پارتی لە نێوان گەمەکانی شای ئێرانی دوێنێ و ئەردۆغانی ئەمڕۆدا/ ئەمیر مام والی

له ۱۱ی ئاداری ١٩٧٤، چوار ساڵ به سەر ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و پارتیدا تێپەڕیبوو، حكوومەتی عێراق قانوونی ئۆتۆنۆمیی بۆ کوردستان خستەڕوو که چەند ناتەواویی تیدا بوو.

ئەوه یەکەم جار بوو کە به قانوون گەلی کوردستان مافێکی نەتەوەیی لەم جۆرە بەدەست بهێنێت، لەو سەردەمەدا پارتی له کوردستان حوکمڕان بوو، دەوڵەتی عێراق بەبێ کورد نەیدەتوانی له کوردستان هیچ کارێک بکات.

پارتی دەیتوانی به ڕێگای مەدەنی و فشاری جەماوەری دەستکەوتەکانی  گەلی کوردستان بچەسپێنێت و ئەو دەستکەوتانەی کە گەلی کوردستان به خەبات و خوێن بە دەستی هێنابوون به ئاسانی به فیڕۆ نەدرێن، له سەرەتای ساڵی ١٩٧٤ پێش هەڵگیرسانەوەی شەڕ چەندان وەفدی بیانی، نوێنەرانی یەکیەتی سۆڤیەتی کۆن (ڕووسیای ئەمڕۆ)، وڵاتانی سۆشیالیستی و حزبه کۆمۆنیست و بزووتنەوه ڕزگاریخوازەکانی وڵاتانی جۆراوجۆر، ڕۆیشتنە بەغداد، زۆربەیان چوبوونە لای سەرۆکی پارتی (مەلا مستەفای بارزانی)، داوایان لێکرد پەلە نەکات و به گفتوگۆ کێشەکان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق چارەسەر بکات، بەڵام سەرکردایەتی ئەوکاتی پارتی بەبێ ئەوەی لەگەڵ بەغداد درێژە به وتووێژ بدات، یان هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکانی بدات، وەزیره کوردەکان و نوێنەرانی خۆی له حكوومەت و له بەغدا و شارەکانی کوردستان کشاندەوه و یاخیبوونی خۆی ڕاگەیاند.

سەرۆکی پارتی نەک هەر گوێی بە داواکانی نێوەندگیران نەدا، بەڵکوو زۆر بە ڕوونی بوو بە تەرەفگیری شای ئێران لە دژی حکوومەتی عێراق.

شای ئێران پێشووتر لە چەندین دیداردا پەیامی بۆ سەرانی ئەوسای عێراق ناردبوو کە تیایدا وتبووی: ئەو بزووتنەوە چەکداریەی باکووری عێراق وەک بەلوعەیەک وایە بە دەستمەوە، کەی ویستم دەیگرمەوە و کەی بشمەوێت بەری دەدەمەوە.

دوای نزیکەی ساڵێک لە بڕیاری کشانەوەی پارتی لە حکوومەتی عێراق، شای ئێران مەلا مستەفا و گرووپەکەی لە ڕێککەوتنامەی (جەزائیردا)، فرۆشت و ئاشبەتاڵی بە بزووتنەوەی کورد کرد و ئەو ماڵوێرانیە گەورەیەی بە دوای خۆیدا هێنا.

ڕووداوەکانی ئەمڕۆ زۆر لە ڕابردوو دەچێت، بەڵام هەندێک شت گۆڕاون، سەرۆکی ئێستای پارتی لە بری شای ئێران و کۆن بووە بە عەمیلی ئەردۆغان و تورکیای ئێستا، قسەکانی دوو ڕۆژ بەر لە ئێستای ئەردۆغانیش دەرخەری ئەو ڕاستیەن کاتێک لەبەردەم جەماوەری خۆیدا وتی: سەرۆک وەزیرانی (باکووری عێراق)، وتی هەرچی تۆ بیڵێیت وا دەکەین!

ئەوە لای هەمووان ڕوونە کە پارتی لە سەرەتای دروستبوونیانەوە هەموو شتێکیان کردووە بە قوربانی مانەوەی خۆیان، ئەوەتا ئەمڕۆش دوای ئەو هەمووە ئیمتیازەی کە لە عێراقی وەردەگرن، کەچی لەسەر قسەی تورکیا کێشە دروستدەکەن.

پارتی دەرسی لە ڕابردوو وەرنەگرتووە، دەبوو سەرانی پارتی باش بیانزانیبایە کە بچووکترین دەستکەوت لە عێراقدا زۆر باشترە لەو دەستکەوتانەی کە لە تورکیاوە وەری دەگرن، ئەگەر سەرانی پارتی وریا نەبن ئەوا دوور نیە لە داهاتوودا تورکیاش لە ئاڵوگۆڕێکدا وەک شای ئێران هەڕاج فرۆشیان بکات.


 

News Code 223417

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha