بەپێی هەواڵی کوردپرێس، زاگرۆس هیوا وتهبێژى کۆما جڤاکێن کوردستان (کهجهکه) له دیدارێکى شارپرێسدا لە بارەی چەکدانان و کۆتایی شەڕی چەکداری ڕایدهگهیهنێت: "ئهو بڕیارهى دراوه تهنها پهکهکهیه، بڕیاری هەموو کەسێک نییە، لایەنەکانی دیکه بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە، ڕەنگە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەندێک هێز و لایەن بیانەوێت هێرش بکەن، ئەوکاتە تێکۆشانی بزووتنەوەی ئاپۆچی و ئەو شێوازە نوێیانەی ڕێکخستن بۆ پاراستنی خۆی، تەگبیر و ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر".
ئهو بهرپرسه باڵایهى قهندیل وهڵامى ئهو ڕهخنانهش دهداتهوه که لهبڕیارى کۆتاییهاتنى خهباتى چهکداریى پهکهکه دهگیرێن و دهڵێت: "ئەگەر کەسانێک پێیانوایە کە ئەمە هەڵەیە و پێویستە خەباتی چەکداریی و شەڕ بەردەوام بکات، با بفەرموون، خۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا هێشتا هەر بەردەوامە و شەڕ هەیە، وەرن بەشداریی شەڕ ببن، ئەگەریش بەئێمە قایل نیین و دەڵێن ئیلا ئێمە خۆمان شەڕ دەکەین، کەس رێگەی لێیان نەگرتووە، ئەوەتا زیاتر لە۴۰ ملیۆن گەلی کورد هەیە، با ۴۰ کەس لەناو ئەم ۴۰ ملیۆنه کۆبکەنەوەو بۆ ماوەی ۴۰ ڕۆژ لە دژی تورکیا شەڕبکەن".
سهبارهت به چۆڵ کردنى قهندیلیش لهلایهن پهکهکهوه، زاگرۆس ڕایگهیاند: "تائێستا باسی شتێک نەکراوە بەناوی چۆڵکردنی قەندیل، چونکە پرۆسەکە هێشتا هەر تاکلایەنەیەو لایەنی کوردو پەکەکە سێ هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناو بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی.
لهبارهى ئهو دهنگۆیانهش که باس لهوهدهکهن، بهرپرسه باڵاکانى پهکهکه بگوازرێنهوه بۆ وڵاتى سێیهم له ئهگهرى بهرهو پێشهوهچوونى پرۆسهى ئاشتى، زاگرۆس هیوا بهتوندى ڕهخنهى لهو لێدوانانه گرت و وتى: "مەگەر دەیانەوێت ناوی ئاشتی لەم پرۆسەیە بنێن یان کۆچی زۆرەملێ؟ ڕۆیشتن بۆچى بۆ وڵاتی سێیەم".
هۆشداریى ئهوهشی دا، "پێویستە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆ لەباربێت، واتا دەرفەتی کاری ئازادانەی هەبێت کە لەکەشێکی تەندروستو پارێزراودا ئەم قۆناغە ڕێبەرایەتی بکات، هەر گەریلایەک لەپێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا چەکی کردوهته شان، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێتو نەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی قۆناغی ئاشتی بکات، کەس ناتوانێت گەریلا قەناعەت پێبکات".
ئهوهشى ڕونکردهوه، "تائێستا هیچ وڵاتو لایهنێکى سێیهم بهشداریىو دهستوهردانى لهپرۆسهى ئاشتىو ئهوه ههیه نهکردوه، پرۆسەکە تائێستا دوو لایەنەیە، بەڵام ئەمجارە جیاوازە، ئەمجارە گفتوگۆ ڕاستەوخۆ لەئیمراڵییەوە دەستیپێکرد، کەس نەکەوتە نێوانهوه".
لهبارهى دهستهواژهى ئاشبهتاڵ و تهسلیم بوونیشهوه بهرپرسهکهى قهندیل ڕایگهیاند: "ئیدی پەکەکە تەمەنی خۆی تەواو کردووە و ناوی خۆی بەتیپی زێڕین لە مێژوودا تۆمار کردووە، کاتی ئەوەیه بە پشتبەستن بە نرخ و پیرۆزییەکانی پەکەکە بە تەواوی ماڵئاوایی لە قۆناغی ۴۷ ساڵە بکرێت، ئهوهشى ڕوویداوه کۆتاییهاتنی قۆناغێک و دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە، نە تەسلیم بوونە و نە ئاشبەتاڵ، بهڵکوو سووربوونە لەسەر ڕێپێوانی ئازادیی بەشێوازی نوێ".
دهقى دیدارهکهى زاگرۆس هیوا لهگهڵ شارپرێس:
پرسیار: ئەمەی کە لەکۆنگرەی ۱۲ ڕویداوە ناوی دەنێن چی؟ چەکدانانو کۆتاییهێنان بەو فۆڕمە خەباتەی ماوەی زیاتر لە۴۷ ساڵ پەیڕەوتانکردوەو گۆڕینی بەجۆرێکی تری خەبات، یان گۆڕینی تاکتیکی خەبات، یان ئەوەی کە پێیدەوترێت چۆڵکردنی گۆڕەپانو ئاشبەتاڵ؟
وەڵام: ئەوەی لەکۆنگرەی ۱۲ ڕویدا کۆتاییهێنانە بەستراتیژێکی خەباتو تێکۆشانو پەسەندکردنی شێوازو ستراتیژێکی نوێ، ئەوەی لەکۆنگرەی ۱۲ ڕویدا کۆتاییهێنانە بەسەردەمێکی تێکۆشانو دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ، ئەوەی لەکۆنگرەی ۱۲ ڕویدا گۆڕانکاریی بنچینەیی بوو لەپارادایمو سیاسەتو تاکتیک، ئەوەی کۆتایی پێهات شێوازێکی خەبات بوو کە کاریگەرییەکانی سەردەمی شەڕی ساردو سۆسیالیزمی ئاراییو دەوڵەت ـ نەتەوەی پێوە دیاربوو، ئەوەی کە دەستیپێکرد تێکۆشانی سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتییە بەشێوازی نوێو ئامرازی نوێ.
کۆنگرەی ۱۲ خاڵی کۆتایی لێگەڕینێکی ۳۲ ساڵەیە بۆ چارەسەری دیموکراتییانەی کێشەی کورد، ئەم لێگەڕینە لەساڵی ۱۹۹۳ بەدیالۆگی نێوان ڕێبەر ئاپۆو تورگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری تورکیا بەنێوەندگیری خوالێخۆشبوو سەرۆک مام جەلال تاڵەبانی دەستیپێکرد، لەساڵی ۱۹۹۳دا ڕێبەر ئاپۆ گەیشتە ئەو قەناعەتەی کە ئیدی سەردەمی خەباتی چەکداری کۆتایی پێهاتوە، چونکە خەباتی چەکداریی ئارمانجی خۆی پێکابوو، سیاسەتی نکۆڵیکردن لەکوردی هەڵوەشاندەوە، وایکردبوو کە "کەنعان ئەڤرەن" کە ئینقلابی ۱۹۸۰ی کرد بەکوردی قسە بکات، تورگوت ئۆزاڵو سولەیمان دەمیرل بڵێن " دان بەهەبونی کورددا دەنێین"، ئەمانە هەموو پێشتر دەیانوت "تورکی شاخاوی"و "ناوی کورد لەدەنگی کارت ـ کورتی کاتی ڕێپێوانی سەر بەفرەوە هاتووە".
لەو سەردەمەدا ڕێبەر ئاپۆ پەرتووکێکی نووسی و وتی: "ژیانەوە سەرکەوت، ئیدی کاتی ڕزگارییە"، ئیدی پێویستبوو ئەو میراتی تێکۆشانی ۱۵ ساڵەی پەکەکە بکەوێتە خزمەت خەباتی ئاشتیخوازانەو سیاسیو دیموکراتییەوە لەپێناو ئازادیدا، بەڵام هەم لەئاستی نێودەوڵەتی، هەم لەناوخۆی تورکیاو هەم لەناو پەکەکەشدا هەندێک هێزو کەسایەتى (شەمدین ساکیک) بەگەلەکۆمەیەک ئەم پرۆسەیەیان تێکدا، چوونکە ئەوان بەرژەوەندییان لەسەر شەڕو توندوتیژی داڕشتبوو.
لە ئەنجامدا تۆرگوت ئۆزال دەرمانخوارد کراو ئەشرەف بهتلیسی سەرۆک ئەرکانی سوپا و هەموو ئەو کادیرانەی دەوڵەت کە لایەنگری چارەسەری بون پاکتاوکرانو شەڕ جارێکی دی دەستیپێکردەوە.
"دۆغان گورەش"ی سەرۆک ئەرکانی نوێ چوە بەریتانیا و لە گەڕانەوەدا وتی کە "گڵۆپی سەوزیان بۆمان هەڵکردووە بۆ پاکتاو کردنی پەکەکە"، ئهوهبوو ئەنفالێک لە باکوور ڕوویدا، چوار ههزار و ۵۰۰ گوند خاپوور کران و چوار ملیۆن کەس ئاوارە و دەربەدەربوون بۆ ئەورووپا و شارە گەورەکانی تورکیا، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ هەر کۆڵی نەدا و لەپێناو ئاشتیدا لە ساڵی ۱۹۹۵دا بۆ جاری دووەم ئاگربەستی ڕاگەیاند، ئەم ئاگربەستەش لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە تێکدرا و شەڕ جارێکى دی دەستیپێکردەوە.
پاش ئەمە لەتورکیا حکومەتی "نەجمەدین ئەربەکان" هاتەسەر دەسەڵاتو لەنێوان ڕێبەر ئاپۆو کاربەدەستانی حکومەتەکەی ئەربەکاندا ئاڵۆگۆڕی نامە کراو کار هاتەسەر ئەوەی کە پەکەکە ئاگربەست ڕابگەیەنێت و حکوومەتی ئەربەکانیش لەسەر ئەم بنەمایە گۆڕانکاریی یاساییو دیموکراتی بکات، بەڵام ئەو لایەنانەی ناو دەوڵەتی قووڵی تورکیا کە چارەسەرییان نەدەویست، ئینقلابیان بەسەر حکومەتەکەی ئەربەکاندا کرد.
لە۲۸ى شوباتی ۱۹۹۷، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ڕێککەوتنی دۆڵمەباخچەی لە۲۸ى شوباتى ۲۰۱۵و بانگەوازی ئاشتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی لە۲۷ى شوباتى ۲۰۲۵دا ڕاگەیاند، ئەمه وەک ڕێزو پێزانینێکە بۆ ئەو هەوڵدانانەی کە لەکاتی حکوومەتەکی ئەربەکاندا بۆ ئاشتی ئەنجامدران و هەروەها وەڵامدانەوەیەک بوو بۆ کوودەتاچییەکان.
لەساڵی ۱۹۹۸ ڕێبەر ئاپۆ لەڕۆژی جیهانی ئاشتیدا (یەکی ئەیلول) جارێکی دی ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام ئەم ئاگربەستەش بەپیلانگێڕی نێودەوڵەتی وەڵامدرایەوە، بۆ وەبیرهێنانەوەی دەتوانم ئاماژە بەدوو وتنی ئاپۆ لەوکاتەدا بکەم، ساڵێک بەرلەوەی بەبارمتە بگیردرێت، ئاپۆ زنجیره وتارێکی پێشکەشکرد لەژێر ناوی "لەموخاتەبێک دەگەڕێم"و تەنانەت وتی کە "پەکەکە ئیدی سەردەمی خۆی تەواوکردوەو من ئیستیقالە لەپەکەکە دەدەم"، ئەگەر ئاپۆ لەسەردەمی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیدا ڕوی کردە ئەورووپا ئەمە ئەنجامی ئەم لێگەڕینەبوو، لێگەڕین لەموخاتەبێک، لەهێزێک کە بتوانرێت کێشەکەی لەگەڵدا چێرەسەربکرێت.
ئەگینا ئاپۆ دەیتوانی بێت بۆ شاخ، بەڵام بەوتەی خۆی ئەگەر هاتبا شاخ، کێشەی کورد تەنها دەکەوتە ڕەهەندی سەربازییو توندوتیژییەوهو لەمەدا قەتیس دەمایەوە، هەربۆیە نەهات بۆ چیاکانی کوردستان، واتە، چون بۆ ئەورووپاش پێداگریی ئاپوو بوو بۆ بەدیهێنانی چارەسەری سیاسی و دیموکراتی.
ڕێبەر ئاپۆ کێشەو ئێشو ئازاری گەلەکەی گرتەسەر شانو بردی بۆ لای ئەو هێزانەی کە دروستیانکردبوو، بۆ لای خاوەنەکانی پەیمانی لۆزان، بەڵام ئەوان جارێک بڕیاری جینۆسایدی کوردیان دابوو، هەربۆیە ئاپۆیان بەگەلەکۆمەیەک کە نمونەی لەمێژودا نییە، ڕفاندو ڕادەستی دەوڵەتی تورکیایان کرد، ئامانجیان ئەوەبوو شەڕی کوردو تورکو خوێنڕشتن بەردەوامبێت، بەڵام ئاپۆ لەبەرئەوەی بڕوای تەواوی بەچارەسەری سیاسی و دیموکراتی هەبوو، لە زیندانیش هەر لەسەر چارەسەری پێداگری کرد.
هەربۆیە بانگەوازی بۆ گەریلا کرد کە پاشەکشە بکەن لەباکوری کوردستانو داوایکرد گروپێکی گەریلا وەکوو نیازپاکی بۆ ئاشتی بەچەکەکانیانەوە خۆیان ڕادەستی دەوڵەتی تورکیا بکەن، هەروەها لەئەوروپاشەوە گرووپێکی کادیری پەکەکە گەڕانەوە تورکیا، دەوڵەتی قوڵ یان دەوڵەتی سێبەر لەتورکیا لەبەرئەوەی کە چارەسەری نەدەویست ئەم گروپە هەڤاڵانەی خستە زیندانەوە، تەنانەت چەند هەڤاڵیک لەوانە لەزینداندا بە ئەشکەنجە و نەخۆشی شەهید بوون.
ڕێبەر ئاپۆ ئەمجارە لەزیندانەوە لەگەل حکومەتەکەی "ئەجەویت" کەوتە گفتوگۆ بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ گۆڕانکارییو بەدیهێنانی ئاشتیو چارەسەری، ئهوهبوو له۴ى نیسانى ۲۰۰۲دا پەکەکەی هەڵوەشاندەوەو لەجیاتی ئەو KADEK دامەزرێنرا، پاشان KADEKیش خۆی هەڵوەشاندەوەو بوو بە"کۆنگرەی گەل"، بەڵام دەوڵەت باخچەلی کە ئەوکاتە نوێنەرایەتی دەوڵەتی قوڵی دەکردو هاوبەشی حکومەتەکەی "بولەنت ئەجەویت" بوو، بۆ ئەوەی حکومەتەکەی ئەجەویت بڕوخێت، لەحکومەت کشایەوەو مەجبور هەڵبژاردن کراو بەمشێوەیە ڕێگەی لەبەردەم هاتنەسەر کاری ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو ئاکەپە کردەوەو تائێستاش بەنهێنیو بەئاشکرا پشتیوانو هاوپەیمانی حکومەتەکەی ئەردۆغانە، بەشەرتێک کە دژایەتی کورد بکاتو بەس.
کاتێک کە ئەردۆغان هاتەسەر دەسەڵات، هەموو ئەو ئامادەکارییە یاساییانەی کە بۆڵنت ئەجەویت بۆ چارەسەری کردبوی هەڵیوەشاندەوەو لەساڵی ۲۰۰۴دا جارێکى دی شەڕ دەستیپێکردەوە، هەربۆیە پەکەکەش بەناچارى شەڕی خۆپاراستنی کردو لە۴ى نیسانی ۲۰۰۵دا جارێکی دی خۆی ڕێکخستەوە، واتە بۆ سێ ساڵ ڕێکخستنێک بەناو پەکەکەوه بونى نەبوو، هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بزوتنەوەی ئاپۆیی ناچارکرد کە پەکەکە سەرلەنوێو لەسەر بەرنامەو پرۆگرامێکی نوێ دابمەزرێنێتەوە.
لەساڵی ۲۰۰۵، لەسەر ڕاسپاردەی ئاپۆو لەوەڵامێکدا بۆ وتەی ئەردۆغان کە وتبوی "کێشەیەک بەناوی کێشەی کورد هەیه"، پەکەکە جارێکى دی ئاگربەستی تاکلایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا هەر سوربوو لەسەر شەڕو ئۆپەراسیۆن، ئهوهبوو لەیەکی ئۆکتۆبەری ساڵی ۲۰۰۶ لەسەر ڕاسپاردەی ڕێبەر ئاپۆ، پەکەکە جارێکى دیکه ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام پاش چەند مانگێک ئەم هەوڵدانە بەدەرمانخواردکردنی ڕێبەر ئاپۆ لەزیندان، وەڵامدرایەوەو شەڕ هەر ڕانەوەستا.
هەربۆیە لەناو پەکەکەدا گروپێک هەڤاڵی فیدایی بۆ پاراستنی گیانی ڕێبەر ئاپۆ بەشێوەیەکی سەربەخۆ خۆیان لەژێر ناوی "هەڵۆکانی ئازادی کوردستان" ڕێکخستو دەستیان بەچالاکی گیانبازی کرد لەدژی ئارمانجە ستراتیژەکانی دەوڵەتی تورکیا، (دوو لەم هەڤاڵانە لەساڵی پار لەدژی گەورەترین ناوەندی پیشەسازیی سەربازیی تورکیا چالاکی گیانبازییان ئەنجامدا)، ئەم شەڕە بەردەوامبوو تاساڵی ۲۰۱۰ کە ڕێبەر ئاپۆ جارێکى دی ئاگربەستی ڕاگەیاند، بەڵام تورکیا لە ۲۰۱۱ جارێکی دی دەستی بەهێرش کردەوە، شەڕی ۲۰۱۱و ۲۰۱۲ بۆ تورکیای سەلماند کە ناتوانێت پەکەکە شکست پێبهێنێت، هەربۆیە ڕۆیشتنە لای ڕێبەر ئاپۆو داوای ئاگربەستیان کرد، لەساڵی ۲۰۱۳، ڕێبەر ئاپۆش پەیامی مێژویی نەورۆزی ۲۰۱۳ی ڕاگەیاند، سوپای تورکیاو دەوڵەتی قوڵ ئەمجارە بەڕواڵەت پابەندی ئاگربەستەکە بون، بەڵام بەدوو شێوە لەدژی گەلی کورد کەوتنە هێرشەوە، یەکەمیان، داعشیان ڕێکخستو هێرشی ڕۆژئاواو باشورو باکوری کوردستانیان کرد، دوەم، لەساڵی ۲۰۱۴دا پلانێکی تۆکمەیان داڕشت بەناوی çöktürme planı یان "پلانی چۆک پێدادان، هێنانە سەر چۆک"و لە۲۴ى تەمموزی ساڵی ۲۰۱۵ دەستیان بەفراوانترینو قورسترین هێرش کرد کە لەمێژوی ململانی نێوان پەکەکەو تورکیادا نمونەی نەبوە.
لەیەککاتدا هێرشیانکردەسەر باشور، ڕۆژئاواو باکور، وێڕای ئەوەی کە پەکەکە لە ۱۰ی ئۆکئۆبەری ۲۰۱۵و ۱۰ی شوباتی ۲۰۲۳ دوو جاری دی ئاگربەستی تاکە لایەنەی ڕاگەیاند، بەڵام بەکۆمەڵکوژی ئهنکهرا وەڵامی دەستپێشخەرییەکەی ۲۰۱۵یان دایەوەو بەچەکی کیمیایی لەزاپو مەتینادا وڵامی ئاگربەستەکەی ۲۰۲۳یان دایەوە.
ئەم شەڕەو ئەم هێرشە کیمیاییانە تائێستاش بەردەوامن، هەروەها گۆشەگیرییەکی زۆر دژواریان خستەسەر ڕێبەر ئاپۆ لەئیمراڵی، بەشێوەیەک کە کەس هیچ هەواڵێک لەبارەیەوە نەزانێت، ۱۰ ساڵە بەبێ هیچ ناوبڕێک تورکیا هێرشدەکاتو ڕێبەر ئاپۆو پەکەکەش خۆڕاگریی دەکەن.
پرسیار: چی بوو بەهۆکار کە ئاگربەستی ۲۰۲۵ ڕابگەیهنرێتو پەکەکە ئامادەی خۆهەڵوەشاندنەوە بێت؟
وەڵام: چەند هۆکارێک هەن لهوانه:
۱ـ تورکیا لەڕێگهی جێبەجێ کردنی çöktürme planıیەوە بەوەگەڕخستنی هەموو ئیمکانیاتی خۆی دەیەویست بەبێ هەبونی کورد تەمەنی ۱۰۰ ساڵەی کۆمار پیرۆز بکاتو بەبێ کورد تێپەڕ ببێت بۆ ۱۰۰ ساڵی دوەمی کۆمار، بەڵام خۆڕاگریی پەکەکەو گەلی کورد ئەم پلانەی شکست پێهێنا، ئێستا ئەردۆغان باسی تێچوی دوو ترلیۆن دۆلاری ئەم شەڕە دەکات کە لەڕاستیدا پێنج ترلیۆن دۆلارە، ناوێرێت دانی پێیابنێت.
۲ـ لە جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زۆر گەشەسەندنی چارەنوسساز هاتنە ئاراوە، سیستەمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەستیکردوە بەهەڵوەشاندنەوەی دەوڵەت ـ نەتەوەکان، لەکەسایەتی سەدام حوسێنو بەشار ئەسەددا دەوڵەت نەتەوەی عەرەب هەڵوەشێنرایەوە، ئێستا سەرە هاتوەتهسەر دەوڵەت ـ نەتەوەی فارسو تورک، حەماسو حزبوڵڵا گورزی جەرگبڕیان بەرکەوتو نەخشەی سیاسیو سەربازیی هەرێمەکە گۆڕدرا.
واتە ئێستا لەسەردەمێکدا دەژین کە لەسەردەمی پەیمانی سایکس پیکۆو پەیمانی لۆزانی سەرەتاکانی سەدەی ۲۰ دەچێت، شەڕی جیهانی سێهەم لەئارادایەو نەخشەی هەرێمەکە سەرلەنوێ دادەڕێژرێتەوە، تورکیا بەرهەمی هاوسەنگییەکانی شەڕی جیهانی یەکەمو سەدەی بیستەمە، بەڵام ئیدی هاوسەنگییەکانی شەڕی جیهانی یەکەمو سەدەی بیستەم کۆتاییان پێهات.
لەو سەردەمەدا، تورکیا وەک هاوسەنگییەک بەرامبەر یەکێتی سۆڤیەت دامەزرێنراو لەم پێناوەشدا هەموو جۆرە هاوکارییەکی پێشکەشکرا لەلایەن ڕۆژئاواو پاشان لەلایەن ناتۆوە، دوەم، تورکیا وەک هێزێک بۆ پاراستنی ئیسرائیل لەبەرامبەر هێرشی دەوڵەتە عەرەبەکان ڕۆڵی پێدرا، بەڵام ئیدی نە سۆڤیەت ماوەو نە ئیسرائیلیش هەست بەمەترسی دەکات لەلایەن عەرەبەوە، ئەوەتا ئیسرائیل لەچوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیمیدا لەگەڵ عەرەب ڕێکدەکەوێتو لەگەڵ ئەمریکا نەخشەی هەرێمەکە دادەڕێژێتەوە، سێیەم، شەڕە جیهانییەکان لەسەر ڕێڕەوی وزە دەردەکەون.
شەڕی جیهانی یەکەم لەسەر ڕێڕەوەی بەرلین ـ بەغدا بوو، شەڕی جیهانی سێهەمیش لەسەر ڕێڕەوی هیندستان ئەورووپایە، ئەم شەڕەی غەززە و لوبنان و سووریا و یەمەن و کێشەی ئەمریکا و ئێران بۆ دابینکردنی ئاسایشی درێژخایەنە بۆ ئەو ڕێڕەوە.
تورکیا تائێستا لەدەرەوی ڕێڕەوی بازرگانی İMEC (هیندستان، ڕۆژهەڵاتی ناوین، ئەورووپا) هێڵدراوەتەوەو لەم چوارچێوەیەشدا نزیکە قوبرسی باکوری لەدەست دەربچێت.
تورکیا لەرزی ئەوەی لێنیشت کە لەناو ئەم هاوکێشە نوێیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئیدی نەتوانێت وەک جاران لەدژی کوردو پەکەکە هاوکاریی لەئەمریکاو ئەورپاو دەوڵەتەکانی هەرێمەکەوە وەربگرێتو تەنانەت ترسی ئەوەی کەوتە دڵ کە هێزە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکان لەدژی تورکیا هاوکاری کوردو پەکەکە بکەن، پارادیمی ۱۰۰ ساڵەی تورکیا ئیدی تێری ئەوەی نەکرد هەم بەرگەی شەڕی جیهانی سێهەم بگرێو هەم بەرگەی تێکۆشانی ئازادیخوازی گەلی کورد بگرێت، گەیشتنە ئەو قەناعەتەی کە ئیدی ناتوانن بەردەوامی بەنکۆڵیکردن لەکورد بدەن، دەوڵەت باخچەلیو باڵێک لەناو دەوڵەتی قوڵ هەستیان بەم مەترسییە کرد، باسی کێشەیە "بەقا"یان کرد بۆ تورکیاو لەسەر ئەم بنەمایەش بانگەوازییان بۆ ڕێبەر ئاپۆ کردو لە۲۳ى ئۆکتۆبەردا عومەر ئۆجەلانیان ناردە لای ڕێبەر ئاپۆ.
ئەم بانگەوازییە نیشانەی ئەوەنییە کە زیهنییەتو سیاسەتی دەوڵەتی تورکیا گۆڕاوە، بەڵکو لێگەڕینو هەنگاوێکی تاکیتکییە بۆ ئەوەی کە ئەم قەیرانە ستراتیژییە تێپەڕ بکەن، ڕەنگە ئەگەر لەگەڵ ئەمریکاو ئیسرائیلو ئەوروپا لەسەر بەرژەوەندییەکانیان ڕێکبکەون، لەبانگەوازیەکەیان پاشگەز ببنەوە، لەگەڵ ئەمریکاو ئەوروپاو بەریتانیاو ڕوسیاو ئیسرائیل لەپەیوەندیدان.
ئەگەر دەرچەیەیکی هیوا ببینین بۆ خۆ ڕزگارکردن لەو دۆخەی کە تێدانە، هەوڵدەدەن کە پشت لەم پرۆسەیە بکەن، بەڵام ئەمە زۆر زەحمەت دەبێت، هیچیەک لەمانە ناتوانن تورکیا ڕزگاربکەن، ئەو تورکیایەی کە پارادایمی دژە ـ کوردی خۆی نەگۆڕێت، یان لەگەڵ سیستەمی نێودەوڵەتی دەکەوێتە شەڕەوە، یان ئەوەتا خۆی بەتەواوی ڕادەستی ئەو سیستەمە دەکات کە بەپێشەنگایەتی ئیسرائیل لەڕۆژهەڵاتی ناویندا دادەمەزرێت.
ئەگەر دەیەوێت نە شەڕ بکاتو نە تەسلیمیش بێت، تەنها ڕێگهیەکی لەبەردەمدا هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ڕێبەر ئاپۆ دایناوە: گۆڕانی پارادایم سەبارەت بەکێشەی کورد، کۆماری دیموکراتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی.
ڕێبەر ئاپۆش بۆ بەئەنجامگەیاندنی لێگەڕینی ۳۲ ساڵەی خۆی بۆ ئاشتیو چارەسەری دیموکراتی ئەمە هەلەی قۆستەوە، بەبانگەوازیکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە وەڵامی دەوڵەت باخچەلی دایەوە، چونکە بۆ جاری یەکەم موخاتەبێک دەرکەوتبوو بەناوی دەوڵەت باخچەلی، ڕەنگە هەنگاوەکەی دەوڵەت باخچەلی تاکتیکی بێت، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ کە زەمینە سیاسییەکەی لەبار بینی، بەهەنگاوێکی ستراتیژی وەڵامی ئەم بانگەوازییەی دەوڵەت باخچەلی دایەوە.
ناتوانین بەشێوەیەکی ئاشکرا بڵیین کە تورکیا بەتەواوی پارادایمێکی نوێى بۆ خۆی هەڵبژاردوە، بەڵام بۆ هەموو کەسێک ئاشکرایە کە پارادیمی کۆن، دۆخەکەی گەیاندە ئێستاو چەقبەستبونی ئافراند، دۆستی کورد هەیە لەناو تورکدا کە ئەم قەناعەتەیان هەیە، شەهید سڕی سورەیا ئۆندەر سیمبولی ئەم دۆستانەیە.
