ڕێێکەوتنی هەولێر و بەغدا نرخی جیهانیی نەوتی دابەزاند

ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و کۆمپانیاکانی نەوت بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان نرخی نەوتی دابەزاند.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ڕۆژی دووشەممە نرخی نەوتی برێنت ۶۷ دۆلاری تێپەڕاند، بەڵام رۆژی سێشەممە ئاراستەی دابەزینی گرتەبەر و ئێستا بەرمیلێکی بە نزیکەی ۶۶ دۆلار و ۲۰ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکاش ئەمرۆ سێشەممە دابەزی بۆ کەمتر لە ۶۲ دۆلار و بەرمیلێکی بە ۶۱ دۆلار و ۹۰ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.

دوای ئەوەی وڵاتە ئەورووپییەکان دانیان بە دەوڵەتی فەلەستین نا، گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست زیاتر تەشەنەی کردووە.

لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپاش گرژییەکان لەگەڵ ڕووسیا گەیشتوونەتە لووتکەی خۆیان.

ئێستۆنیا ڕایگەیاندووە کە فرۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا بەبێ ئاگاداری ئەوان ئاسمانی ئەو وڵاتەیان بەزاندووە.

ئەگەری تەشەکردنی زیاتری گرژییەکان، پاڵپشتی بۆ نرخی نەوت دروستدەکات، بەڵام لەلایەکی دیکەوە پشێبینییەکان بۆ خستنەڕووی زیاتری نەوت لەلایەن عێراق و ئەندامانی دیکەی ئۆپێک پڵەس دواجار نرخی نەوتی دابەزاندووە.

ڕۆژی دووشەممە عێراق و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان رێککەوتن دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بکەنەوە.

کۆمپانیای سۆمۆ ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی رێککەوتنی ئۆپێک پڵەسدا هەناردەکردنی نەوتیان زیادکردووە لە ۳.۴ ملیۆن بەرمیلەوە بۆ ۳.۴۵ ملیۆن بەرمیل.

News ID 226132

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha