کوردپرێس:
ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە گفتوگۆ لەگەڵ کوردپرێسدا چوار تەوەری گرینگی گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستانی لێکدایەوە کە بریتین لە: شکست هێنانی پڕۆژەی ئابووری سەربەخۆ لە هەرێمی کوردستان، ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێم کێشەی سەرکردایەتی لەناو حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، پەیمانی لۆزان و داهاتووی کورد.
دەقی وتەکانی ئارێز عەبدووڵا بۆ هەواڵنێری کوردپرێس لە درێژەدا هاتووە:
شکستی پڕۆژەی «ئابووری سەربەخۆ» لە هەرێمی کوردستان
بەکار هێنانی دەستەواژەی ئابووری سەربەخۆ لە سەرەتاوە هەڵەیەکی گەورە بوو چوونکە هەرێمی کوردستان هەرێمێکی سەربەخۆ نییە بەڵکوو هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆیە لەڕووی سیاسییەوە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. هەرێمێ کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق یەک ئابووری و یەک دیناری هەیە و یەک سەرچاوەی بژێوی ژیان و یەک ئاڵای لە نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە، بۆیە من پێموانییە لە بنچینەدا ئەو دەستەواژەیە پڕۆژەیەکی ئابووری سیاسی ستراتێژی بێت بەڵکوو تەنها دەستەواژەیەکی ڕاگەیاندن بوو بۆ قۆناغێکی دیاریکراو و لەوە زیاتر هیچتر نەبووە چوونکە مومکین نییە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکدا دوو جۆ ئابووری هەبێت ئەوە مومکین نابێت، ئابووری سەربەخۆ واتا دەوڵەتێکی سەربەخۆ. نت خۆم بە پڕۆژەی نابینم تا فەشەلی هێنابێت ئەوە تەنها ڕستەیەکی ڕیکلامی بوو بۆ سیستەمی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان.
ئازادیی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەوانی لە هەرێمی کوردستان
سەبارەت بە ئازادییەکان بێگومان بەپێی یاساکانی هەرێمی کوردستان ئازادیی دەربڕین و ڕاگەیاندن و خۆپشاندان و گردبوونەوە دەستەبەرە و پێشتر هەنگاوی باشمان نابوو؛ بەڵام بەداخەوە لەم ساڵانەی دوایی نەک وەستاوە بەڵکوو پاشەکشەی کردووە و ئەو پاشەکشەیە نەک هەرخۆمان دانیپێدا دەنین بەڵکوو ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی مەدەنی و تەنانەت ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش باسی دەکەن. ئازادییەکان واتا مافی ئازادیی دەربڕین و ڕاگەیاندن لە کوردستان پاشەکشەی کردووە بەتایبەت لەم ماوەیەدا و بەتایبەتتریش لە هەردوو پارێزگای دهۆک و هەولێر کە دەرفەتی خۆپیشاندان و گردبوونەوە و ناڕەزایی دەربڕین و تەنانەت کاری ڕاگەیاندنیش نادرێت و ئێستا چەندین کەس لە دهۆک و هەولێر لە زینداندان. کەوایە بەداخەوە ئازادیی ڕادەربڕین پاشەکشەی کردووە و ئێمە هەوڵ دەدەین مە ئەو پاشەکشەیە بوەستێنین و بەپێچەوانەوە بەرەو هێشەوە هەنگاو بنێین.
کێشە لەناو سەرکردایەتیی حزبەکاندا
بوونی کێشە لەناو سەرکردایەتیی حزبەکان هەیە و بەردەوامە لەناو هەموو دونیا کێشە لەناو سەرکردایەتیی حزبەکان هەیە بەڵام هەندێک حزب هەن کاریگەرن و کاتێک کێشەیان لەناو سەرکردایەتیدا ببێت ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان بۆ تەواوی وڵاتەکە دەبێت، بۆ نموونە یەکێتی و پارتی. ئێمەیش نایشارینەوە گرفتمان هەبووە لە ڕابردوودا بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خۆمان لەگەڵ هەلومەرجە نوێکان گونجاندووە. هەروەها بە ڕووکەش و بە ناوەڕۆکیش لەناو سەرکردایەتیی پارتیش گرفتی گەورە و کێشە و دیدوبۆچوونی جیاواز هەیە بەڵام ڕەنگە وەکوو حزبەکانی تر بەئاشکرایی نەبێت.
پەیماننامەی لۆزان و داهاتووی کورد
دوای سەد ساڵ لە لۆزان تاقە ڕێگایەک لەبەردەم ئەو دەوڵەتانەیە کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە؛ ئەوەش ئەوەیە کە ڕێگای دیالۆگ بگرنەبەر بۆچارەسەر کردنی ئاشتییانەی کێشەی کورد؛ لە ئێران و تورکیا و سووریا پێویستە لانیکەم وەکوو عێراق دەستوورێکیان هەبێت بۆ ئەوەی دان بە مافە ڕەواکانی گەلی کورددا بنێن و کێشەکانی تێدا چارسەر بکەن. بەپێچەوانە ئەگەر ئەو دەوڵەتانە کێشەی کورد چارەسەر نەکەن ئەو کێشە بۆ خۆیان قورسترە لە ڕووی ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسیەوە. بۆیە پێشێل کردنی مافەکانی گەلی کورد تەنها بۆ کورد کێشە نییە بەڵکوو بۆ خودی دەوڵەت و نەتەوەکانی تریش کێشەیە. ئێمە پێمانوایە ئەبێت ئێران و تورکیا و سووریا هەنگاو بنێن بەئاراستەی چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە لە چوارچێوەی دەوڵەتەکانی خۆیاندا و بەپێی هەلومەرجەکانی ناوخۆیان بە دیالۆگ بگەنە ڕێککەوتن. پێویستە عێراقیش ئەو گرفتە دەستوورییانەی کە ماون بۆ نموونە جێبەجێ کردنی مادەی ۱۴۰ و پێکهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی چارەسەر بکات و هەنگاوی بۆ هەڵگرێت. بەڵام بێگومان عێراق لە سێ دەوڵەتەکەی تر جیاوازە.
Your Comment