بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تەحسین کەهییە، جێگرى ئەمیندارى گشتیى یەکێتیى ئیسلامى بۆ تورکمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی ڕووداوى راگەیاندووە: چوارشەممە ۲۱ى ئاب، دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق لەبارەى ئەو دوو سکاڵایەوە کۆدەبێتەوە کە لەلایەن تورکمان و عەرەبەوە لە دژى شێوازى پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی کەرکووک پێشکێش کراون.
۹ی ئاب، ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک بە ئامادەبوونى ۹ ئەندام و بایکۆتکردنى فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى، پارتى و چەند ئەندامێکى عەرەب کۆبووەوە و حکومەتى خۆجێیی هەڵبژارد. پۆستى پارێزگار درا بە کورد لە پشکى یەکێتى و پۆستى سەرۆکى ئەنجوومەنى پارێزگاش درا بە عەرەب.
هەر دوو فراکسیۆنى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو و هاوپەیمانیى عەرەبی بەجیا لە دادگەى باڵاى فیدراڵى عێراق سکاڵایان لە دژى ئەو کۆبوونەوە تۆمارکرد بە پاساوى ئەوەى رێکارەکانى دەنگدان بە حکومەتى خۆجێیی "نادەستوورى" بووە.
تەحسین کەهییە کە پارتەکەى یەکێکە لە پێکهێنەرانى بەرەى تورکمانى یەکگرتوو، گوتى، "چاوەڕێى بڕیارى دادگەین کە نادەستووریی و نایاساییبوونى ئەو دانیشتنە یەکلا بکاتەوە، کە تێیدا حکوومەتى خۆجێیی هەڵبژێردرا".
هاوپەیەمانى عەرەبی سێ ئەندام و بەرەى تورکمانى یەکگرتوو دوو ئەندامیان لە ئەنجوومەنى پارێزگا کەرکووک هەیە.
Your Comment