بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستانی (کەجەکە)، لە هەڤپەیڤینێکدا بە (ستێرک تیڤی) ڕاگەیاندووە: نابێت بڕیارەکانی پەکەکە لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری وەک "پرۆسەی ئاشتی" ناوببرێن. ئاماژەی بەوەش کرد، "باشتر وایە ئەم بڕیارانە وەک سەردەمێکی نوێ بۆ تێکۆشان و بە ناوی (سەردەمی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی) پێناسەبکرێن."
وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە وتیشی: بڕیارەکانی کۆنگرەی پارتەکەیان تەنیا بۆ "کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری" دراون. ئاماژەی بەوەش کرد، "کەس باسی دانان و ڕادەستکردنی چەکی نەکردووە، چونکە ئێستا زەوینەی وەها لە ئارادا نییە".
زاگرۆس هیوا دەشڵێت: "هێشتا دانوستاندن بۆ پرۆسەی ئاشتی دەستی پێنەکردووە، چوونکە هەردوولا (پەکەکە و تورکیا) لەسەر ناوی پرۆسەکە هاوڕا نین. دەوڵەتی تورکیا هێشتا دەستەواژەی تیرۆر بۆ ئەم پرۆسەیە بەکاردەهێنێت. چۆن دەبێت تۆ لەلایەک باسی ئاشتی بکەیت و لەلایەک دیکەیش زمانێک بەکاربهێنیت، هەست و ویژدانی گەلی کورد بریندار بکات؟".
وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە دەڵێت بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی دەستپێبکات، "دەبێت سەرەتا زیهنییەتی دەوڵەتی تورک بگۆڕدرێت؛ ئەو زیهنییەتەی، کورد وەک تیرۆریست دەبینێت".
وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە ئاماژەی بەوەش کرد، "بەرلەوەی باسی دانانی چەک بکەین، دەبێت باسی پاشەکشەی سوپای داگیرکەری تورک لە خاکی باشووری کوردستان بکەین".
زاگرۆس هیوا باسی لەوەش کرد: "بۆ ئەوەی قۆناخی ئەم سەردەمە (قۆناخی ئێستای پرۆسەی چارەسەری) بەرەوپێشەوە بچێت، دەبێت سەرەتا گۆشەگیری لەسەر رێبەر ئاپۆ هەڵبگیرێت و ڕێبەر ئاپۆ لەڕووی جەستەیی ئازادبێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئازادانە و لە کەشێکی پارێزراو و تەندروستدا کار بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە بکات".
وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کەجەکە پێیوایە، تورکیا لە رێگەی هەڵگرتنی گۆشەگیری لەسەر عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و چارەسەرکردنی پرسی کورد لە رێگەی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە دەتوانێت پرۆسەی چارەسەری بە سەرکەوتوویی بە ئەنجام بگەیێنێت.
زاگرۆس هیوا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەو سەردەمەی بە بڕیارەکانی پەکەکە لەبارەی خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دەستیپێکردووە، لەڕووی دەستەبەکردنی ماف و ئازادییەکانەوە کاریگەری لەسەر هەموو بەشەکانی کوردستان دەبێت".
Your Comment