١٣ کانونی یەکەم ٢٠٢٣ - ١٥:٢٢
یەک نیشان و سەد تیر!/ ئەمیر مام والی

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەمیر مام والی چلاک و چاودێری سیاسی هەرێمی کوردستان لە یادداشتێکی ڕەخنەگرانەی کورتدا دۆخی ئێستاکەی هەرێمی کوردستانی بە سەردەمی ئێرانی پێش ڕووخانی ڕەژیمی ڕەزا شا بەراورد کردووە.

کوردپرێس:

پێمخۆش بوو پەندە باوەکە پێجەوانە بکەمەوە کە دەڵێت: سەد تیرو یەک نیشان، ئەم دۆخەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێت هەمان دۆخی ئێران ڕەزا شایە لە ساڵی ١٩٧٩ دا.

جیاوازییەکە ئەوەیە کە لایەنە ناڕازییەکانی ڕەزا شا بە هەموو بەرەکانییەوە بە هەموو فکرو بۆچوونە جیاوازەکانەوە یەک تیر بوون دژی ڕەزا شا و پێکەوە دەست لە دەست بوون بۆ گۆڕینی ڕژێمی شا.

لە مەهدی بازرگان و حیزبەکەیەوە، بۆ ئەبولحەسەنی بەنی سەدر، لە کوردە چەپەکانەوە بۆ ڕەوتی کاک ئەحمدی موفتی زادە، لەناو بەلووچ و تورکەکانیشدا هەمان جۆر هاوڕای هەبوو بۆ لابردنی شا و گۆڕینی حکوومەتەکەی، ئەوان پێکەوە ئایەتوڵڵا خومەینیان کرد بە ڕمەکە و حکوومەتی شایان پێ لە ناوبرد و شاپووری بەختیاری کۆتا سەرۆک‌وەزیر بە پەلە فریاکەوت لە ئێران قوتار بێت، واتە سەد تیر بوون بەڵام یەک نیشانیان هەبوو کە گۆڕینی شا بوو.

دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان زۆر لە ئێرانی شا دەچێت، باسی گەندەڵی و قۆرخکاری و بەفیڕۆدانی سامانی خەڵک و فرۆشتنی خاک ناکەم، چوونکە شت گەلێک نین کە کەس نەیزانێت، لە ئێستادا دەیان حیزب و لایەن لە ژێر دەیان ناوی جیاوازدا دروست‌بوون بۆ گۆڕینی ئەم دەسەڵاتە، بەڵام دەسەڵات هەر لە شوێنی خۆیدایە، هۆکاری سەرەکیش نەبوونی یەکڕیزی و تەباییە لە نێوان حیزبە ناڕازییەکاندا. بەرعەکسی ئێران و کۆن لێرە یەک نیشانە هەیە کە گۆڕینی دەسەڵاتە بەڵام بە سەد تیری جیاواز کە هیچیان هیچیانی پێ قبووڵ نییە، تا کەسێکیش پەیدا دەبێت کەسێکی دیکە قبووڵ بکات دەیان کەست لێ ڕاست دەبێتەوە کە دژایەتی دەکەن، زۆرجار تیرەکان لەیەکتر دەدەن و پێش ئەوەی بدەن لە نیشانەکە، دەدەن بە زەویدا!

واقیعەکە دیار و ڕۆشنە، چوونکە تا کاتێک کە بەرەیەکی ناڕازی جدی و خاوەن بەرنامە دروست نەبێت و لە ئەنجومەنێکدا کۆ نەکرێنەوە و پەیمانێکی شەرەف ئیمزا نەکەن بە بەرچاوی خەڵکەوە هەر دەبێت بڵێین: ئەم نانە بەو ڕۆنە!

News Code 222672

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha