دەسەڵاتدارانی ئێستای کورد نازانن مانای تەوازونی سیاسی چییە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- مەسعوود عەبدولخالق لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا وێڕای ڕەخنە گرتن لە دۆخی ئێستای دەسەڵاتدارێتیی کوردی لە هەرێمی کوردستان وتی: دەسەڵاتدارانی ئێستای کورد نازانن مانای تەوازونی سیاسی چییە.

کوردپرێس

ڕاگرتنی باڵانس و تەوازنی هەرێمی و جیهانی، بەشێکە لە ئەلف و بێی سیاسەت. نەخوازەڵا پەیوەست بە قەبارەیێکی سیاسیی وەکوو هەرێمی کوردستان کە بەرهەمی خەباتێکی دووری کوردە و لە دەستووری عێراق چەسپێندراوە. بەڵام پێناچێت دەسەڵاتی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان توانیبێتی ئەو هاوسەنگییە وەک پێویست ڕابگرێت. پاش چەند بڕیارێکی هەرە گرینگی دادگای فیدراڵی لە سەر پارلەمان و ئابووری سەربەخۆ و مووچە و بوودجە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێم ڕووی کردە ئەمریکا و سەردانێکی 12 ڕۆژەی کرد.

مەسعوود عەبدولخالق چاودێری سیاسی کورد لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا و گرینگایەتیی پاراستی هاوسەنگی هەرێمی و جیهانی بە کوردپرێسی وت: بەڕاستی دەسەڵاتی کوردی نەک لەسەر ئاستی جیهانی و ئیقلیمی و ناوخۆیی قەد نەیزانیوە مانای تەوازونی سیاسی چییە یان ئەوەی کە خوێندنەوەیەکی جوانی بۆ ڕووداوەکان هەبێت. ئێمە نموونەی دوور و نزیکمان هەیە کە دوورەکان لێدەگەڕێین، هەر لەم ماوەیەدا چەند ڕووداوێک هاتە پێش بەڕوونی دەردەکەوێت کە سەرکردایەتیی ئێستای کورد وەکوو شارەزای ڕاگرتنی هاوسەنگی ستراتێژی لە ناوچەکە، یەعنی کاتێک کە حەلبووسی لادرا وتەبێژی ڕەسمی پارتی دیموکراتی کوردستان وتیان هەژانێکی زۆر گەورە هەیە واتا بە خوێندنەوەی ئەوان ئەو هەژانە هەبوو، بەڵام ئێمە فەورەن بەیاننامەیەکمان دەرکرد و وتمان هیچ هەژانێک نییە و دواییش دەرکەوت کە هیچ هەژانێک ڕووینەدا. نموونەیەکی دیکەش ئەوەیە کە کاتێک کە ئەمریکا دەیویست لە کۆمەڵێک هێزی چەکداری عێراقی و سووری و لوبنانی بدات دووبارە دەسەڵاتی کوردی و ئەوانەی هێزی چەکدار بوون خۆیان ئامادە کرد بۆ جەنگێکی گەورە بەتایبەتی حزبی سۆسیالیس بەیاننامەی ڕەسمی دەکرد و هێزەکانی خستە ئامادەباشییەوە ئێمە ئەو کاتەش بەیاننامەمان دەرکرد و گوتمان هیچ جەنگێک لە گۆڕێ نییە و ئەوەی هەیە پێیدەگوترێن (زەرەباتی تەئدیبی) واتا گورزی تەمێ کردن. ئێمە وتمان ئەمریکا شەڕی گەورەی لەپێش نییە چوونکە ئەو وڵاتە هەر شەڕێک بکات سێ هەنگاوی زۆر گەورەی لەپێشە یەکیان ئەوەیە کە بوودجەی پێنتاگۆن زۆر زیاد دەکات، دووهەم ڕەزامەندیی ئەنجومەنی ئاسایش وەردەگرێت و سێیەم ئەوەیە کە هاوپەیمانییەک دروست دەکات، کە بۆ ئەم کەیسە هیچ لەمانەی نەکردووە بۆیە ئێمە زانیمان کە ئەو شەڕە نابێت، بەڵام دەسەڵاتی کوردی بەهۆی ئەوەی کە خوێندنەوەکانی هەڵەیە و شارەزای هاوسەنگیی سیاسی نییە خراپ خۆی تووشی مەوقیفێکی ناهاوسەنگ کرد و هێزەکانی خۆی خستە ئامادەباشیەوە دواییش بینیمان هیچ شەڕێکی گەورە نەبوو بەڵکوو هەر گورزێکی تەمێ کردن بوو.

بۆیە دەسەڵاتی کوردی لەچوارچێوەی ئەمنی قەومیی کوردستان نە کار دەکات و نە خوێندنەوەشی هەیە لەسەر ئەم بنچینەیەش خۆی تووشی ئەولا ئەولا کرڕدووە لەحاڵێکدا کە دەبوایەت هاوسەنگیی ڕابگرێت. ئەوەی سەردەمی مام جەلال و هەندێک سەرکردەی کورد دەیانکرد ئەوەتەواو بوو. نەک لە تەرەف و دژی هیچ دەوڵەتێکی ئیقلیمی نەک لەلای دەوڵەتێکی ئیقلیمی دژی عێراق یان پێچەوانەکانی. دەبوو ڕێک بەرژەوەندیی قەومی کوردی هەرێم چی دەخوازێت و هەروەها ئەمنی قەومی عێراقی چ دەخوازێت دەبوا ئەوەیان پەیڕەو کردبا. زۆر بەداخەوە سەرکردایەتی کورد ڕوانگەکەی لەگەڵ خەڵکی کوردستان جودایە و ڕوانگەی ئەو ڕوانگەی گەندەڵییە واتا چۆن کومپانیا و بەرژەوەندیی عائیلە و بەرژەوەندیی شەخسییەکان بپارێزن هەر لەمەشەوە زۆر خراپ بەهەڵەدا چووە.

مەسعوود عەبدولخالق لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ ئەمریکا دەستکەوتەکانی بۆ کورد ڕایگەیاند: لەبارەی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا، ئەو سەردانانە زۆر تەبیعیە. سەرکردەی کورد لەبەر ئەوەی لە ناوچەکە و لە عێراقیشدا (هەر لە تاریخدا من ناڵێم هەر ئێستا) دڵنیایی نەبووە. میللەتی کورد گەلێک جار بە تاقی تەنها ماوەتەوە و تووشی ئەنفال و کیمیایی و هەموو جۆرێک ڕووداوی نەخوازراو بووەتەوە بۆیە ناچارە دەست بۆ پەیوەندی دروست کردن لەگەڵ دەوڵەتە جیهانییەکان ببات لەم ڕووەوە ناحەقی نییە.

بەڵام ئەمڕۆ کە لە عێراقدا سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کورد هەیە و بەشدارییەکی زۆر باش هەیە ڕەنگە پێویست بەو هەنگاوە نەکات، بەڵام لە هەموو بارەکاندا پەیوەندی دروست کردن زۆر خراب نییە. ئەوندەی من زانیاریم هەبێت سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەسەر داوای یاریدەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبۆ پرسی دیموکراسی و ماف و مرۆڤ بانگ کرایە زۆر مەعنای ئەمەش ڕوونە چوونکە زیاتر لەگەڵ ئەو بوو کە واتا ئەمریکا لە پرسی دیموکراسی و ئازادی و ماف و مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان ڕازی نییە. ڕاستە کە سەرۆک وەزیران هەندێک سەردانی تری کرد بەڵام لە کۆبوونەوەکە هیچ مادەیەک نەبوو کە واتا دیپلۆماسی ئێستای کوردی گەلێک لاوازە کە دەچێتە ئەو شوێنانە نازانێت چۆن پانتاییەکی هاوبەشی هەرێمی کوردستان و جیهان دیاری بکات و قسەی لەسەر بکات. چۆن هاوسەنگییەک بپارێزێت لەنێوان ئەو ناکۆکییانەی کە لە جیهان و لە ناوچەکەدایە.

کاتی خۆی هەم بەرهەم ساڵح هەم پێشی ئەویش مام جەلال لە سەردانەکاندا لە حوەلی ئەوەدا بوون کە نێوبژیوانی بکات و لێنەگەڕێت ناوچەکە تووشی هیچ کارەساتێکی گەورە بێت و یان کورد بەهیچ لا و ترەفێکدا نەکەوێت، ئەو نێوبژێوی کردنە زۆر جوان و پوخت و ڕێک لەگەڵ ئەمنی قەومی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕێکدەکەوتەوە بەڵام دەسەڵاتی ئێستای کوردی لەو مەعادلەیەدا زۆر شارەزا نییە و نازانێت. بۆیە سەردانەکەی سەرۆک وەزیران بۆ ئەمریکا بەڕای من زۆر سەرکەوتوو نەبوو ئەو قسانەی لە کوردستان لەلایەن دەسەڵاتەوە دەگوترێت دەقیق نین و ئەوان زیاتر داوای ئەوەیان لێکرد کە دیموکراسی و ئازادی زیاتر لە کوردستان بەرقەرار بێت و قسەیان لەسەر ئەو هەموو پێشێلکارییانە کردووە کە لە کوردستان دەکرێت ئەوەش بەپێی زانیارییەکانی ئێمە.

ڕەنگە ئەوەشیان بە دەسەڵاتی کوردی وتبێت کە ئەوان نزیکی ئەو شەڕەی ڕەنگە لە مانگی نیسان لە بەینی تورکیا و قەندیل ڕووبدات نەبنەوە و تەرەف نەبن لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لەڕووی دەستووریەوە هێزی عێراقە کە واتا بەبێ فەرمانی عێراق نابێت بجووڵێت، ئەگەر هەرێمی کوردستن ئەمەش نەکات ڕەنگە تەئکیدی ئەمریکا ئەوە بێت کە ئەو بەشداری ئەو شەڕە نەکات.

بەگشتی سەرکردایەتی ئێستا و دەسەڵاتی کوردی ئێستا زۆر شارەزای دیپلۆماسیەت نین و لە سەردانەکانیاندا ئەوندە سەرکەوتوو نەبوونە و لە پاراستنی هاوسەنگییەکان لەناوچەکە  زۆر سەرکەوتوو نەبوونە گەلێک جار کوردیان کردۆتە تەرەف لەو کێشانە کە نەدەبوو ببنە تەرەف.

ئێمە گلەییەکی زۆریشمان لە ئیعلام و کەناڵەکانی وڵاتانی ئێران و عێراق و تورکیا و سووریاش هەیە. کە زۆر جار حزبێک چ باشە چ خراپە کارێکی کردووە ئەوان یەکسەر وشەی ئەکراد بەکار دەهێنن زۆر بەداخەوە ئەوان دەڵێن هەرێم یان میللەتی کورد وایکرد؛  کەی میللەتی کورد وادەکات؟ ئەوە حیزبێک دەیکات کە ئەقەلییەتە یان ئائیلەیێکە یان بازنەیەکی ئابووریە یان بازنەیەکی دەسەڵاتە کە لە مەسڵەحەتی کۆمپانیاکانی خۆیان ئەوە دەکەن ئەمانە چ پێوەندییەکی بە هەرێم و میللەتی کوردەوە هەیە. میللەتی کورد ڕوانگە و کەناڵی دیپلۆماسی و پاراستنی هاوسەنگی و ئەمانەت و سدق و جیرانێتی زۆر جوان پاراستووە و بەڵام دەسەڵات و حکوومەتەکانی دەوروبەرمان نایەن تەعامولی ڕاستەقینە لەگەڵ میللەتی کورد بکەن و دێن تەعامول لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە دەکەن دواییش بەناوی کورد وەسفیان دەکەن کە هەڵەی گەورە دەکەن.

News Code 223283

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha