ئەمریکا داوای دەستبەجێ ڕاگرتنی کۆمەڵکوژییەکان لە باشووری سووریا دەکات

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوا لە دیمەشق دەکات دەستبەجێ ئەو کۆمەڵکوژییەی باشووری سووریا ڕابگرێت و بە زووترین کاتیش لێپرسینەوە لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە بکات.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەیاننامەیێکدا مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند: ئەمریکا ماوەی سێ ڕۆژە لەگەڵ ئیسرائیل و ئوردن و دەسەڵاتدارانی دیمەشق پەیوەندییان هەیە. سەبارەت بەو پێشهات و مەترسییانەی کە لە باشووری سووریا ڕوو دەدات.

ڕوبیۆ لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەی کرد، پێویستە دەسەڵاتدارانی سووریا دەستبەجێ دەستدرێژی و کوشتنی خەڵکی بێتاوان ڕابگرن، هۆشداریشی دا لە بەردەوامی ئەم پێشێلکارییانە بۆ ئایندەی یەکگرتوو و ئاشتیانە لە سووریا تێکدەدات.

جەختیشی کردەوە: "ئەگەر دیمەشق ڕژد بێت لە پاراستنی هاووڵاتییان بۆ بنیاتنانی سووریایەکی دوور لە داعش و کاریگەری ئێران، دەبێت بەپەلە هەنگاو بنێت بۆ وەستاندنی ئەم کارەساتە و بە کەڵک وەرگرتن لە هێزە ئەمنییەکانی خۆی بۆ ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوەی داعش و گرووپە جیهادییە توندڕەوەکانی دیکە بۆ ناوچەکە و ئەنجامدانی کۆمەڵکوژی زیاتر".

هەروەها داوای کرد لێپرسینەوە لە هەموو ئەو کەسانە بکرێت کە سەلمێنراوە بەشدارن لە ئەنجامدانی ئەو شەڕە، لەوانە ئەوانەی لە ناو ڕیزەکانی خودی ڕژێمدان، جەختیشی لەوە کردەوە، بێ سزایی چیتر قبوڵناکرێت.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆتاییدا داوای کرد دەستبەجێ شەڕی نێوان گرووپە درووز و بەدەوییەکان لە باشووری سووریا ڕابگیرێت، ئاماژەی بە پێویستی پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی و ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی زیاتری کرد.

News ID 225779

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha