کوردپرێس دەقی نامەکەی ئەدهەم بارزانی بڵاو دەکاتەوە:
بەناوی خوای گەورە و میھرەبان
( وَالَّذِينَ هَاجَرُوا فِي اللَّهِ مِنْ بَعْدِ مَا ظُلِمُوا لَنُبَوِّئَنَّهُمْ فِي الدُّنْيَا حَسَنَةً )
نامەیەكی كراوە بۆ:
- ڕای گشتیی عێراق و كوردستان
- نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان
- قونسوڵیەت و سەفارەت و نوێنەرایەتی وڵاتان، لەهەرێمی كوردستان و عێراق
- دەزگایی باڵای قەزایی عێراق
بەڕێزان :
لە ڕۆژێكی وەكوو ئەمڕۆ دا، لە ٥-٦-٢٠٢٢، دوو ساڵ پێش ئێستا بە فەرمانێکى خودى سەرۆکى پارتى، بە پێچەوانەی یاسایەكانی كوردستان و دەستووری عێراق، لەڕێگەی هێزەوە ڕێگەیان نەدا بگەڕێمەوە بۆ زێدی خۆم و ناو ماڵ و مناڵەكانم، ئەم بڕیارە نادەستووری و نادادپەروەرییە تا ئەمڕۆ بەردەوامە كە سبەینێ دەچێتە سێهەم ساڵەوە.
ئاشكرایە ئەم گوشارە بۆ وەدەرنانم لەزێدی خۆم پێچەوانەى دەستوورى هەمیشەیى عێراق و زەوت كردنی مافى هاوڵاتى بوونە بەبێ بوونی هیچ پاساوێكی ڕاگەیەنراوی دیاریكراو، خۆ گەر دەوترێت ئەم یاسا شكێنییە هۆکارى ئەوە بوو كە چەند هەڵوێستێكی جیاوازم لە وان نیشانمداوە، ئەوە وەک هەر هاولاتیەكی ئەم وڵاتە بە مافی خۆمی دەزانم كە جیاواز بیربكەمەوە كە ئەمە یاساشكێنی نیە، نەک بەم شێوەیەیی ئێستا وەک ئاكاری تاكڕەوی مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیەكدا بكرێت بەبیانووی بیركردنەوەی جیاوازەوە.
هەڵویستی من دەربارەی گیراوەكانی بادینان و لەشكركێشی سوپای توركیا بۆ ناوخاكی هەرێم و بەرگری لە مافە ڕەوایە مێژوویەكانی خۆمان كە زەوت و پێشێل و چەواشەكراون، بوو.
هاوكات ئەمانە هەڵوێستی هەزاران هاوڵاتیی تری ئەم نیشتمانەیە، ناكرێت و ناگونجێت لەگەڵ یاسا بەركارەكانی ئێستای عێراق و هەرێمیش لایەنێكی سیاسی بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ بیروڕای جیاواز بكات و حەق بەخۆی بدات سەرتاپای خانەوادەیەک لێک دوور بخاتەوە و دەربەردەر بكات..!
بەرێزان:
من دادی خۆم دەخەمە بەردەم ئێوەی بەرێز، تا لەڕێگەی خۆتانەوە لێكۆلێنەوە لەم بابەتە بكەن، چونكە وەک هاوڵاتیی ئەم وڵاتە بەنیازین ڕۆلی سیاسی خۆمان ببینین و پاش ڕاوێژ لە گەل ھەڤاڵان و ھەواداران لە هەڵبژاردنی ئایندەی هەرێمی كوردستان ڕۆڵمان هەبێت و دەمەوێت لەئێستاوە لەو پرسە ئاگادارتان بكەمەوە نەبا بەو بەهانە بێ بنەمایانەوە بیانەوێت ئەو مافەشم لێ زەوت بكەن، هەروەها بەدڵنیاییەوە لەبەرامبەر ئەم سووكایەتی و یاساشكێنییەی بەرامبەرم كراوە بێدەنگ نابم و ڕوو دەكەمە دادگا و داوا لە سەروكی ئەنجومەنی قەزایی باڵا و دادگای فیدڕاڵی لە عێراق دەكەم بۆ وەرگرتنەوەی مافە زەوتكراوەكانم و داوا لە ھەمووی ئێوەی بەرێز و ھاوڵاتیانی كوردستان و لایەن و میدیاكاران و حزب و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان و عێراق و دەرەوەیەكان و قەڵەم بە دەستان دەكەم كە ڕێگربن و دەنگتان بەرز بكەنەوە بەرامبەر ئەم جۆرە حوكمڕانیە ڕەھا و بێ چاودێریە كە سبەینێ ئەم ئاگرە بەردەبێتە دامەنی ھەر تاكەكی وڵاتەكەمان.
براتان
ئەدھەم عوسمان شێخ ئەحمەد بارزانی
٥-٦-٢٠٢٤
بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- ئەدهەم بارزانی لە ڕێگای نامەیەکی کراوەوە، ڕای گشتیی عێراق و كوردستان، نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان، قونسوڵیەت و سەفارەت و نوێنەرایەتی وڵاتان، لە هەرێمی كوردستان و عێراق و دەزگایی باڵای قەزایی عێراق دەکاتە بەردەنگ و باس لە زەوت کردنی مافی هاووڵاتی بوونی خۆی لەلایەن پارتی دیموکراتەوە دەکات.
News Code 223620
Your Comment