بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ئەحمەد شهرع لە وتارێکدا لهبارهی گرژییهكانی وڵاتهكهی، ڕایگهیاند: "ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە پاراستنی ماف و ئازادی دروزەکان یەکێکە لە ئەولەویەتەکانی ئێمە، هەروەها هەر هەوڵێک ڕەتدەکەینەوە کە ئامانج لێی ڕاکێشانتان بێت بۆ لایەنێکی دەرەکی یان دروستکردنی دووبەرەکی لەناو ڕیزەکانماندا، هەموومان هاوبەشین لەم خاکەدا و ڕێگە بە هیچ گرووپێک نادەین ئەم وێنە جوانە بشێوێنێت کە گوزارشت لە سووریا و فرەچەشنییەکەی دەکات".
شهرع سەبارەت بە ڕووداوەکانی سوهیدا، وتی: "دەوڵەتی سووریا بە هەموو دامودەزگاکان و سەرکردایەتیەکەیەوە، بە ئیرادەیێکی تەواوەوە دەستوەردانی کرد بۆ ڕاگرتنی ئەو شەڕە ناوخۆییەی کە لە سوهیدا لە نێوان گرووپە چەکدارەکانی سوهیدا و ناوچەکانی دەوروبەریدا ڕوویدا".
ناوبراو ئاماژهی بهوهش كرد: "هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و دەرکردنی کوتلە دەرەکییەکان سەرکەوتوو بوو، سەرەڕای دەستێوەردانی ئیسرائیل، لێرەدا قەوارەی ئیسرائیل پەنای بۆ بەئامانجکردنی بەرفراوانی دامەزراوە مەدەنی و حکوومییەکان برد بۆ تێکدانی ئەو هەوڵانە، ئەوەش دۆخەکەی زۆر ئاڵۆزتر کرد و بابەتەکانی بەرەو پەرەسەندنێکی بەرفراوان پاڵنا".
ئەحمەد شهرع باسی لهوهشكرد، سووریا: "لە نێوان دوو بژاردەدایە: شەڕی ئاشکرا لەگەڵ قەوارەی ئیسرائیل لەسەر حیسابی گەلی دروز و ئاسایشی ئەوان، ناسەقامگیرکردنی سووریا و تەواوی ناوچەکە، یان دهرفهتدان بە کەسایەتییە دیار و شێخەکانی دهروز بۆ ئهوهی ئەولەویەت بدهن بە بەرژەوەندی نەتەوەیی".
شەرع ڕوونیشی كردهوه: "بڕیارمان داوە بەرپرسیارێتی پاراستنی ئاسایشی سوهیدا بە ئەستۆی بەشێک لە کوتلە ناوخۆییەکان و شێخە ئایینییەکان بسپێرین، ئەم بڕیارە لە هۆشیاری قووڵمانەوە سەرچاوە دەگرێت لە جددیەتی دۆخەکە بۆ یەکێتی نەتەوەییمان و بۆ ئەوەی وڵات نەخلیسکێتە ناو شەڕێکی نوێ و بەربڵاوەوە کە بتوانێت لە ئامانجە گەورەکانی خۆی دور بخاتەوە کە بریتین لە چاکبوونەوە لە شەڕی وێرانکەر و دوورخستنەوەی لە شەڕی سیاسی و ئابووری".
شهرع وتیشی: "ئیسرائیل کە هەمیشە سەقامگیری ئێمەی کردوهتە ئامانج و لە دوای ڕووخانی ڕژێمی پێشوەوە ناتەبایی لەنێوانماندا دروست کردوە، ئێستا جارێکی دیکە هەوڵدەدات خاکه پاکەکەمان بگۆڕێت بۆ گۆڕەپانێکی ئاژاوەگێڕی بێکۆتا، کە لە ڕێگەیەوە هەوڵدەدات یەکڕیزی گەلەکەمان هەڵبوەشێنێتەوە و توانای هەنگاونان بۆ پێشەوەمان لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و پێشکەوتندا لاواز بکات".
Your Comment