بەپێی هەواڵی کوردپرێس، شاندێکی بازرگانیی قەزوین سەردانی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی لقی هەولێریان کرد و لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان لە ئامانجە هاوبەشەکانی هەردوولا کرد.
مێهدی عەبدیان سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکانی قەزوین لەدوای کۆبووەنەوەیان لەگەڵ یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەولێر، دەڵێت: "لە ماوەی ۱۵ ساڵی ڕابردوو ۵۰% بەرهەمەکانیان هەناردەی عێراق کردووە و ۷۰%ـی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە هەناردە کراوە و بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان ئامانجی سەرەکی ئێمەیە".
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی قەزوین بە رووداوی راگەیاند، عێراق و هەرێمی کوردستان، "دۆست و دراوسێ ئێمەن و من خۆم نزیکەی ۲۱ ساڵ لێرە چالاکی دەکەم. پارێزگای قەزوین یەک لە سەر سێی هەناردەکردنەکانی بۆ هەرێمی کوردستان بووە. یەکێک لە بازاڕە گەورەکانە بۆ ئێمە و دەمانەوێ گەورەتری بکەین و پشکی زیاترمان هەبێت".
عەبدیان گوتیشی: "ئێمە سێ هەزار و ۷۴۰ یەکەی پیشەسازیمان هەیە لە کەرتی تایبەت و دەوڵەتیش، لە کەرتی کشتوکاڵ هەزار و ۵۱ یەکەی بەرهەمهێنانمان هەیە و هەروەها لە بوارە جیاوازەکان، لە بواری بیناسازی هەموو جۆرە بەرهەمێکمان هەیە، لە ۵۰% بەرهەمهێنانی کاشی و سیرامیکی ئێران لە شاری ئێمەیە. ئێمە هەروەها لەسەر کاستی ئێران دووەم بەرهەمهێنەری مێوژ و زەیتوونین".
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی قەزوین دەشڵێت: دوو مانگ پێش ئێستا لە رێگەی ژووری بازرگانیی قەزوین نووسینگەیەکمان لە هەولێر کردەوە و نوێنەرمان هەیە لێرە تا بتوانین پەیوەندیی باشتر لەگەڵ ژووری بازرگانیی هەولێر و یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەولێر دروست بکەین، لێرەش داوام لە بەرپرسان کرد و دیسان داوا دەکەم سەردانی قەزوین بکەن، شاری ئێمە شارێکی جوانە و زۆرترین ئاسەواری مێژوویمان هەیە".
لەبارەی پەیوەندییەکانی ئەو دوو شارەوە لە بواری بازرگانیدا، سەرۆکی لقی هەولێری یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران بە رووداوی راگەیاند، یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانیکردنی سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی پارێزگای قەزوین کە هاوکات سەرۆکی ژووری بازرگانیشە، بۆ ئەوەیە "بەشداری لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بکەن، کە نزیکەی ۵۰ کۆمپانیای خاوەن کارگەن و دەیانەوێ زیاتر بەرهەمەکانی خۆیان بە هەولێر بناسێنن".
ڕەسوول حاجی عومەر ئاماژەی بەوەشکرد: "لە کۆبوونەوەکەمان لەگەڵ شاندی بازرگانیی قەزوین باسمان لە چۆنیەتی دامەزراندنی کارگە کردووە، هاوشێوەی ئەو کارگانەی کە لە پارێزگای قەزوین هەیە".
هەرێمی کوردستان و ئێران، نزیکەی ۶۵۰ کیلۆمەتر سنووری هاوبەشیان هەیە. ۷ دەروازەی سنووریی لەنێوانیان هەیە و قەبارەی بازرگانییەکەی بە ترانزێتەوە زیاتر لە ۷ ملیار دۆلارە لە ساڵێکدا.
Your Comment