یەکێتی واقیعی لە بەردەم پارتیدا/ ئەمیر مام والی

ماوەی ٣٣ ساڵە هەرێمی کوردستان بوە بە کۆمپانیایەکی بازرگانی بۆ بەرپرسانی پارتی و یەکێتی، ئەو دوو حیزبە لە سەرەتای دروستبونی حکومەتی هەرێمەوە هەتاوەکو ئێستا یەک بڕیاریان نەداوە کە سودی هاوڵاتیانی تێدا بوبێت، وەک هاوڵاتیان دەڵێن: باجەکانیان وەک ئەوروپایە و خزمەتگوزارییەکانیان وەک ئەفریقایە!

لەم نێوەندەدا، جارو بار کەسانێک کە گیرفانیان ڕێگایان نادات قسەی حەق لە قوڕگیان بێتە دەرەوە، هەوڵی ئەوە دەدەن کە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان وەک یوزار سیف وێنا بکەن و پارتی دیموکراتی کوردستانیشمان لێ بکەن بە زولەیخا!

بێ ئەگا لەوەی کە نە ئەمیان یوسفە و نە ئەویان زولەیخا، بەڵکوو هەردوولایان دوو دانە کائینی پەرستگای ئامونن!

هەر لە بڕیاری دووهەمی پەرلەمانی کوردستانەوە کە تیایدا ڕژاندنی خوێنی کورد بە دەستی کوردیان تیادا شەرعاند، هەتا دروستبونی ئەم هەمووە قەیران و کێشەیەی کە بەرۆکی خەڵکی گرتووە. ئەوە ڕوونە کە لەماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا پارتی دەستی بە ئاودا نەکردووە بەبێ پرسی یەكێتی، ئەوەشی کە جاروبار لە میدیاوە دەوترێت گوایە یەکێتی ئاگای لە هەندێک جوڵە وکاروباری حکومەت نیە، جگە لە وەشاندنی درۆو داڕشتنی تەڵەکەبازی و چەواشەکردنی هەندێک، هیچ شتێکی دیکە نیە.

لێرەدا چەند نموونەیەک وەک بیرخستنەوە باس دەکەین:

١- لە ساڵی ۲۰۰۷ فراکسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان هەڵوێستێکی توندی گرتەبەر و ڕەتیکردەوە دەنگ لەسەر یاسای نەوت و گاز بدەن و پەرلەمانیان بەجێهێشت. (مام جەلال ) لەبری ئەوەی پشتیوانی لە بڕیار و هەڵوێستی فراکسیۆنی سەوز بکات، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی گۆڕی، ئەوەش بەمەبەستی ڕازیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، دوای چەند ڕۆژێکیش نوێنەرانی یەکێتی نیشتمانی ناچارکرد بچنەوە پەرلەمان و دەنگ بە یاسای نەوت و گاز بدەن!

٢- لە ساڵی ۲۰۱۱ پەرلەمانی کوردستان دەنگی خۆی لەسەر ناڕەزایەتییەکانی ئەو کاتە دەرکرد و لەسەر بنەمای ئەوەش هەموو داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی لەبەردەم "بەردەرکی سەرا" پەسەند کرد، کە لە کارێکی تەواو نایاساییدا لەلایەن دکتۆر کەمال کەرکوکی (ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان) شاراوەتەوە.بەڵام یەکێتی نیشتمانی بە بێدەنگی خۆی مۆرکی ڕەزامەندی لەسەر ئەو کارە نایاساییە دانا.

٣- ڕۆژی ۳۰ی حوزەیرانی ۲۰۱۳ لە کۆبوونەوەیەکی تەواو نایاساییدا کە ململانێی جەستەیی لێکەوتەوە، پارتی دیموکرات بە هاوکاری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بەبێ دەنگدان، ماوەی مەسعوود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان درێژکردەوە.

٤- پارتی دیموکرات لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا ڕێگری لە دکتۆر یوسف محەممەد کرد کە بچێتە ناو پەرلەمان و بە کردەوەیەکی نایاسایی پەرلەمانی کوردستانی داخست. لەم قۆناغەشدا یەکیەتی نیشتمانی بە بێدەنگی خۆی ئەم کارەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی شەرعییەت پێدا.

٥- دوای ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیاری کشانەوەیدا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەبری هاوهەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان، هەستان بە پڕکردنەوەی بەشێک لە پۆستەکانیان، بەو شێوەیەش جارێکی دیکە پارتی دیموکراتیان تەنیا نەکرد و کارەکەیان بۆ شەرعاند.

٦- دواخستنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و لەکارخستنی داموو دەزگاکانی هەرێم، لێرەشدا یەکێتی نیشتیمانی هاوهەڵوێستی پارتی دیموکرات بوو، ئەوەمان بیر نەچێت کە ماوەیەک کائینی گەورە واتە ( مسرور بارزانی) دەستکاری بودجەی شەخسی کائینی بچوک واتە جێگری سەرۆکی حکومەتی کردبوو

لەو ماوەیەشدا ویستیان بیکەنە دەستکەوت و نەچونەوە هەولێر بەڵام دوای ماوەیەک ڕێی هەمیشەی خۆیان گرتەوە بەرو دیسان پارتیان کردەوە بە برا گەورە.

٧- بایکۆتی مامۆستایان یەکێک بوو لە جوانترین ناڕەزایەتیەکان لە ماوەی ٣٣ ساڵی ڕابردوودا ئەنجام درابێت، ئێهـ هەموومان بیرمانە جێگری سەرۆکی حکومەت بەدەیان زەخت و فشارو دواجار بە دەیان بەڵێنی بێ کردار کۆتایی بە خۆپیشاندانەکان هێنا.

ئەوە مێژووی یەکێتیە لە بەرانبەر پارتیدا، واتە یەکێتیە ڕاستەقینەکە نەک ئەوەی میدکانیان باسی دەکەن.

دەڵێن یەكێتی هێزە لەبەرانبەر پارتیدا!

بەڵێ هێزە تا ئەو کاتەی پارتی مەرحەبای ناکات، ئەگینا خۆ بە قسەی خۆیان بێت هەرکات کاک مسعودی مامیان بڵێت مەرحەبا، ئەمان بە هەردوو دەست دەڵێن: وعلیکم سلام.

News Code 223262

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha