بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی پەسندکردنی دەستبەجێی ئەو پڕۆژەیاسایەی کە بە "یاسای چوارچێوەیی" ناسراوە بۆ پێشخستنی پرۆسەی ئاشتی، ڕایگەیاند کە ئەم یاسایە دەبێت گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بە گەرەنتیی یاسایی و بێ جیاکاری بڕەخسێنێت. ئەو هۆشداریی دا کە هەر جۆرە دواکەوتنێک لە پەسندکردنی ئەم یاسایەدا، زەمینە بۆ بەردەوامیی ڕێبازە ئەمنییەکان و نەیارانی پرۆسەی ئاشتی خۆش دەکات.
تونجەر باکرهان، لە کۆبوونەوەی هەفتانەی فراکسیۆنی دەم پارتی لە پەرلەمانی تورکیا، پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" بە یەکێک لە گرنگترین دەرفەتەکانی مێژووی سیاسیی ئەو وڵاتە دانا و داوای پەسندکردنی هەرچی خێراتری "یاسای چوارچێوەیی" کرد بۆ جێگیرکردنی ئەم پرۆسەیە.
ئەو بە ئاماژەدان بەو هەنگاوانەی کە تا ئێستا لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتیدا نراون، لەوانە پێکهێنانی لێژنەی پەرلەمانی، سەردانی ئەندامانی ئەم لێژنەیە بۆ ئیمرالی و ئامادەکردنی ڕاپۆرتی پەیوەندیدار بەوەوە، ڕایگەیاند کە ئەم هەنگاوانە پشتگوێ ناخات، بەڵام جەختی کردەوە بۆ توندوتۆڵکردنی پرۆسەی ئاشتی دەبێت هەرچی خێراتر چوارچێوەیەکی یاسایی دروست بکرێت.
باکرهان بە دەربڕینی ئەوەی کە "ڕێگەی بەدیهێنانی ئەم ئامانجە، پەسندکردنی یاسای چوارچێوەییە"، زیادی کرد: «گواستنەوەی کێشەیەکی سەد ساڵە لە کایەی توندوتیژییەوە بۆ کایەی یاسا، کارێکی سادە نییە. ئەم یاسایە دەبێت هاوتەریب لەگەڵ گرنگیی ئەم بەرپرسیارێتییە، ئازایانە و بە ڕوانینێکی داهاتووناسانە دابڕێژرێت.»
ئەو وتی کە چاوی زۆرێک لە هاووڵاتییان، لەوانەی کە چاوەڕێی گەڕانەوەن لە چیاوە تا بەندکراوان، بەندکراوە نەخۆشەکان، تاراوگەنشینان و بنەماڵەکانیان، بڕاوەتە ئەم یاسایە و هەمووان چاوەڕێن ببینن پرۆسەی ئاشتی چۆن لە قاڵبی یاسادا گەرەنتی دەکرێت.
هاوسەرۆکی دەم پارتی جەختی کردەوە کە یاسای چوارچێوەیی دەبێت دەرفەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەی ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە، بە پاراستنی کەرامەتی مرۆیی و بێ هیچ جیاکارییەک دەستەبەر بکات. ئەو زیادی کرد: «داهاتووی مرۆڤەکان ناکرێت بە ئارەزووی فەرمانبەرێک، داواکارێکی گشتی یان دادوەرێک بسپێردرێت. ئەگەر بڕیارە گەڕانەوەیەک ڕووبدات، دەبێت گەرەنتیی یاسایی هەبێت و یاسا بۆ هەمووان بە یەک شێوە جێبەجێ بکرێت.»
باکرهان لە درێژەدا وتی: «نابێت بوترێت ئەم یاسایە هەندێک کەس دەگرێتەوە و هەندێکی تر ناگرێتەوە. ئەگەر بڕیارە دەرگایەک بەرەو ئاشتی بکرێتەوە، ئەو دەرگایە دەبێت بە ڕووی هەموو ئەو کەسانەدا واڵا بێت کە دەیانەوێت پێیدا تێپەڕن.»
هەروەها داوای داڕشتنی یاسایەکی ڕوون و بێ تەمومژی کرد و وتی: «ئەم یاسایە نابێت ڕێگە بۆ لێکدانەوەی ئەمنی یان سەرپێچیانە واڵا بکات، بەڵکوو دەبێت متمانە بە کۆمەڵگە ببەخشێت و دەرفەتی گەڕانەوەی کەسەکان بە پاراستنی ڕێز و کەرامەتیان بڕەخسێنێت.»
باکرهان لە بەشێکی تری قسەکانیدا لەسەر پێویستیی خێراکردنی جێبەجێکردنی چاکسازییە دیموکراتییەکان جەختی کردەوە و وتی کۆمەڵگە چاوەڕوانە پرۆسەی دیموکراسیخوازی بێ دواکەوتن بەردەوام بێت، دیموکراسیی خۆجێیی بەهێز بکرێت و کۆتایی بە سیاسەتی داکوتانی قەیوم بەسەر شارەوانییەکاندا بهێنرێت.
ئەو بە هۆشداریدان لە دەرئەنجامەکانی دواخستنی پەسندکردنی یاسای چوارچێوەیی وتی: «هەر ڕۆژێک دواکەوتن، دەرفەتێکی نوێ دەداتە دەست ئەو کەسانەی کە لە ئاشتی دەترسن. تا ئەو کاتەی چاکسازیی یاسایی ئەنجام نەدرێت، نەخشە کۆنەکان، ڕێبازە ئەمنییەکان و ئەو لایەنانەی دژی چارەسەرکردنی کێشەکەن، هێشتا زەمینەی چالاکییان بۆ دەمێنێتەوە. بەو هۆیەوە، یاسای چوارچێوەیی ناکرێت بۆ پاییز یان کاتێکی تر دوا بخرێت.»
باکرهان لە کۆتاییدا داوای لە پەرلەمان، حکوومەت، پارتە نەیارەکان و هەموو لایەنە سیاسییەکان کرد کە ئەم بابەتە بە ململانێ سیاسییەکانی ڕۆژانەوە گرێ نەدەن و وتی: «ئاشتی بابەتێک نییە کە بتوانرێت دوا بخرێت. یاسای چوارچێوەیی دەبێت بێ ترس، بێ ڕاوەستان و بە ناوەڕۆکێکی ڕوون و متمانەبەخش هەرچی خێراتر پێشکەشی پەرلەمان بکرێت. خەڵکی ئەم وڵاتە چیتر چاوەڕوانی تێکهەڵچوون و کەڵەکەبوونی ئازار نین، بەڵکوو خوازیاری سەروەریی یاسان. لەبەر ئەوە جارێکی تر دەڵێین؛ یاسا هەر ئێستا، ئاشتی هەر ئێستا.»
Your Comment