کۆتا وادەی تورکیا لە هەرێم/ ئەمیر مام والی

لەسەرەتای دروستبونی هەرێمی کوردستانەوە دەوڵەتی تورکیا وەک برینێک کە لە جەستەی خۆیدا بێت لە هەرێمی کوردستانی ڕوانیوە، هەر بۆیەش هەمیشە لە هەوڵی بڕین و لەناوبردنی ئەو برینەدایە. تورکەکان بە ئاشکرا و بەبێ هەبوونی پەردە ئەو ڕقەیان بەرانبەر ئێمەی کورد ئیعلان کردووە و خاکی هەرێم وەک بە شێک لە جوگرافیایی کۆنی دەوڵەتی عوسمانی دەبینن و دەناسێنن.

بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە خاکی هەرێمدا لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا تورکیا چەندین لەشکرکێشی و ئۆپراسیۆنی لەناو خاکی هەرێمدا ئەنجام داوە، کە هەندێک لەو ئۆپراسیۆنانە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە پاڵپشتی کراون.

ڕۆژی ۱۵ ی مانگی ۶ ی ۲۰۲۴، تورکیا ئۆپراسیۆنێکی دیکەی بۆ سەرخاکی هەرێم دەستیپێکردووە، ئۆپراسیۆنەکەش بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پەکەکەیە لە خاکی هەرێمدا. لەشکرکێشی ئەمجارەی تورکیا لە ناوچەکانی پارێزگای دهۆکدایە کە تاوەکوو ئێستا نزیکەی ۲۳۸ بۆردوومان و هێرشی ئەنجام داوە و زۆربەی هێرشەکان کراونەتە سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگای دهۆک.

هێزەکانی تورکیا لە ناوچەی کانی ماسی لە بەرواری باڵا ۱۵ کیلۆمەتر هاتوونەتە ناو خاکی هەرێم.

تورکیا لەو سنورەدا بە فڕۆکە سەرباز دادەبەزێنێت بۆ ناوچەکانی ئامێدی و لە ناوچەی بامەڕنێشەوە سەرباز بۆ ناوچەکانی تر دەگوێزێتەوە. کە تا ئێستا دوو گوند بەتەواوەتی چۆڵ کراون و ۸ گوندی تریش نزیکن لە چۆڵبوون.

لە ئێستادا پرسی کشانەوە یان مانەوەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێم پرسێکی گەرمی ڕۆژە، هەربۆیەش پرسیار دەکرێت ئایا کەی هێزەکانی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان دەچنە دەرەوە؟

بە خوێندنەوە و زانیاری بەندە لەو بارەیەوە هێزەکانی تورکیا لە هەرێم ناکشێنەوە و دەمێننەوە. لە پێشتردا هێزەکانی حەشدی شەعبی هەمیشە هەڕەشە و تەهدیدی سوپای تورکیایان دەکرد بەڵام لەم ئۆپراسیۆنە نوێیەدا بە تەواوی بێدەنگن!

ئەوەش بەهۆکاری ئەوەیکە لە ئێستادا جەبهەی ڕووسیا و ئێران و چین لەسەر ئەو مانەوە سەربازییە ڕازین.

بەپێی خوێندنەوەکان وای بۆ دەچم ئەو جەبهەیەی سەرەوە بەرنامەیان هەبێت کە لە داهاتوویەکی نزیکدا هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا دەربکەن و تورکیاش لەو پرۆسەیەدا هاوکاریان بێت و لە بەرانبەردا ئێران و ڕووسیا بێدەنگی دەکەن لەوەیکە ڕۆژئاوای کوردستان و هەندێ ناوچەی دیکە لە سووریا بە جۆرێک لە ژێر هەیمەنەی تورکیادا بێت و لە هەرێمیش گۆڕەپانەکە زیاتر بخاتە ژێر هەیمەنەی خۆیەوە.

لێرەدا ئەگەرێک دێتە پێشەوە/ ئەگەر ئەمریکیەکان ڕازی نەبن لە سووریا بکشێنەوە ئەوا دوور نیە فشار لە تورکیا بکەن تا لەو جەبهەیەی ئیران و ڕووسیا و چین دەربچێت! لە ئەگەری ڕوودانی ئەو حاڵەتەدا بە بۆچوونی بەندە ئێران و ڕووسیا بە هەندێک ئیمتیاز کوردەکانی سووریا لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد ڕێک دەخەن و ئەمریکیەکانیش پێشوازی لەو ڕێککەوتنە دەکەن، ئەوکات ئێرانیەکان لەڕێگای هێزەکانی وەک حەشدی شەعبی و کەتائیبەوە یان هەر بە سوپای عێراق زەخت و فشار لەسەر تورکیا دروست دەکەن ناچار بە کشانەوەی دەکەن لە خاکی هەرێمی کوردستان.

News Code 223852

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha