بەپێی هەواڵی کوردپرێس، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دامەزراوەی ڤیزت کوردستان لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی حکوومەتی فیدراڵی، بەشێوەیێکی ناڕەوا و نا یاسایی و نا دەستووری، بڕیاری ڕاگرتنی مووچەی خەڵکی کوردستانیان داوە، ئەمەش بەشێکە لە سیاسەتی گوشار خستنە سەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی لە کاروانی ئاوەدانی و پێشکەوتنی خۆی بووەستێت کە بە دڵنیاییەوە لەو هەوڵانەیان سەرکەوتوو نابن.
لەبارەی فشارەکانی بەغدا بۆ سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: بە پشتیوانی خوای گەورە و خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان، لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین دۆخی سەختمان تێپەڕاندووە، بۆیە خەڵکی کوردستان دڵنیا دەکەینەوە کە هەرگیز و لەژێر هیچ فشارێکدا دەستبەرداری مافە دەستوورییەکانمان نابین.
ڕێککەوتنەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، تەوەرێکی دیکەی گوتارەکەی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوو کە لەوێدا گوتی: ئێمە هەموو پابەندییەکانی دەستووری کە لەسەرمان بووە، زۆر بە زیادەوەش جێبەجێمان کردووە، چاوەڕێشمان دەکرد لە بەرانبەردا مافەکانی خەڵکی کوردستان بدرێت، بەڵام بەداخەوە ڕێز لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و تەنانەت لەو ڕێککەوتنانەش ناگیرێت کە ئیمزایان کردووە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر ئەوەی، بەرپرسانی بەغدا دەبێت بزانن، عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە، هەرێمی کوردستانیش بەپێی دەستوور، قەوارەیەکی یاسایی و دەستوورییە، دەبێت لەو چوارچێوەیەدا مامەڵە و هەڵسوکەوت لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت، نەوەک بە عەقڵییەتی مەرکەزی و سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستان کە لەسەدەی ڕابردوودا ڕژێمە یەک لە دوای یەکەکانی دەسەڵاتدا لە بەغدا، بە ئاگر و ئاسن، لەگەڵ بەکارهێنانی هەموو چەکێک ڕووبەڕووی ماف و داخوازییەکانی خەڵکی کوردستان بوونەوە، بەڵام ئەم سیاسەت و ڕەفتارانە جگەلە ماڵوێرانی و وێرانکاریی، هیچ سوودێکی بۆ عێراق نەبووە، بۆیە هیوادارم بەرپرسانی بەغداش واز لەو سیاسەتە چەوتەی برسیی کردنی خەڵکی کوردستان و پێشێل کردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستان بێنن، چوونکە هیچ سوودێک و ئەنجامێکی نابێت.
مەسروور بارزانی وتیشی: لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەریی ئەو قەیرانە بەردەوام دەبین، هیوادارین لە کاتێکی زوودا، بگەینە ئەنجامێک کە لە بەرژەوەندیی هەموو لایێکدا بێت.
Your Comment