بەپێی هەواڵی کوردپرێس، «ئەسعەد شەیبانی» وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا لە پەراوێزی «فۆڕمی هەماهەنگی هاوکاری نێوان یەکێتی ئەورووپا و سووریا» کە لە برۆکسل بەڕێوەچوو، لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ یورۆنیووز دەربارەی پەرەسەندنە ناوچەییەکان و پەیوەندییەکانی دیمەشق لەگەڵ تەلئەبیب ڕایگەیاند: دیمەشق لە ڕێگەی نێوەندگیری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە خەریکی ئەنجامدانی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆیە لەگەڵ ڕژێمی زایۆنی و جەختی کردەوە کە ئەم ڕاوێژانە دەبێت ببێتە هۆی «ڕێککەوتنێکی گشتگیر و سەقامگیر».
شەیبانی لەو گفتوگۆیەدا ئاماژەی دا بە هێرشەکانی ڕژێمی زایۆنیستی بۆ سەر سووریا و ڕایگەیاند کە ئەو وڵاتە لە ٨ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤ەوە تا ئێستا هێرشەکانی خۆی دژی ژێرخانە سەربازی و مەدەنییەکانی سووریا بە پاساوی لاواز و قبووڵنەکراو درێژە داوە.
وەزیری دەرەوەی حکوومەتی کاتیی سووریا هەروەها ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی خوازیاری گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی ئەمنیی لەگەڵ ئیسرائیل؛ ڕێککەوتنێک کە بە وتەی ئەو دەبێت ڕێزی دوولایەنە بۆ سەروەریی هەردوولا مسۆگەر بکات و یارمەتی سەقامگیری ناوچەکە بدات.
شەیبانی لە کۆتاییدا بە ڕەتکردنەوەی هەرجۆرە ئاساییبوونەوەیەکی سەپێنراو وتی: «سووریا ئاساییبوونەوە لە ڕێگەی هێز یان فشاری سیاسی قبووڵ ناکات.» ناوبراو هەروەها داوای لە ئیسرائیل کرد لەو ناوچانەی کە لە ساڵی ٢٠٢٤ەوە لە خاکی سووریا داگیری کردووە، بکشێتەوە.
Your Comment