بەپێی هەواڵی کوردپرێس، گۆڤاری نەشناڵ کانتەکست لە وتارێکدا دۆخی بەرەی یەکگرتووی کورد لە سووریای تاوتوێ کردووە و نووسیویەتی: نوێترین گۆڕانکارییەکان نیشان دەدات کە پرۆسەی یەکڕێزی کوردەکانی سووریا، کە لە نیسانی ڕابردوودا بە بەستنی کونفڕانسی یەکڕێزی دەستی پێکرد، بە کردەوە شکستی هێناوە. لە هەمان کاتدا بە ئامادە بوونی شاندێک لە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردەکانی سووریا لە دیمەشق و لایەنگەرییان بۆ نزیک بوون لەگەڵ حکوومەتی ناوەندی، پارتی یەکێتی دیموکراتیک PYd جەختی کردووە لە «سووریای فرە نەتەوەیی». ئەم جیاوازییە دەتوانێت بە واتای کۆتایی هێنانی ئەزموونی کورتخایەنی بەرەی هاوبەشی دوو ڕەوتی سەرەکی کورد لە بەرامبەر دیمەشق بێت.
یەکڕێزیی کورتخایەن پێشینەی مێژووی هەیە
ENKS کە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسعوود بارزانی پەیوەندیێکی ئایدۆلۆژی هەیە، هەموو کاتێک بە دوای پێکهێنانی ناوچەیێکی فیدراڵیی ناسنامەی نەتەوەیی کورد بووە. لە بەرامبەردا، PYD نزیک بە عەبدوڵڵا ئۆجەلان و پەکەکەیە، خوازیاری شێوازی «دیموکراسی فرە نەتەوەیی و لامەرکەزی»یە.
جیاوازییە بنەڕەتییەکانی ئەم دوو ڕەوتە لە سەردەمێکدا کە ویلایەتە یەکگرتووەکان نێوەندگیریی دەکرد بووە هۆی شکستهێنان لە پێکهێنانی یەکڕێزیێکی بەردەوام.
دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد، کۆ بوونەوەی مێژویی مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتیک لەگەڵ مەسعوود بارزانی لە هەولێر هیواکانی بۆ یەکڕێزی زیندوو کردەوە و لە کۆتاییدا بووە هۆی کونفرانسی مانگی نیسان. لەم کونفرانسەدا، بۆ پێکهێنانی لیژنەیەک هاوبەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ دیمەشق ڕێککەوتن، بەڵام لیژنەکە پێکنەهاتوو و بەکردەوە هەڵوەشایەوە.
گەڕانەوەی ناکۆکییەکان
خاڵی وەرچەرخانی ئەم شەقبوونە، بەڕێوە بردنی کونفرانسی حەسەکە بوو کە هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریای کۆکردەوە و جەختی لە «لامەرکەزییەت» کردەوە. ئەم ڕوانگە ENKSی تووڕە کرد، چوونکە بە بۆچوونی ئەوان بە مانای پشتگوێخستنی پرۆسەی دروستکردنی ناوچەیێکی فیدڕاڵیی کوردی بوو.
عەبدولحەکیم بەشیر، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان_سووریا (KDP_S) بە ئاشکرا هێزەکانی هەسەدەی بە «خەیانەت لە ڕێککەوتنی مانگی نیسان» تۆمەتبار کرد و وتی: ئەم هێزانە ENKSیان تەنها وەک ئامرازێک بۆ ڕووبەرووبوونەوە لەگەڵ دیمەشق و عەرەبی سوننە، بەکار هێناوە. ئیبراهیم بیرۆ، سەرکردەیەکی دیکەی ENKS، مەرگی لیژنەی هاوبەش لەگەڵ پەیەدەی ڕاگەیاند، هاوکات کردنەوەی نووسینگە ی نوێنەرایەتی ENKS لە دیمەشقی ئاشکرا کرد.
ڕەهندە ناوچەییەکان و دەستوەردانی تورکیا
هەر لەدرێژەی ئەم ڕاجیاوازیەشدا تورکیاش خەریکە ڕۆڵێکی نوێ دەبینێت. وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، ڕایگەیاندووە کە هەندێک لە گرووپەکانی سەر بە ENKS دوای بەڵێنەکانی ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەبارەت بە «پشتگیری لە مافی کوردەکانی سووریا» لەگەڵ ئەنقەرە پەیوەندییان گرتووە و داوای هاوکارییان کردووە.
ئەم پرۆسەیە ئەگەر ڕاست بێت، ئەتوانێت زیان بە PYD و هاوپەیمانەکانی بگەینێت. چوونکە ساڵانێکە ئەنقەرە هەوڵی بەهێزکردنی ENKS دەدات، بەمەبەستی ڕێگری کردن لە یەکڕێزی کوردەکان لە دانووستانەکان لەگەڵ دیمەشق یان ڕێگری کردن لە دەسەڵاتداریی زیاتری SDF.
دوورنواڕی داهاتوو
پێدەچێت ئەزموونی بەرەی یەکگرتووی PYD_ENKS کۆتایی هاتبێت. ئێستا هەریەکەیان ڕێگایەکی جیاوازیان گرتۆتەبەر:
ENKS: تیشک دەخاتە سەر ناسنامەی نەتەوەیی کورد، نزیکی لە دیمەشق و پشت بەستن بە پشتیوانی تورکیا.
PYD_SDF: پاراستنی پێکهاتەی فرە نەتەوەیی، درێژەدا بە کونتڕۆڵ کردنی ناوچە عەرەبنشینەکان و پابەندبوون بە مودێلی لامەرکەزی.
ئەم دوو ڕێگایە نەک تەنها هەر یەک ناگرنەوە، بەڵکوو دەتوانێت ببێتە هۆی ململانێکی ئاشکرا و تەنانەت پێکدادانی سیاسیی و مەیدانی لە داهاتوودا. لە جەوێکی وەهادا، داهاتووی کوردەکان جارێکی دیکە لە ناڕوونیدا پۆشراوە_ ناڕوونیێک کە دیمەشق و یاریزانە ناوچەییەکان وەکوو تورکیا، بۆ زیادکردنی کاریگەری خۆیان بەکاری دەهێنن.
Your Comment