پەکەکە لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت، حکوومەتی عێراق تەنها لە شەنگال و مەخموور دەتوانێت هاوکاریی تورکیا بکات

بەشی جیهان- ڕاوێژکارێکی سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەگەری ڕووبەڕوبوونەوەی حکوومەتی عێراقی لەگەڵ پەکەکە لە قەندیل بە دوور دەزانێت بەوپێیەی "پەکەکە لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت."

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، بابەکر زێباری، ڕاوێژکاری سەربازیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "حکوومەتی عێراق ئەگەر بیەوێت لە شەڕی پەکەکە هاوکاریی تورکیا بکات، تەنها دەتوانێت لە شەنگال و مەخموور هاوکاری بکات کە لەژێر دەسەڵاتی خۆیدان، ئەگینا پەکەکە لە قەندیل کۆنترۆڵ ناکرێت."

دەشڵێت، "پەکەکە لە شەنگال لە ژێر چەتری حەشدی شەعبیدا جموجۆڵ ئەنجامدەدەن و چالاکی دەکەن."

ڕۆژی دووشەممە، ۲۲ی مانگی ۴ی ۲۰۲۴، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا سەردانی عێراقی کرد و لەگەڵ حکوومەتی عێراق نزیکی چەندین ڕێکەوتنامەی جیاوازی لە بوارەکانی ئاسایش و ئابووری و گەشەپێدان لە نێوان هەردوو وڵات واژۆ کرد.

پاش کۆبوونەوەیەکی چەند کاتژمێری و واژۆکردنی ڕێککەوتنامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان ڕایگەیاند: "پێشوازی لەوە دەکەین پەکەکە وەکوو ڕێکخراوێکی قەدەغەکراو لە عێراق دانراوە، گفتووگۆمان کرد لەبارەی هەنگاوی هاوبەشمان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەکەکە."

لای خۆیەوە محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق وتی: "ڕێگە بە هیچ هێزێک نادەین خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر خاکی دراوسێمان."

سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و واژۆکردنی ڕێککەوتنامەی نێوان وڵاتەکەی و عێراق بەشێکە لە ڕێککەوتنێکی درێژخایەنی سێ قۆڵیی نێوان تورکیا، عێراق و ئێران کە چەندین مانگە گفتووگۆ لەسەر خاڵەکانی دەکەن.

سەرچاوە بەرپرسەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "تورکیا هات لەگەڵ عێراق ڕێککەوت و دواتر ئەردۆغان سەردانی هەولێر دەکات، پەیامی ئەوە دەگەیەنێتە بەرپرسانی هەرێم دژایەتی ڕێککەوتنەکە نەکەن. دواتر ئەردۆغان سەردانی ئەمریکاش دەکات و داوای پشتگیری دەکات لەبەرامبەر ئەوەی کاری بۆ سەقامگیری لە ناوچەکە کردووە."

دەشڵێت: "لە قاڵبدانی پەکەکە و حزبە کوردییەکانی ئێران بەشێکە لە ڕێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان ئێران، تورکیا و عێراق؛ سەرەتا ئەو حزبانە لە قاڵب بدرێن و دواتر جووڵەیان دەستنیشان بکرێت. پلانەکە وایە ڕێگە لە جووڵەی پەکەکە بگیرێت دژی تورکیا و کێشەی بوونی پەکەکەش لە شەنگال چارەسەر بکرێت."

ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و بەرپرسانی باڵای عێراق، ۲۶ ڕێککەوتن و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە بوارەکانی ئاسایش، بازرگانی، ئاو، ڕێگەی گەشەپێدان و چەند بوارێکی دیکە واژۆکرد.

نازم دەباغ، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێران، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند: "هیوادارین سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق و هەرێم، ئاسایش و سەقامگیری بەدوای خۆیدا بهێنێت و ببێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان عێراق و کورد و تورکیا."

سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق لەکاتێکدایە، بەرپرسانی باڵای تورکیا ئاماژە بە ئەنجامدانی هێرشێکی بەرفراوان لە ماوەکانی داهاتوودا بۆ سەر ناوچە سنوورییەکانی هەرێم دەکەن بە بیانووی بوونی چەکدارانی پەکەکە لەو ناوچانە.

News Code 223393

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha