پێویستە هەولێر و بەغدا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ پرسە نیشتمانییەکان پشت بە دەستوور ببەستن

هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لەبارەى پێشهاتەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى، داوایکرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەموو پرسە نیشتمانییەکان پشت بە دەستوور و یاسا ببەسترێت.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هاوپەیمانى چوارچێوەى هاوئاهەنگى لە ڕاگەیێندراوێکدا کە بەرەبەیانى ئەمڕۆ سێشەممە بڵاوی کردەوە، هەڵوێستى خۆى لەبارەى کێشەى نەناردنى مووچەى مانگى ئایاری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خستەڕوو.

لە راگەیێندراوەکەدا لەبارەى کێشەکانى نێوان هەولێر و بەغدا دەڵێت: "حکوومەتى فیدراڵى پەرۆشە بۆ مافى سەرجەم هاووڵاتییان و هەوڵدانى جیدى بۆ لابردنى سەرجەم بەربەستەکان".  

ئەو هاوپەیمانێتییە کە زۆرینەى لایەنە شیعەکان لەخۆ دەگرێت، شەوى ۲ى حوزەیران لە نووسینگەى عەمار حەکیم، سەرۆکى رەوتى حیکمە لە بەغدا کۆبووەوە.

چوارچێوەى هاوئاهەنگى جەختى لە گرنگى دەرکردنى یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان کردەوە و بە کڕۆکى چارەسەرى پرسە هەڵپەسێراوەکانى نێوان بەغدا و هەولێر ناوى بردووە.

بەشێکى دیکەى راگەیێندراوەکەى چوارچێوەى هاوئاهەنگى کە زۆرینەى پێکهێنەرى حکوومەتن تایبەت بوو بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق، جەختى لەوە کردەوە کە هەڵبژاردن لەکاتى دیاریکراوى خۆیدا بکرێت و هۆشداریدا لە: "بەکارهێنانى پارەى سیاسى بۆ دروستکردنى کاریگەرى لەسەر ڕاى گشتى".   

شایانی باسە۱۱ـی تشرینى دووەمى ۲۰۲۵ هەڵبژاردنى خولى نوێى پەرلەمانی عێراق دەکرێت؛ دوو رۆژ بەر لەوە دەنگدانى تایبەت بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەکرێت.

News ID 225540

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha