وتەبێژی کەمپی مەخموور بەیاننامەکەی دژە تیرۆری کوردستان ڕەت دەکاتەوە

وتەبێژی کەمپی مەخموور سەر لەبەری بەیاننامەکەی دژە تیرۆری کوردستان ڕەت دەکاتەوە کە باس لە کوژران و برینداربوونی ۳ چەکداری پەکەکە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، گەر کوژراو و بریندار هەبێت نایشارینەوە و بۆ ڕایی گشتی بڵاو دەکەینەوە.

سەرلەبەیانی ڕۆژی دووشممە ۱۶ی مانگی ۹ی ۲۰۲۴، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردوومانی باخێکی لە نێو کەمپی ئاوارەکانی مەخموور کرد و سەرەتا وا لە میدیاکان بڵاوبوویەوە کە بوتڵی غاز تەقیبێت، دواتر ئیدارەی کەمپی مەخموور، وتی: "درۆنی تورکیا بۆردوومانی کردووە و زیانی گیانی نییە".

هێندەی نەبرد دژە تیرۆری کوردستان پێچەوانەی وتەکانی ئیدارەی کەمپی مەخموور لە پەڕەی فەرمیاندا ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە کە بە گوێرەی زانیاریەکانیان، "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا بنکەیەکی کۆبوونەوەی ئەندامانی پەکەکەی لە کەمپی مەخموور کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە کەسێک کوژراوە و دوانی دیکەش برینداربوونە کە لەنێو کوژراو بریندارەکاندا بەرپرسی پەکەکە هەیە".

بێوار ئەمین، ئەندامی بەڕێوەبردنی لیژنەی پەیوەندیەکانی کەمپ و وتەبێژی کەمپی مەخموور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کاتژمێر ۱۰ی بەیانی بوو، دەنگێکی بەهێز لە نێو باخێکی نێو کەمپی مەخموور بەرزبوویەوە و خەڵکی ناو کەمپە چونە شوێنەکە و بوتڵێکی غازیان بینی کە ئاگری گرتووە، سەرەتا هەموان وایانزانی کە بوتڵی غاز تەقیوە، بەڵام دواتر دەرکەوت کە درۆنی تورکیا بۆردومانی کردووە".

سەبارەت بەو بەیاننامەیەی کە دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردوەوە، وتەبێژی کەمپی مەخموور وتیشی، "بەهیچ شێوەیەک هەواڵەکە ڕاست نییە، چەند سایتێکی ئەوان سەرەتا وتیان بوتڵی غاز تەقیوە، دواتر گوڕا بەوەی شەهید هەیە، بۆیە گەر شتی وا بووبێت ئەوە ئێمە نایشارینەوە و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکەین، چونکە گەر خەڵک کوژرا بێت یان بریندار دەبرێنە نەخۆشخانە".

لە نێو ئەم مانگەدا ئەمە دووەمجارە کە درۆنی تورکیا بۆردومانی کەمپی مەخموور دەکات، کەمپەکە تەنها حەوت سەد مەتر دوورە لە مەخموورەوە و دانیشتوانەکەی پێی دەڵێن کەمپی( شەهید ڕۆستەم جوودی) و لە ساڵی ۱۹۹۸ لە بنای چیای قەرەچووخ لە ڕۆژهەڵاتی مەخموور بۆ پەنابەرانی کوردانی باکووری کوردستان دروستکراوە و بەپێ ئامارەکانی ئیدارەی حکوومەتی خۆجێی شارەکە بێت نزیکەی هەشت بۆ نۆ هەزار کوردی باکوری تێدا نیشتەجێیە.

تورکیا کەمپی مەخموور وەک قەڵایەکی پەکەکە سەیری دەکات، بەردەوام لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە دەکرێتە ئامانج، بەڵام بێوار ئەمین، وتەبێژی کەمپی مەخموور، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە هیچ چەکدارێکی پەکەکە لە نێوکەمپەکەدا نەماوە و ڕاشیگەیاند: "بەفەرمی حکوومەتی عێراقی ئاگادارە لە نەمانی چەکداری پەکەکە و لیژنەی بەردەوامی حکوومەتی عێراقی لەناو کەمپدان بۆ چارەسەری کێشەکان، کەچی تورکیا بۆردومان دەکەن و چارەسەری ئەم دۆخەیان بۆ نەکراوە".

کەمپی ئاوارەکانی مەخموور، تەواوی دانیشتوانەکەی کوردی تورکیان و خەڵکی سنوری نێوان عێراق و تورکیان و لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە لەبەر کوشتن و سووتاندنی باخەکانیان و دەستگیرکردنیانەوە ئاوارەی ئەوروپا و هەرێمی کوردستان بوون.

News Code 224102

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha