بەپێی هەواڵی کوردپرێس، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی بزووتنەوەی نەتەوەپەرەستی توركیا (مەهەپە) لە وتارێكدا لەبەردەم فراكسیۆنی پارتەكەی لە پەرلەمان بەبۆنەی دەستپێكردنی ساڵی نوێی یاسادانانەوە ڕایگەیاند: ئامانجی ڕاستەقینە و بنچینەیی ئامانجی "تورکیا بێ تیرۆر" پووچەڵکردنەوەی ئەو تۆوی ناتەباییەیە کە لە نێوان تورک و کورددا دەچێنرێت و لە ئیمپریالیزمەوە سەرچاوەی گرتووە، هەروەها ڕووخاندنی بەربەستی جیاکاریی نێوان ئەم پەیوەندییە پیرۆزەی برایەتییە.
ناوبراو وتیشی: هەر کەسێک بە هۆکار و پاڵنەری جۆراوجۆر فریو دراوە یاخود چەواشە کراوە، بەڵام لە تاوان یاخود كردەوەی چەكداری تێوەنەگلاوە، با بێت و خێزانەکەی ئامێز بگرێت.
باخچەلی دەشڵێت: بەڕاستی فەزیلەت و تێڕوانینی خوشک و برا کوردەکانم لە ئاستێکدایە کە بەرپەرچی پیلانی ناوخۆیی و دەرەکی دەداتەوە. وتیشی: فڕێدانی تەماحی جیاكاریی مەرجی پێویستە بۆ بوون لەم هەرێمە، بۆ ژیانێکی ئازادو سەربەخۆ.
دەوڵەت باخچەلی ڕاشیگەیاند: خوشک و برا کوردەکانم ڕابردوویەکی خەمناکیان هەیە و قورسایی تیرۆریان بەرکەوتووە، قورسترین باجیان داوە و بەرگەی لێکەوتە سەختەکانیان گرتووە. چاککردنەوە و قەرەبووکردنەوەی ئەم ڕابردووە بە ئایندەیەکی گەشاوە، ئەرکی سەرەکی ئێمەیە.

باخچەلی جەختی لەوەش کردەوە: دەبێ بێ دوودڵی بڵێم کە سەرکردایەتی دامەزرێنەری پارتی كرێكارانی كوردستان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆ گرتووە. لە کۆتایی بانگەوازی ٢٧ی شوباتدا بۆ ئاشتی و کۆمەڵگای دیموکراتیک، پارتی كرێكاران لە ١٢ی ئایاردا چەکی داناو خۆی هەڵوەشاندەوە. لە ١١ی تەمموزدا کۆمەڵێک لە ئەندامانی پە*کە*کە چەکەکانیان سووتاند، بەڵام هێزی یەكینەكانی پاراستنی گەل (پەپەگە) و هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) کە ناوچەیەکی کاریگەریان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هەیە، هێشتا چەکیان دانەناوە و گوێیان بە بانگەواوی ٢٧ی شوباتی ئیمرالی نەداوە. بانگەوازی ئیمرالی هەموو پێکهاتەکانی تیرۆری جوداخواز لەخۆ دەگرێت، بە (پە*کە*کە)شەوە. لانی کەم ئەمە تێگەیشتن و لێکدانەوەی ئێمەیە بۆ بانگەوازەكە.
سەرۆکی مەهەپە ڕاشیگەیاند: چاوەڕوانی من ئەمەیە: سەرکردایەتی دامەزرێنەری پە*کە*کە بە هەمان سروشت و ناوەڕۆکەوە؛ ڕاستەوخۆ قسە لەگەڵ (یەپەگەو) و (هەسەدە) بکات، داوای پابەندبوونیان بە ڕێککەوتنی ١٠ی ئازار بکات، کە لەگەڵ ئیدارەی دیمەشق ئیمزا کراوە.
ناوبراو وتیشی: لە کاتێکدا کۆدەنگییەک هاتووەتە ئارا و هەڵبژاردنی مەجلیسی گەل (مەبەستی هەڵبژاردنی پەرلەمانی سووریایە) کە بۆ یەکەمجار لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە بەڕێوەدەچێت، پێویستە ناوەندی کێشکردنی سەردەمێکی نوێی سەقامگیری دیموکراسی و میکانیزمێکی نوێی سیاسی و کۆمەڵایەتی بێت، بەدەرکردنی ڕەقە و حەسەکە و سوەیدا لەم چوارچێوەیە، پێچەوانەی ڕۆحی ڕێککەوتنی ١٠ی ئازارە (مەبەستی رێككەوتنی ئەحمەد شەرع و مەزڵوم عەبدییە).
باخچەلی وتیشی: ئەگەر پێویست بکات، کۆمەڵێک پەرلەمانتار کە لە کۆمیسیۆنی هاوپشتی نیشتمانی و برایەتی و دیموکراسیدا خزمەت دەکەن، بۆ دیداری راستەوخۆ بچن بۆ ئیمرالی (مەبەستی دیدارە لەگەڵ ئۆجالان) و بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیامەكان وەربگرن و بۆ خەڵكی بڵاو بكەنەوە. هیچ هۆکارێک نابینم بۆ دوودڵی لەم بابەتەدا.
ناوبراو جەختی لەوەش کردەوە: بەیاننامەی پابەندكەر بۆ ئێمە، بەیاننامەی ۲۷ی شوباتە، نوێكردنەوەو وردبینیكردن و فراوانكردنی پەرەسەندنی ئەرێنی دەهێنێتە كایەوە.
Your Comment