سەردەمی تاریکی و تاڵانی/ عەلی حەمەساڵح

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست بەبێ ناوهێنانیان باس لە "سەردەمی تاریکی و تاڵانی" حوکمڕانی نەوەی سێیەمی بنەماڵەی بارزانی دەکات و دەشڵێت، "تاریکترین سەردەمی حوکمڕانی دەبێت، چاویان بڕیوەتە ملیۆنان دۆلار و پاسەوان و سامانی دونیا، لە ئازاری خەڵک تێناگەن".

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، عەلی حەمەساڵح، بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست، لە نووسینێکدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسووک لەژێر ناوی "سەردەمی ئەم منداڵانە.. سەردەمی تاریکی و تاڵانی" دەڵێت: "منداڵێکیان کەناڵە ئاسمانییەکەی دەباتە قۆناغێکی دیکەو تێچوی ۱۶ ملیۆن دۆلارە و خەرجی مانگانەشی ملیۆنێک دۆلارە! لەکاتێکدا باوک و مام و حیزبەکەشی چەندین کەناڵیان هەیە، چوونکە ئەمیش حەزی لە کەناڵی خۆیەتی!"

هەروەها دەشڵێت: "ئەوی دیکەش، زانکۆ و بانک و کەناڵ و ڕێکخراو و دەزگا و کۆمپانیا و بە بەهای هەزاران ملیۆن دۆلار زەوی هەیە! باوکی ۱۳ ملیۆن مەتر زەوی پێداوە بەهاکەی ۶ ملیار دۆلارە! لە هەولێری بێ ئاودا ۱۴ دەریاچەی دەستکردی تێدایە و ڤێلایەک دەداتە ۱۰ ملیۆن دۆلار حەلبوسی لەوێ دووی کڕیوە".

بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست وتووشیەتی: "ئامۆزایەکی دیکەیان پاڵاوگەی نەوتی هەیە بایی ملیارێک دۆلارە جگە لە چەندین پرۆژەی دیکە، ڕۆژانە سەدان تانکەر ڕەوانەی تورکیا دەکەن".

ناوبراو دەشڵێت: "خەرجی یەک هەفتەی مێرمنداڵێکیان لە دوبەی ۲۲ دەفتەر دۆلارە…مەعقولە لە شاری خورما ڤێلایەک بکڕیت بەهاکەی ۴۵ ملیۆن دۆلار بێت، ساڵی جارێک بڕۆیت و دەیان کەس خزمەتت بکات".

هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات کە "زەوییەک بەنایاسایی لەسەر منداڵێکیان تاپۆ کراوە بەرامبەر هۆتێل ڕۆتانا- هەولێر۵۰۰ هەزار مەترە، بەهاکەی ۷۰۰ ملیۆن دۆلارە! ئەی هاوار…لە کڕینی دەیان موڵکی دیکە لە ئەورووپا و ئەمریکا و دوبەی بگەڕێ".

بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست جەختیش دەکاتەوە کە "ئەمانە بگەن بە حوکمڕانی و حوکم بکەن، تاریکترین سەردەمی حوکمڕانی دەبێت، چاویان کردوەتەوە ملیۆنان دۆلار و پاسەوان و سامانی دونیا دەبێت، لە ئازاری خەڵک تێناگەن".

هەروەها دەشڵێت: "ئەوانەی ئەو دیویش، لەقاچاخی و زەوی و بردنە دەرەوەی پارە هەمان شتە، بەڵام هێشتا نەوەی سێیەمی ئەمان گەورە نەبووە. نەوەی دووەم خۆی خاوەنی زەوی و مەرز و قاچاخی و هەموو شتە".

News Code 223857

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha