بۆریی نەوتی کەرکووک-تورکیا تاقیکرایەوە

بەشی عێراق و هەرێمی کوردستان- وەزارەتی نەوتی عێراق تاقیکردنەوەی یەکەمی بۆ ئەو بۆرییە کرد کە بڕیارە نەوتی پارێزگای کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا بگوازێتەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە ڕووداوی ڕاگەیاندووە ئەم هەفتەیە عێراق تاقیکردنەوەی یەکەمی بۆ بۆرییەکە کردووە، تاقیکردنەوەکەش لە رێگەی وێستگەکانی پاڵپێوەنانەوە بووە لەو سێ وێستگەیەی لەسەر بۆرییەکە هەیە.

سێ وێستگەکەی بۆرییەکە یەکێکیان لە کەرکووکە، دووانەکەی دیکەش لە بێجی و مووسڵن.

سەرچاوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق گوتی: "بڕیارە بەمنزیکانە تاقیکردنەوەی دووەم لە رێگەی بەکارهێنانی گازەوە بکرێت."

بۆرییەکە کە ئێستا ۱۰۰٪ چاککراوەتەوە، لە تاقیکردنەوەی یەکەمدا بەبێ کێشە بووە، بڕیارە لە قۆناخی دووەمدا تاقیکردنەوەکە بە تەواوی و پشکنینی کۆتایی بۆ بکرێت پێش ئەوەی نەوتی پێدا هەناردە بکرێت.

سەرچاوە ئاگادارەکەی وەزارەتی نەوت باسی لە کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتەکە کرد کە لەم هەفتەیە بۆ ئەو مەبەستە کراوە و باسی هەناردەکردنی نەوتی کەرکووکی تێدا بۆ تورکیا کراوە.

زیاتر لە سێ مانگ دەبێت وەزارەتی نەوتی عێراق لە رێگەی چەند تیمێکی هونەرییەوە سەرقاڵی چاککردنەوەی بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهانە، کە نەوتی کەرکووک بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا دەگوازێتەوە.

بۆرییەکە لەساڵی ۲۰۱۴ و دوای هێرشی چەکدارانی داعش بۆ سەر مووسڵ ڕاوەستا، بەتایبەت دوای ئەو کێشە و کونانەی لە بۆرییەکەدا دروستکران.

بۆریی نەوتی کەرکووک - جەیهان، لە دوو بۆریی ۴۰ و ۴۶ ئینجی پێکدێت لەساڵی ۱۹۷۷ و ۱۹۷۸ بەدوای یەکدا کراونەتەوە، پێشتر بڕی ۳۰۰ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی پێ هەناردە دەکرا، بەڵام لە دوای ساڵی ۲۰۰۳ـیەوە ڕووبەڕووی کاری تێکدەرانە بووەوە.

بۆرییەکە نزیکەی ۹۷۰ کیلۆمەتر درێژ دەبێت، بەشی زۆری بۆرییەکە کە نزیکەی ۶۶۰ کیلۆمەتر دەبێت دەکەوێتە نێو خاکی تورکیا، نزیکەی ۳۱۰ کیلۆمەتریشی دەکەوێتە نێو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق.

بۆرییەکە نەوت لە بەشێک لە کێڵگەکانی کەرکووکەوە بەرەو پارێزگای نەینەوا و لەوێوە بەرەو پارێزگای دهۆک دەگوێزێتەوە و پاشان دەچێتە بەندەری جەیهانی تورکیا و لەوێوە بەرەو بازاڕەکانی جیهان.

لە ۲۵ـی ئادارى ۲۰۲۳ـوە هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە ڕاگیراوە، ئەوەش دوای بڕیارێکی دەستەی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی لە پاریس لەسەر سکاڵایەکی عێراق دژی تورکیا.

جگە لە نەوتی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان، بۆریی نەوتی کوردستان بەشێک لە نەوتی کێڵگەکانی کەرکووکیشی پێ دەگوێزرایەوە، بەڵام لە دوای بڕیارەکەی یانەی نێوبژیوانی پاریس هەناردەکردنی ئەویش هاوشێوەی نەوتی کوردستان ڕاگیرا.

News Code 223317

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha