بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەکەدا هاتووە، تورکیا بە چڕی هەوڵەکانی لەڕێگەی ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی میت، بۆ پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک و بێبەشکردنی یەکێتی لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنەکە دەستپێکردووە، هاوکات دەشڵێت، تورکیا ڕۆڵی هەیە لە دانوستانی لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن و کۆکردنەوەیان لە یەکتر، جگە لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
بەوتەی سەرچاوەیەک کە بۆ ڕۆژنامەکە قسەیکردووە، کاڵن لە ماوەی هەفتەیەکدا دووجار سەردانی عێراقی کردووە و ئەجێندای سەردانەکەی، مەلەفی پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەوا بووە.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکەی العرب، سەرەڕای ئەوەی یەکێتی لەنێو لیستە کوردییەکان براوەی هەڵبژاردنە، بەڵام تورکیا دەیەوێت لەپرسی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک پەراوێزی بخات، هاوکات ڕێگە نەدات یەکێتی پۆستی پارێزگاری کەرکووک وەربگرێت.
هەر لەدوای سەردانەکەی کاڵن بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ مەسعوود بارزانی، سەرۆکی پارتی، ئەندامانی ئەنجومەنی نوێی پارێزگای کەرکووک سوێندین یاساییان خوارد و دەستکرا بە دروستکردنی ئەنجومەنەکە.
بەگوێرەی العرب، لەژێر فشاری ئیبراهیم کاڵن، پارتی کۆبوونەوەی هەفتەی ڕابردووی لەگەڵ یەکێتی هەڵوەشاندەوە، کە بڕیاربوو دەربارەی پێکهێنانی حکوومەتی خۆجێی کەرکووک کۆ ببنەوە، هاوکات پارتی بەڵێنی بە سەرۆکی میت داوە، لەگەڵ یەکێتی لە کەرکووک هاوپەیمانێتی نەبەستێت.
Your Comment