ئەمریکا داوا دەکات بە زووترین کات کێشەی دارایی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر بکرێت

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا جەخت لەسەر پێویستیی چارەسەر کردنی کێشەی دارایی نێوان حکوومەتی فیدراڵی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە هەردوو لایەنەکە دەکات لە چوارچێوەی دەستوور و گفتوگۆی سازێنەرەوە ڕێگاچارەیێکی خێرا بدۆزنەوە.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، تامی برووس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی کێشەی بووجەی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقەوە راگەیاند: "بە ڕوونی گووتوومانە کە ئەمە دۆخێکە دەبێت بوەستێت".

وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کرد: "چارەسەرکردنی دۆخی لەم شێوەیە، هانی کۆمپانیای زیاتر دەدات بچنە ناوچەکە و کار بکەن، ئەمەش ژیانی هەموو خەڵکی ناوچەکە باشتر دەکات".

لە ڕێککەوتی ۲۸-۰۵-۲۰۲۵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو: "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (۱۲.۶۷%) کە لە یاسای بوودجەی فیدراڵیدا دیاری کراوە".

تامی برووس جەختیشی كرد: چارەسەرکردنی ناکۆکی نێوان بەغداد و هەولێر سەبارەت بەم دۆسیەیە دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆی بونیادنەرەوە ئەنجام بدرێت، کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکان.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وتیشی: چارەسەرکردنی قەیرانی مووچە ئاماژەیێکی ڕوون دەنێرێت بەوەی عێراق کەشێکی لەبار بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنان دەخولقێنێت، لەنێویاندا کۆمپانیا ئەمریکییەکان، سەرکەوتنیش لەم پرۆسەیەدا یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەهێزکردنی هاوکاری فراوانتر لە نێوان هەردوولا، لە نمونەی، دووبارە کردنەوەی بۆری عێراق-تورکیا و فراوان کردنی پرۆسەكانی گەڕان بەدوای وزەدا.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا کە ئایا ئەمریکا بەشێوەی ڕاستەوخۆ لەمبارەوە لەگەڵ هەردوو لایەنەکە گفتوگۆی کردووە، برووس وتی: ئێمە چەندین جار ڕای خۆمان بەشێوەیێکی شەفاف و ئاشکرا ڕاگەیاندووە. هەر لەم تریبوونەوە بە ئاشکرا وتوومانە کە ئەم دۆخە ئەبێت کۆتایی بێت. ئەڵەبت باس لە وردەکاریی کۆبوونەوەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی کە باس لە گوشاری ڕاستەوخۆی ئەمریکا کە خستوویەتە سەر سەرۆک وەزیرانی عێراق، هیچ شتێک نادرکێنم، بەڵام هەردوولا لە هەڵویستی ئێمە ئاگادارن.

News ID 225569

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha