بەپێی هەواڵی کوردپرێس، پەرەسەندنەکانی ساڵی ڕابردوو دەریدەخەن کە PKK چووەتە ناو یەکێک لە هەستیارترین قۆناغەکانی مێژووی خۆیەوە؛ قۆناغێک کە لەگەڵ کشانەوە لە تورکیا و سووریا، کەمبوونەوەی هەژموونی ناوچەیی و هەوڵدان بۆ دووبارە پێناسکردنەوەی پێگەی سیاسی و سەربازیی ئەم گرووپە هاوکات بووە. لە هەمان کاتدا، ڕێککەوتنی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (SDF) و دیمەشق، گوشارەکانی تورکیا و کەمبوونەوەی پشتگیرییەکانی ئەمریکا، داهاتووی پڕۆژەی سیاسیی کورد لە باکووری سووریای ڕووبەڕووی لێڵی و نادیاری کردووەتەوە.
دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ساڵی ۲۰۲۵ بۆ داماڵینی چەک و هەڵوەشاندنەوەی PKK، ئەم گرووپە ئاگربەستێکی تاکلایەنەی لەگەڵ تورکیا ڕاگەیاند و بەشێک لە هێزەکانی لە خاکی تورکیا کێشایەوە. لە درێژەشدا، دەیان ئەندامی PKK لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان (SDF) و حکوومەتی سووریا، باکووری سووریایان جێهێشت و گەڕانەوە بۆ چیاکانی قەندیل.

PKK لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵ جەنگی سووریادا، توانیبووی بۆ یەکەمجار جۆرێک لە هەژموونی سەقامگیر لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بنیاد بنێت. یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) دوای کشانەوەی هێزەکانی بەشار ئەسەد لە ناوچە کوردییەکان لە ساڵی ۲۰۱۲، کۆنترۆڵی شارە کوردییە گرنگەکانیان گرتە دەست و دواتریش لە چوارچێوەی (SDF)دا بوونە هاوپەیمانی سەرەکیی ئەمریکا لە شەڕی دژی داعشدا.
بەڵام ئێستا ئەم پێگەیە بە شێوەیەکی جیدی لاواز بووە. تۆماس مەکگی، توێژەری پرسەکانی کورد لە پەیمانگای زانکۆی ئەورووپا، دەڵێت: « PKK و هێزە وابەستەکانی لە سووریا، بەشێکی گەورە لە هەژموونی مەیدانی، ژێرخان و ئامرازەکانی گوشاری خۆیان لەدەست داوە.» ئەو جەخت دەکاتەوە کە ئەم دۆخە بووەتە هۆی دابەزینێکی توندی کاریگەریی کورد لە مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە سوورییەکانی دیکە و هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشدا.
حکوومەتی ئەحمەد شەرع ئەگەرچی هەندێک مافی کولتووری و زمانیی کوردی ناساندووە و ڕێگەی بۆ پێدانی ڕەگەزنامە بە هەزاران کوردی بێناسنامە کردووەتەوە، بەڵام دژایەتی هەر جۆرە خۆبەڕێوەبەرییەکی سیاسی یان فیدراڵیزمی کردووە.
ئەردەم ئۆزان، دیپلۆماتکاری پێشووی تورکیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەم بارەیەوە دەڵێت: «هێزی وتووێژی کوردەکان لە سووریا بەهۆی لەدەستدانی کۆنترۆڵی زەوی و کەمبوونەوەی پشتگیرییە نێودەوڵەتییەکان بە توندی دابەزیوە و دیمەشق ئێستا لە پێگەی هێزەوە دانوستان دەکات.» بە گوتەی ئەو، ئەگەری زۆرە حکوومەتی سووریا تەنها بە "ناوەندگەراییەکی سنووردار" ڕازی بێت، نەک خۆبەڕێوەبەرییەکی ڕاستەقینە.
بەپێی ڕێککەوتنی ۱۸ی کانوونی دووەم، (SDF) قبووڵی کرد کە دامەزراوە سەربازی و کارگێڕییەکانی خۆی لە پارێزگای حەسەکە بخاتە ناو پێکهاتەی حکوومەتی سووریاوە، کە ئەمەش بە کردەیی بە واتای کۆتاییهاتنی پڕۆژەی «بەڕێوەبەریی خۆسەر» لە باکووری سووریا دادەنرێت، هەرچەندە پرۆسەی جێبەجێکردنی هێشتا بەهۆی ناکۆکییەکانەوە تووشی وەستان بووە.
هاوکات، ئەمریکاش نیشانەکانی دوورکەوتنەوە لە (SDF) نیشان داوە. تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە سووریا، ڕایگەیاندووە کە ئەرکی سەرەکیی (SDF) وەک هێزێکی دژە داعش «تا ڕادەیەکی زۆر کۆتایی هاتووە»؛ هەڵوێستێک کە ئاماژەیە بۆ کەمبوونەوەی پشتگیرییەکانی واشنتۆن بۆ هاوپەیمانە دێرینەکەی.
لە تورکیاش، پرۆسەی ئاشتی هێشتا نەچووەتە قۆناغی جێبەجێکردنەوە. نازان بەدیرخان ئۆغڵۆ، مامۆستای زانکۆی خاڤیەر و توێژەری پرسەکانی کورد، دەڵێت: «حکوومەتی تورکیا ئەم پرۆسەیە نەک وەک پڕۆسەیەکی دیموکراسیخوازی، بەڵکوو وەک پڕۆژەیەک بۆ داماڵینی چەک دەبینێت؛ پڕۆژەیەک کە دەکرێت لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا یارمەتی ئەردۆگان بدات.» هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە سەرەڕای چاوەڕوانییە بەرزەکان، حکوومەتی تورکیا هێشتا «هیچ هەنگاوێکی بەرجەستەی وەک ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی» ئەنجام نەداوە.
شارەزایان پێیان وایە ئەنقەرە پەرەسەندنەکانی ئەم دواییەی سووریا بە نیشانەی سەرکەوتنی ستراتیژیی گوشاری ئەمنیی خۆی دژی پ.ک.ک دەزانێت. ئەردۆگانیش چەندین جار داواکارییەکانی کوردی بۆ فیدراڵیزم لە سووریا ڕەت کردووەتەوە و بە «خەونێکی خاو» وەسفی کردووە.
ئەگەری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازیی نوێی تورکیا دژی هێزە کوردییەکانی سووریا هێشتا لە ئارادایە؛ بەتایبەت ئەگەر پرۆسەی یەکگرتنی (SDF) و دیمەشق شکستی پێ بهێندرێت. شارەزایان هۆشداری دەدەن کە PKK لە قۆناغی نوێدا لەوانەیە لە ئەکتەرێکی ناوچەیی خاوەن هەژموونەوە، بگۆڕێت بۆ ڕێکخراوێکی بەرگریکارتر و پەرتەوازەتر. ئۆزان دەڵێت: « PKK خۆڕاگرە، بەڵام لەدەستدانی بنکەی سووریا ئەم گرووپە بەرەو گرژبوونەوەی ستراتیژی دەبات و لەمەودوا لە پێپێشینەی کارەکانیاندا تەنها مانەوە دەبێت.»
هەروەها هۆشداری دەدات کە لە بارودۆخێکی وەهادا، ئەگەری زیادبوونی هێرشە ناهاوسەنگەکان یان سەرهەڵدانی لقی نوێ هەیە. بەڵام زۆرێک لە چاودێران هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی PKK بە دوور دەزانن. نازان بەدیرخان ئۆغڵۆ پێی وایە بزووتنەوەی کورد پێشتریش قۆناغی سەختی تێپەڕاندووە و هەمیشە «دیدگایەکی درێژخایەنی» هەبووە.
بە کورتی، گۆڕانکارییەکانی ئێستا زیاتر لەوەی کۆتایی تەواوەتی PKK یان بزووتنەوەی کورد بن، وەک نیشانەی کۆتایی قۆناغێک و دەستپێکی سەردەمێکی نوێ لە هاوکێشەکانی کورد لە تورکیا، سووریا و ناوچەکەدا هەژمار دەکرێن.
Your Comment