پێش لە لەدایک‌بوونی؛ حزبەکەی ئەدهەم بارزانی جیابوونەوەی تێکەوت

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- هەرچەندە وابڕیاربوو ئەدهەم بارزانی ڕەوتێکی سیاسی بە ناوی "هێڵی سێیەم" ڕابگەیەنێت و پێشتر ئەندامانی لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە وردەکاری کاری سیاسی ڕەوتەکەیان خستە ڕوو، بەڵام ڕەوتەکە ئێستا ناکۆکی تێکەوتووە و بەشێک لە ئەندامانی لە دەرەوەی ئەدهەم بارزانی ئامادەکاری دەکەن بۆ دامەزراندنی ڕێکخراوێکی سیاسی کە بە وتەی خۆیان تەواو جیاوازە لە ڕەوتەکەی پێشوویان.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، وریا سەعید ڕەواندزی کە مانگی ۷ی ساڵی ڕابردوو وەک وتەبێژی ڕەوتەکەی ئەدهەم بارزانی دەرکەوت، ئەوکات لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ڕەوتەکەیان بە سەرۆکایەتی ئەدهەم بارزانی دەبێت و چەقی قورسایی سیاسیشیان سلێمانی و کەرکوک دەبێت. بەڵام لە وتووێژێکی نوێدا ئەمڕۆ ۲۳ی مانگی ۱ی ۲۰۲۴ وریا سەعید ڕەواندزی ڕایگەیاند، ڕێکخراوێکی سیاسی نوێیان دروست کردووە دوور لە ئەدهەم بارزانی.

وریا سەعید ڕەواندزی بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاندووە، "پرۆژە نوێیەکەمان ڕێکخراوێکی سیاسی دیموکراسیە. ئامانجمان بەدیهێنانی خۆشگوزەرانیە بۆ خەڵک و دابین کردنی ئازادیە. بانگەشەمان گەشتنە بە دەسەڵاتی سیاسی و لەوێوە چاکسازی دەست پێبکەین."

ڕەواندزی وتیشی، "پرۆژەکە تەواو لەوەی پێشتر جیاوازە و پرۆژەی خەڵکە لەلایەن کۆمەڵێک چالاکوان و ئەکادیمیەوە ئامادە کراوە، بەم نزیکانەش کۆنگرەی خۆمان دەبەستین."

سەبارەت بە ڕۆڵی ئەدهەم بارزانی سەرۆکی ڕەوتەکەی ڕابردوویان، وریا سەعید، وتی: "ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە و دەرگامان کراوەیە، ناردوومانە بۆ هەموو حزب و ڕێکخراوەکان هەرکەسێک بیەوێت خۆی بە خزمەتکاری گەل و نیشتیمان بزانێت ئێمە لەگەڵی کۆ دەبینەوە."

بەڵام دەنگی ئەمریکا لە سەرجاوەیەکەوە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت زانیوێتی، هۆکاری سەرەکی نیگەرانییەکان لە ئەدهەم بارزانی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە گوایە ئەو پشتگیری یەکێتی کردووە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقدا.

لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، لە چەند میدیایەکی عەرەبی و کوردی دەنگۆی ئەوە بڵاوکرایەوە بەمنزیکانە حزبێک بە ناوی "حزبوڵای کوردستانی عێراق" دروستدەکرێت کە باڵی چەکداری دەبێت و لەلایەن ئەدهەم بارزانیەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.

دەنگی ئەمریکا لەسەر ئەم پرسە و کۆتایی هاتنی ڕەوتە سیاسیەکەی پەیوەندی کرد بە ئەدهەم بارزانی.

سەبارەت بە حزبی حزبوڵای کوردستانی ڕایگەیاند، "منیش وەک ئێوە لە ڕاگەیاندا ئەم بابەتەم بینیوە و لەوە زیاتر نییە." بەڵام ئامادە نەبوو هیچ لێدوانێکی تر بدات.

جیاواز لە ناوی حزبە کۆنەکە، حزبە نوێیەکەی کە لەلایەن هاوڕێکانی ئەدهەم بارزانیەوە دروستدەکرێت، ناوی "ئاڕاستەی چاکسازی نیشتیمانیە" و دەڵێن بارەگایان لە هەموو کوردستان و عیراقیش "بە پێی پێویست" دەبێت.

وریا سەعید ڕایگەیاند، "پڕۆژەکەمان پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و پێویستی بە هێز و توانای کۆمەڵێک حزب و ڕیکخراوی سیاسی هەیە، دەنگە نارازیەکان کۆ بکەینەوە لەژێر پرۆژەکەماندا."

وتیشی،" هاوتەریب نین لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمدا. یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکان بۆ دروستبوونی پڕۆژەکەمان ئەوەیە کە دەسەڵاتداران لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا کەمترین خواستەکانی خەڵکی خۆمانیان بەدیهێناوە، هەروەها حکومەت پارچەیە و دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا زۆنی سەوز و زۆنی زەرد، وە هێزێکی یەکگرتوومان نییە کە بتوانێت سەروەریەکانی هەرێمی کوردستان بپارێزێت، ئەمانە وایکرد ئەم پرۆژە سیاسیە پێش بخەین."

"حزبە نوێکە" لە ئێستادا پرۆژەیەکی ئامادەکردووە کە وێنەیەکی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتووە و بە گوێرەی پرۆژەکە بێت ڕەوتەکە بانگەشەی ئەجێندای جیاواز دەکات لە بوارەکانی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی و کارگێڕیدا و لە ئێستاشدا ئەندامانی ئادەکاری فراوانبوونی پێگەی جەماوەری خۆیان دەکەن.

News Code 222940

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha