بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە ڕاگەیێندراوێکدا دەزگای خێرخوازیی بارزانیی رایگەیاند: "لە چوارچێوەی ئەرک و بەرپرسیارێتییەکان لە ئەندامێتی لە ئیکۆسۆک، راپۆرتێکی تایبەت لەبارەی بڕینی قووت و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەبەینە نەتەوە یەکگرتووەکان".
مووسا ئەحمەد، سەرۆکی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ڕاپۆرتەکەمان بە فەرمی گەیاندووەتەوە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان".
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، لە ساڵی ۲۰۱۶ـەوە ئەندامی ئەنجوومەنی ئابووری و کۆمەڵایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (ECOSOC)ـە و ساڵانە بەشداری کۆڕ و کۆنفرانس و کۆبوونەوەکانی پەیوەست بە مافی مرۆڤ، رەوشی مرۆیی و گەشەپێدانی نێودەوڵەتی، لە جنێڤ و نیویۆرک و ڤیەننا دەکەن.
مووسا ئەحمەد گوتی: "لە کۆنفرانسی داهاتووی مافی مرۆڤدا کە لە جنێڤ بەڕێوەدەچێت، هەمان راپۆرت کە دژی بڕینی مووچەی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، بۆ بەشدارانی کۆنفرانسەکە دەخرێتەڕوو".
بەگوێرەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی، وەکوو چاودێرێک و ئەندامی ئیکۆسۆک؛ مافی بەرزکردنەوەی ڕاپۆرت و سکاڵایان هەیە لەسەر دۆخی مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ لە ناوچەکەدا.
دەقی ڕاپۆرتەکەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی:
ڕاپۆرتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بۆ ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤ سەبارەت بە کاریگەریی بڕینی مووچەی فەرمانبەران لەسەر رەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی، دامەزراوەیێکی مرۆییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە کار دەکات، نیگەرانی قووڵی خۆی دەردەبڕێت لە بڕینی مووچە و قووتی فەرمانبەران لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵی عێراق و هۆشداریش دەداتە رێکخراو و ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە رەوشی مرۆیی، کە ئەو کارەی حکومەتی عێراق لە دژی فەرمانبەران کردوویەتی، ڕەوشی مرۆیی لە هەرێمی کوردستان دەخاتە بەردەم مەترسییێکی گەورەوە، کە هۆکارەکەی بەکارهێنانی پرسی مووچەیە وەکو کارتێکی سیاسی.
دواکەوتن و بڕینی مووچە، کاریگەریی گەورەی لەسەر هەموو خێزانێکی هەرێم هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئافرەتان و منداڵان زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە، ئەویش بەهۆی بڕیاری بڕین و ڕاگرتنی مووچەی کارمەندانی خزمەتگوزاری شارستانی و خانەنشین و کارمەندانی کەرتی حکومی بەگشتی، کە زۆرینەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، پێیانوایە پاساوی ئەم بڕیارە، پاڵنەری سیاسی هەیە.
لە کاتێکدا روونە کە ناکۆکیی یاسایی و دەستووری بەردەوام لە نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە و زۆرێک لە مادەکانی دەستووری عێراق، کە عێراقییەکان دەنگیان پێداوە جێبەجێ نەکراون، زیاتر لە ۱۰ ساڵە بژێوی ژیانی خەڵکی ئاسایی هەرێمی کوردستان وەک چەکێک لە لایەن حکومەتی فیدراڵەوە بۆ بەدەستهێنانی خاڵە سیاسییەکان بەکارهێندراوە. ئەم شەڕە دەروونییە لە دژی هاووڵاتییانی سڤیل، زۆرێک لە منداڵانی لە هەژاریدا بەجێهێشتووە، دۆخێکی دروستکردووە کە خێزانەکان توانای دابینکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکانی رۆژانەیان لەدەستداوە.
لە کۆتایی ساڵی ۲۰۱۳ـەوە بودجە، مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە زۆرترین گرفتی بۆ دروستکراوە، لە کاتێکدا ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی حکومەتی فیدڕاڵ هیچ دواکەوتنێکیان لە بابەتی دارایی و بڕینی مووچە نییە، بەڵام بەداخەوە هێشتا هەرێمی کوردستان کێشەی هەیە بۆ پێدانی مووچە بە شێوەیەکی ئاسایی. بۆ زۆرینەی خەڵکی هەرێمی کوردستان نادڵنیایی مووچە نیگەرانییەکی بەرچاوی دروستکردووە، هەروەها بڕینی بودجە یەکێکە لە هۆکارەکانی ڕەشبینی و بێهیوایی لەنێو خەڵکدا، بۆ زۆرێک لەو خێزانانەی کە ئافرەتان سەرچاوەی بژێوی ژیانی خێزان بەدەست دەهێنن، دۆخەکە لەوە سەختترە کە بیری لێدەکرێتەوە، دڵەڕاوکێ کێشەیەکی تەندروستی باوە لەنێو هاووڵاتییانی بەتەمەن، بەهۆی نەبوونی ئاسایشی دارایی و مامەڵەی خراپ لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە دۆخی دەروونیان لە ئاستێکی مەترسی دایە.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات، گوشار بخاتە سەر حکومەتی عێراقی فیدراڵ، دووربکەوێتەوە لە بەکارهێنانی بودجە و مووچە وەکو چەکێک لە دژی فەرمانبەران و هاووڵاتییان، هەروەها نابێت خەڵکی ئاسایی بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی پابەند بکرێن بە سازشکردن لەسەر مافە رەواکانی خۆیان. هاوکات داوا له بەغدا دەکات، مافی هەموو منداڵێک له هەموو ناوچەکانی عێراق وەکو یەک له بەرچاو بگرێت و دۆخێک دروست نەکات که داهاتووی منداڵان بەرەو تاریکی و نائومێدی بڕوات.
نوێنەرایەتی دەزگای خێرخوازی بارزانی بۆ مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤ.
Your Comment