بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوهندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران تاوتوێ کرا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر برەودان بە پەیوەندیی دوولایەنە لەسەر بنەمای بەرژەوەنديی هاوبەش.
سەرۆکی حکوومەت وێڕای دووبارە دەربڕینی هاوخەمی بۆ گیانلەدەستدانی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران و یاوەرانیان، جەختی لە گرنگیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە کردەوە.
سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە هەموو بوارەکاندا دووپات کردەوە.
هەروەها سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هاریکاری و ئاسانکارییان بۆ زیارەتکارانی ئێرانی کە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەکەن.
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، ئاماژەیان بە گرنگیی سەردانەکە و گفتوگۆکان بە ئاراستەی باشترکردنی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کرد.
لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا مەسروور بارزانی گوتی: بە ناوی حکوومەت و خەڵکی هەرێمی کوردستان بە خێرهاتنێکی گەرمی عەلی باقری سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێرانی بۆ عێراق و بەغدا و هەولێر دەكەم.
سەبارەت بە كۆبوونەوەكەش، سەرۆكی حكوومەت گوتی: ئێمە کۆبووەنەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ سەپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەبووە سەبارەت بە پەرەپێدانی پەیوەندیی دوو لایەنە، هەروەها لەسەر چۆنیەتی باشترکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق بە تایبەتیش هەرێمی کوردستان؛ لەگەڵ باشترکردنی سەقامگیری سیاسی لە ناوچەکەدا.
مەسروور بارزانی ئاماژەشی دا: لەگەڵ جەنابی عەلی باقری تاوتوێی کێشە و گرفتە ئەمنییەکانی ناوچەکەمان کرد و هەردوولا هاوڕابووین لەسەر ئەوەی سەقامگیریی ناوچەکە لە بەرژەوەندیی دوو لایەنە و هەموو ناوچەکەدایە.
بڕیاریشە هەر ئەمڕۆ هەینی لە سەردانەكەی بۆ هەولێر، عەلی باقری سەپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە، دواتریش سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکات و لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی کۆ دەبێتەوە.
Your Comment