ژمارەی کوژراوانی پێکدادانەکان لە سوەیدا بۆ ۲۴۸ کەس بەرز بووەوە

بەپێی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ۲۴۸ کەس تاوەکوو ئەمڕۆ لە ڕووداوەکانی شاری سوەیدا و دەوروبەریدا کە لە یەکشەممەی ڕابردووەوە سەریانهەڵدا، کوژراون.

کوردپرێس: ڕامی عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: هێزەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی سووریا لە نیوەشەوی سێشەممە لەسەر چوارشەممەوە بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامن لە بەئامانجگرتنی شاری سوەیدا و گوندی سەهوە بەلاتە، بە بەکارهێنانی تۆپ و هاوەن و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.

بە گوتەی ڕامی عەبدولڕەحمان، هێڵی ئینتەرنێت و کارەبا لەسەر دانیشتووانی شارەکە و دەوروبەری بڕاوە.

بەپێی ئاماری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماری قوربانییەکان تاوەکو ئێستا بەو شێوەیە کە ۲۴۸ کەس کوژراون، لەو ژمارەیەش ۷۱ کەس لە خەڵکی پارێزگای سوەیدا، لەنێویاندا چوار منداڵ و دوو ژن هەن، هەروەها ۱۵۶ چەکداری وەزارەتی بەرگری و ئاسایشی گشتی کوژراون کە ۱۸ کەسیان لە هۆزە دەشتەکییەکانن (بەدەوی)، ۲۱ کەسیش راستەوخۆ گولـلەباران کراون کە سیانیان ژنن.

ڕوانگەی سووری دەشڵێت، بۆردوومانی پچڕپچڕی ناوچەکانی نزیک نەخۆشخانەکان بووەتە هۆی ئەوەی گەیشتنی تیم و پێداویستییە پزیشکییەکان لە دەرەوەی شارەوە ئەستەم بێت و، تیمە پزیشکییەکانی ناو نەخۆشخانەی سوەیدا زیاتر لە ۷۲ کاژێرە بەردەوام کار دەکەن، "لە کاتێکدا کەمیی کارمەند و پێداویستی هەیە و کارەبا بە تەواوی لە نەخۆشخانە نیشتمانییەکە بڕاوە، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی کارەساتێکی مرۆیی لێدەکرێت".

لەڕووی مەیدانییەوە، پێکدادانەکان لە شاری سوەیدا لە گۆڕەپانی تشرین و دەوروبەری چڕبوونەتەوە، "نیشانشکێنی سەر بە وەزارەتی بەرگری لە ناوەڕاستی شارەکەدا جێگیر بوون".

بەگوێرەی راپۆرتێکی روانگەی سووری، لە چەند کاژێری رابردووشدا، گرووپێک لە چەکدارانی هۆزەکان و هێزەکانی وەزارەتی بەرگریی سووریا، هێرشێکی نوێیان لە ناوچەی مەقوەسەوە بەرەو گۆڕەپانی تشرین دەستپێکردووەتەوە و گۆڕەپانەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.

ڕامی عەبدولڕەحمان دەڵێت، "لەگەڵ زیادبوونی گرژییەکان و خراپبوونی دۆخی ئەمنی و مرۆیی، بانگەوازەکان لە ناوخۆی شارەکەوە بەردەوامن بۆ راگرتنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان، دابینکردنی رێڕەوی ئارام بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان و پاراستنی تیمە پزیشکییەکان و خەڵکی مەدەنی."

شەڕەکە چۆن سەریهەڵدا؟

گەنجێکی دروز بە ناوی فەزڵوڵڵا دەوارە، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، لەسەر ڕێگەی دیمەشق - سوەیدا، لەلایەن گرووپێکی دەشتەکییەکانەوە دەڕفێنرێت و ئۆتۆمبێل و پارەی لێدەسێنن. بە گوتەی بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی سوەیدا، گەنجەکە بۆ ماوەی کاژێرێک دەستبەسەر بووە و ڕووبەڕووی سووکایەتی و جنێودان بووەتەوە. دواتر ئازاد کراوە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ سوەیدا.

ئەمەش بووە هۆی تووڕەبوونی دروزەکان و ئەوانیش لە بەرامبەردا هەوڵی دەستگیرکردن و رفاندنی ئەندامانی هێزە دەشتەکییەکانیان دا و لە ئەنجامدا شەڕ سەریهەڵدا.  

مورهەف شاعیر، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی سوەیدا بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: تاوەکو ئێوارەی یەکشەممە، ژمارەی رفێندراوان گەیشتووەتە ۲۴ کەس.

هەمان رۆژ، رامی عەبدولڕەحمان گوتی، وەزارەتی بەرگریی سووریا هێزی پشتیوانیی بۆ سوەیدا ناردووە کە چەکی جۆراوجۆریان پێیە بۆ ئەوەی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و پشتیوانی ئەو بازگانە بکەن کە هێرشیان کراوەتە سەر.

بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە، هێزێکی پۆلیسی خۆجێیی لەسەر رێگەی دیمەشق - سوەیدا بازگەیان دانا، بەڵام گرووپێکی دەشتەکییەکان هێرشیان کردە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان دانەوە.

بە گوتەی رامی عەبدولڕەحمان، چەکدارەکان چەند گولـلەهاوەنێکیان ئاراستەی دەوروبەری گوندی "سورە کەبیرە" کردووە، لە کاتی هەوڵدانیان بۆ پێشڕەویکردن بەرەو بازگەکە.

News ID 225760

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha