سامانە سرووشتییەکانی هەرێم وەڵامێکی توندی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق دەداتەوە، کە بە رادەست نەکردنی داهاتی نەوتی تۆمەتباری کردبوون.

بەپێی هەواڵی کوردپرێس، لە بەشێکی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستاندا باس لە ڕاگرتنی مووچەی مووچەخۆران کراوە و رایگەیاندووە: "مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمتان بڕیوە، [ئەمە] پێشێلکارییەکی ئاشکرای سادەترین مافە مرۆییەکانیانە و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکیان لە دژ پەیڕەو دەکەن بە مەبەستی جێبەجێ کردنی پیلانە جیاکارییەکانتان کە پێچەوانەی دەستوورن، ئەوە یەکێکە لە قێزەونترین پێشێلکارییەکانتان."

 سامانە سرووشتییەکانی هەرێم حکوومەتی عێراق تۆمەتبار دەکات بەوەی رێگربوون لە تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق و دەڵێت، "ئێوەن بە ئاشکرا و بەردەوام دەستوور پێشێل دەکەن و بۆ چەندین ساڵ ڕێگر بوون لە پەسندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، کە ئەو یاسایە بەردی بناخەی چارەسەری هەموو کێشەکانی نەوتە".
پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق لە ڕاگەیێندراوەکەی ئەمڕۆیدا ڕایگەیاندبوو، "حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بە قاچاخ بردنە دەرەوەی نەوت بەرپرسە".
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لە وەڵامدا ئاماژەی بەوە کردووە، "تۆمەتەکانی بە قاچاخ بردنی نەوت لە هەرێمەوە، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر کارەکانی قاچاخ و گەندەڵی بەرفراوان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق لابدەن، بە شاهیدی ڕاپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان؛ ئێوە نەوت لە باشوورەوە بە قاچاخ دەنێرن".
بە گوتەی سامانە سرووشتییەکان، ئەوان زیاتر لە ۱۱ ملیۆن بەرمیل نەوتیان ڕادەستی حکوومەتی عێراق کردووە، بەڵام ئەوان هیچ بڕە پارەیەکیان لە بەرامبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.
دەقی ڕاگەیێندراوەکەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان:
جارێکی دیکە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی راگەیێندراوێکی سیاسی بڵاو کردەوە کە دوورە لە ڕاستییە بابەتییەکان، پێداگری لەسەر بەرپرسیارکردنی هەرێمی کوردستان دەکات لە شکستە کەڵەکەبووەکان کە لە بنەڕەتدا بەرهەمی سیاسەتی (ناوەندی)ن کە نەیانتوانیوە رێز لە بنەماکانی هاوبەشیی راستەقینە بگرن کە عێراقی فیدراڵی لەسەر بنیاتنراوە. پێش ئەوەی بچینە نێو وردەکارییەکانی وەڵامدانەوەمان بۆ ئەو تۆمەتانە، دەمانەوێ چەند راستییەکی حاشا هەڵنەگر بخەینە بەردەم رای گشتی:
ئێوەن بە ئاشکرا و بەردەوام دەستوور پێشێل دەکەن بە چەندین ساڵ رێگر بوون لە پەسەندکردنی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی، کە ئەو یاسایە بەردی بناخەی چارەسەری هەموو کێشەکانی نەوتە، ئێوە مکوڕن لەسەر چەسپاندنی کۆمەڵێک یاسای رژێمی پێشوو کە یاسای بەعسی و ناوەندگەرایی بەسەرچووە، بەتایبەتی یاسای ساڵی ۱۹۷۶، کە بە شێوەیەکی روون و ئاشکرا دژی بنەماکانی سیستمی فیدراڵی و مادەکانی دەستووری کارپێکراوە، بەمەشەوە نەوەستاون، بەڵکو مووچە و بژێوی هاووڵاتییانی هەرێمتان بڕیوە، کە پێشێلکارییەکی ئاشکرای مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤە و سیاسەتی برسیکردنی سیستماتیکی دژی ئەوان پەیڕەو دەکەن بۆ جێبەجێکردنی پیلانە جیاکارییەکانی خۆتان کە دژی دەستوورن و ئەوەش لە دڕندەترین پێشێلکارییەکانتانە.
تۆمەتەکانی بە قاچاخ بردنی نەوت لە هەرێمەوە، هەوڵێکی ئاشکرایە بۆ ئەوەی سەرنجەکان لەسەر کارەکانی قاچاخ و گەندەڵییە بەرفراوانەکان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق لابدەن، ئێوە نەوت لە باشوورەوە بە قاچاخ دەبەن و هەموو گەندەڵییەک بە بەرچاوی هەمووانەوە دەکەن، ئەوەش بە شاهیدی راپۆرتە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان کە قەبارەی بەهەدەردان و گەندەڵییەکە ئاشکرا دەکەن، ئێوە نەوتەکە تێکەڵ دەکەن و لە جیاتی خزمەتکردنی عێراق و گەلەکەی، خزمەتی بەرژەوەندییەکانی کەسانی دیکە دەکەن، بە سیاسەتگەلێکی دڵتەزێن کە زیانیان بە ناوبانگی نەوتی عێراق لە جیهاندا گەیاندووە.
لە بەرامبەردا، هەرێمی کوردستان پابەندبوونی تەواوی خۆی جێبەجێ کردووە، سەرەڕای پابەندنەبوونی لایەنی بەرامبەر بە بەرپرسیارێتی و ئەرکە دەستوورییەکانی. بەرپرسیارکردنی هەرێم لە گوشارەکانی ئۆپێک هەڵەیە، چونکە ئێوە نەوتی کەسانی دیکە بە ناوی نەوتی عێراقەوە دەفرۆشن، مافی دەستووریی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنان دوو ئەوەندەی ئێستایە، بەڵام لە پێناو بەرژەوەندیی گشتیی وڵاتدا، تەنانەت نیوەی ئەو بڕە شایستەیەش بەرهەم ناهێنێت، ئێمە زیاتر لە ۱۱ ملیۆن بەرمیل نەوتمان رادەست کردوون و ئێوە دینارێکتان لە بەرامبەردا بۆ هەرێمی کوردستان نەناردووە.

سەبارەت بەوەی لە راگەیێندراوە نوێیەکەدا هاتووە، ئێمە ئەم راستییانە ڕوون دەکەینەوە، بە شێوەیەک کە هیچ گومانێکی تێدا نەبێت:

۱- حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو لایەنە نییە کە بووەتە هۆی وەستانی هەناردەی نەوت، بەڵکوو ئەوە بەهۆی ئەو سکاڵایەیە کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی لەسەر وەزارەتی وزەی تورکیا تۆماری کرد و لە ئەنجامدا هەناردەکە لە ۲۰۲۳/۳/۲۵ وەستا، کە زیانی زیاتر لە ۲۵ ملیار دۆلاری بە حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکان گەیاند.

۲- لە ماوەی چەند رۆژێکی کەمدا، بە دیاریکراوی لە ۲۰۲۳/۴/۴، رێککەوتن لەگەڵ وەزارەتی نەوت کرا بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردە، بەڵام یاسای بودجە بڕێکی دیاریکرد بۆ تێچووی بەرهەمهێنان (کە شەش دۆلارە بۆ هەر بەرمیلێک)، ئەمەش وای کرد کە زۆربەی کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان بەپێی ئەم دیاریکردنە دەست لە بەرهەمهێنان هەڵبگرن.

۳- بەپێی داواکاری وەزارەتی نەوت، بڕێک نەوتی هەرێم رادەستی یەکێک لە پاڵاوگەکان کراوە کە لە بەرژەوەندی وەزارەتی نەوت کاردەکات، ئەمەش بۆ ماوەی زیاتر لە پێنج مانگ. کۆی گشتیی رادەستکراو (۱۱،۸۲۶،۲۱۸) بەرمیل بووە، سەرەڕای ئەم پابەندبوونەی هەرێم، تەنانەت یەک دیناریش بەرامبەر ئەم بڕە پارەیە نەدراوەتەوە، لە ئەنجامدا کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان دەستیان لە رادەستکردنی بەرهەمەکانیان بۆ وەزارەتی نەوت هەڵگرت.

۴- لە سەرەتای پێکهێنانی حکومەتی فیدراڵی، لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنرا بۆ ئامادەکردنی رەشنووسی یاسای نەوت و گازی فیدراڵی و چەندین کۆبوونەوەش بەڕێوەچوون بۆ ئەم مەبەستە، بەڵام ئەم هەوڵانە تاوەکو ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە و سستی و دواکەوتنێکی بەرچاو لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە لە بەدواداچوونی ئەم دۆسیە گرنگەدا بەدی دەکرێت، کە کلیلی چارەسەری راستەقینەی ناکۆکییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەردوو حکومەتە.

۵- لەبەرئەوەی حوکمڕانی لە عێراق سیستمێکی فیدراڵییە و لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمە کە خاوەنی یاسا و رێسای تایبەت بە خۆی بێت بۆ رێکخستنی کاروبارەکانی، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان گرێبەستەکانی لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییە جیهانییەکان بەپێی یاسای نەوت و غازی ژمارە ۲۲ی ساڵی ۲۰۰۷ واژۆ کردووە، ئەگەر کێشەیەکی یاسایی راستەقینە لەم گرێبەستانەدا هەبووایە، کۆمپانیا جیهانییە بەناوبانگەکان ملیارەها دۆلاریان لە هەرێم وەبەرهێنان نەدەکرد بێ هیچ بنەمایەکی یاسایی.

۶- عێراق دەستوورێکی هەیە، ئەگەر کار بە حوکمەکانی بکرێت، بە دوور لە هەڵاوێرکردن و بەرژەوەندییە تەسکەکان لە جێبەجێکردن و لێکدانەوەدا، ئەوا دۆخی گشتیی وڵات بەتایبەتی دۆسیەی نەوت، نەدەگەیشتە ئەم ئاستە لە ئاڵۆزی و گرژی.

۷- حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەواوی پابەندبووە بە هەوڵەکانی دەستپێکردنەوەی هەناردە، بە جۆرێک کە رەزامەندی دەربڕیوە لەسەر فرۆشتنی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێم لە رێگەی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت (سۆمۆ)، دانانی تەواوی داهاتەکانی فرۆشەکە لە خەزێنەی دەوڵەت و دەستنیشانکردنی کۆمپانیایەکی راوێژکار کردنەوەی هەژمارێکی پارێزراو (ئیسکرۆ ئەکاونت) بە ناوی کۆمپانیاکانەوە.

۸- کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم داوا دەکەن، کار بە گرێبەستەکان لە رووی نموونەی ئابووری بکرێت، لەگەڵ جێبەجێکردنی مەرجە بازرگانییەکانی ناو گرێبەستەکە و دەست نەبردن بۆ نێوەڕۆکی گرێبەستەکان، چونکە رێڕەوی یاسایی خۆیان لە دادگە فیدراڵییەکان و نێودەوڵەتیدا وەرگرتووە.

ئێمە دەمانەوێت بیرتان بخەینەوە و بیرى رای گشتیش بخەینەوە کە رێککەوتنە (کاتی)ـیەکەی پەیوەست بە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوت و کۆبوونەوە و دیدارەکانی دوای ئەو رێککەوتنە، بەڵگەیەکی تەواوە لەسەر نەرمی نواندنی هەرێمی کوردستان و ئامادەیی بۆ هاریکاری، ئەمەش ئەو بانگەشانەی وەزارەتەکەتان بێ بنەما دەکات؛ کە گوایە گفتوگۆکانی پێشوو لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بێ ئەنجام بوون.

News Code 225547

Tags

Your Comment

You are replying to: .
captcha