڕەنگە داوا لە دیمەشق بکات بەشداری بکات لە ڕووبەڕووبوونەوەی حیزبوڵڵادا.
لێدوانەکانی «ئەحمەد ئەلشەرع» هاوکاتە لەگەڵ هۆشدارییەکانی «ڕەجەب تەیب ئەردۆغان» سەرۆک کۆماری تورکیا. ئەردۆغان ڕایگەیاندبوو کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر سووریا و لوبنان لە ئاستی هەڕەشە هەرێمییەکان لایداوە و کاریگەری کردووەتە سەر ئاسایشی نیشتمانیی تورکیاش؛ ناوبراو هەروەها داوای ڕاگرتنی ئەم هێرشانەی کردبوو.
Your Comment