بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «زاگرۆس هیوا» وتەبێژی کۆنفدراسیۆنی کۆمەڵگەکانی کوردستان (KCK) لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیای (The New Region) جەختی کردەوە: «ئەندامانی ئێمە هیچ تاوانێکیان ئەنجام نەداوە، بۆیە پێویستییان بە داواکردنی لێبوردن نییە.» ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە دەبێت بزووتنەوەی کورد لە تورکیا وەک بەشێک لە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلێک ببینرێت کە ساڵانێکی درێژە لە مافە سەرەتاییە مرۆییەکانی بێبەش کراوە.
هیوا بە ئاماژەدان بە تێپەڕبوونی زیاتر لە ٥٠ ساڵ بەسەر چالاکییەکانی پەکەکەدا، باسی لەوە کرد کە تێڕوانین بۆ کورد لە تورکیا لە دەستەواژەی وەک «تورکی کێوی»یەوە بۆ «برای تورکەکان» گۆڕاوە، بەڵام بە وتەی ئەو، ئەم گۆڕانکارییە زیاتر لە ئاستی وتاردا ماوەتەوە. وتیشی: «حکومەتی تورکیا چیتر نکۆڵی لە بوونی کورد ناکات، بەڵام لە سیستەمی یاسایی و دەستووردا تا ئێستا هیچ پێگەیەکی بۆ پێناسە نەکردوون.»
وتەبێژی کەجەکە هەروەها هەر جۆرە پلانێکی بۆ جیاکاریی یاسایی لەنێوان ئەندامانی پەکەکەدا ڕەتکردەوە و ئەوەی بە پێچەوانەی ڕەوتی چارەسەریی پرسەکە دانا. ناوبراو وتی ئەم جۆرە هەنگاوانە «جووڵەیەکی تێکدەرانەیە بۆ خستنە مەترسیی پرۆسەی ئاشتی».
لە ساڵانی دواییدا، بەرپرسانی تورکیا چەندین جار ڕایانگەیاندووە کە لە چوارچێوەی هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەریی ئاشتیدا، ڕەنگە ئەندامانی پەکەکە بەپێی ڕۆڵیان لە ململانێکاندا، ڕووبەڕووی مامەڵەی یاسایی جیاواز ببنەوە؛ بە شێوەیەک کە هەندێکیان دەرفەتی گەڕانەوەیان بۆ ناو کۆمەڵگە هەبێت و هەندێکی تریان ڕاوەدووی یاسایی بکرێن.
بەڵام لایەنە کوردییەکان ئەم تێڕوانینەیان بە «پەرتکەر و دابەشکەر» وەسف کردووە و جەخت دەکەنەوە کە پەکەکە پێکهاتەیەکی یەکگرتووە و دەبێت هەموو ئەندامانی بە شێوەیەکی یەکسان لە هەر چوارچێوەیەکی یاساییدا هەژمار بکرێن.
وتەبێژی کەجەکە هەروەها ڕایگەیاند کە پڕۆسەی ئاشتی بەبێ گەرەنتیی سیاسی و یاسایی لەلایەن ئەنقەرەوە بەردەوام نابێت. هیوا وتی: «ئێمە بەبێ گەرەنتیی پێویست ناچینە ناو هیچ قۆناغێکەوە.» ئەو ئیدیعای کرد کە حکومەتی تورکیا لە کردەوەدا پرۆسەی ئاشتیی ڕاگرتووە و بەردەوامبوونیشی بەستراوەتەوە بە بڕیاری حکومەتی ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانی.
ناوبراو هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە بزووتنەوەی کورد تا ئێستا چەندین هەنگاوی تاکلایەنەی وەک چەکداماڵین، لەناوبردنی چەکەکان و چوونە دەرەوەی هێزەکانی لە خاکی تورکیا ئەنجام داوە، بەڵام حکومەتی تورکیا هیچ هەنگاوێکی بەرامبەری نەناوە.
لە بەشێکی تری ئەم گفتوگۆیەدا، وتەبێژی کەجەکە باسی لە «گۆڕانی پارادایم» لە بزووتنەوەی ئازادیی کورددا کرد و جەختی کردەوە کە ئەم ڕەوتە چیتر بەدوای دامەزراندنی دەوڵەت-نەتەوە یان خەباتی چەکداریدا ناگەڕێت، بەڵکو تیشک دەخاتە سەر چالاکیی سیاسی و دیموکراتیک. لەگەڵ ئەوەشدا، جەختی کردەوە کە لە ئەگەری ڕووبەڕووبوونەوەی «کۆمەڵکوژی یان نکۆڵیکردن»، مافی بەرگریی ڕەوا پارێزراو دەبێت.
هەروەها سەبارەت بەو ڕاپۆرتانەی باس لە گۆڕینی ناوی پەکەکە بۆ «بزووتنەوەی ئاپۆیی» دەکەن، هیوا وتی بەکارهێنانی ئەم ناونیشانە بە واتای گۆڕینی فەرمیی ناوەکە نییە و تەنها ئاماژەیە بۆ چوارچێوەیەکی فکری کە ئیلهامی لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان وەرگرتووە.
لە ئایاری ٢٠٢٥دا، پەکەکە لە کۆنگرەیەکی گرنگدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق بڕیاری هەڵوەشاندنەوە و چەکداماڵینی دا؛ هەنگاوێک کە بە وتەی سەرچاوە پەیوەندیدارەکان، کۆتاییهێنەر بووە بە زیاتر لە چوار دەیە خەباتی چەکداریی ئەم گروپە دژی تورکیا. دوای ئەوەش، ژمارەیەک لە هێزەکانی ئەم گروپە لە مەراسیمێکی سیمبولیکدا چەکەکانیان ڕادەست کرد.
لەگەڵ ئەوەشدا، پەکەکە و سەرکردەکانی هێشتا نیگەرانیی خۆیان بەرامبەر بە نەبوونی هەنگاوی کردەیی لەلایەن ئەنقەرە و نەبوونی گەرەنتیی سیاسی لە پرۆسەی ئاشتیدا دەربڕیوە.
پەکەکە کە لە ساڵی ١٩٧٨دا دامەزراوە، لە سەرەتادا بە ئامانجی سەربەخۆیی کورد دروست بوو، بەڵام دواتر تیشکی خستە سەر مافە سیاسی و کولتوورییەکانی کورد لە تورکیا. تورکیا و چەند وڵاتێکی ڕۆژئاوایی ئەم گرووپەیان وەکوو ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناساندووە.
Your Comment