لەناو دەسەڵاتدا، هەندێک کەس هەن کە دەڵێین "با بەشێوەیەک چارەسەری بکەین، با تۆزێک دان بەهەبونی کورددا بنێین"، لەجەهەپەو مەهەپەدا ئاماژەکانی گۆڕانکاریی لەپارادیمدا تاڕادەیەک بەرچاو دەکەون، بەڵام لەئاکەپەو ئەردۆغاندا ئەمانە کەمن، ئاکەپە هێشتا بەپارادیمی کۆن قسە دەکات، هێشتا نەیانوێراوە کە ناوێک لەپرۆسەکە بنێین.
ئەمەی هەنگاوەی ڕێبەر ئاپۆ ئەنجامیدا گۆڕانکارییەکی بنچینەییو ستراتیژییە، تاکتیکی نییە، گەڕانەوە بۆ دواوەی نییە، کۆتاییهاتنی قۆناغێکو دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێیە، نە تەسلیمبونەو نە ئاشبەتاڵ، بهڵکو سوربونە لەسەر ڕێپێوانی ئازادیی بەشێوازی نوێ.
پەکەکە ئەرکی مێژویی خۆی پێکهێناو گەلی کوردی لەو گۆڕەی کە بۆیان هەڵکەندبوو دەرهێناو وەک دینامیکترین هێزی دیموکراتی خستیەسەر شاشەی مێژوو، خەباتو تێکۆشانی پەکەکە کاریگەریی ڕاستەوخۆو ناڕاستەوخۆی لەسەر پەرەسەندنو دەسکەوتەکانی هەر چوار بەشی کوردستان داناو وزەیەکی مەزنی سیاسیو کۆمەڵایەتیو کلتوریی هێنایە ئاراوە.
ئیدی پەکەکە تەمەنی خۆی تەواوکردوەو ناوی خۆی بەتیپی زێڕین لەمێژودا تۆمارکردوە، کاتی ئەوەیه بەپشتبەستن بەنرخو پیرۆزییەکانی پەکەکە بەتەواوی ماڵئاوایی لەقۆناغی ۴۷ ساڵە بکرێت، چونکە ئیدی سۆسیالیزمی ئارایی نەماوەو پێویستیو دەرفەت هەیە بۆ بونیادنانی سۆسیالیزمێکی نوێ کە ڕێبەر ئاپۆ وەک سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتی پێناسەی دەکاتو ئەمەش سۆسیالیزمی دەوڵەتو دەسەڵات نییە، بەڵکو سۆسیالیزمی کۆمەڵایەتییە، سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتیش بەدامەزراندنی دەوڵەت نەتەوەو لەم پێناوەشدا دەستبردن بۆ چەکو توندوتیژی پێکنایەت، سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتی بەسیاسەتی دیموکراتی، ئازادیخوازانەو ئاشتییانە دێتە ئاراوە.
سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتی واز لەشێوازی تێکۆشانی چەکداریی دەهێنێت، چونکە سەرچاوەی تێکۆشانی چەکداریی ئەنجامی پارادایمی دەوڵەت-نەتەوە بوو، بەکردەوەش سەلمێنراوە کە دەوڵەت-نەتەوەش ئازادیو دیموکراسی لەگەڵ خۆیدا ناهێنێت.
ئەگەر دەوڵەت بەدەم ئەم هەنگاوانەی پەکەکەوە بێت، قۆناغێکی نوێى تێکۆشان دەستپێدەکات، ئەم قۆناغە پێویستی بەڕەنجو ماندوبونو کارو خەباتێکی زیاتر هەیە.
ڕاگەیەندراوی کۆنگرەی ۱۲ی پەکەکە، بەزمانی تورکی لە۱۰۸۰ وشە پێکدێتو بەزمانی کوردی شێوەزاری سۆرانیش ئەمە دەکاتە ههزارو ۳۰۰ وشه، ئەم زیاتر لەهەزار وشەو دەستەواژەیە هەریەکەو ئاماژە بەخاڵێکی گرنگ دەکاتو ئەرکی قۆناغ دەستنیشاندەکات، هەر وشەیەکیش ئەرکێک دەخاتەسەر شانت کە پێکی بهێنی، بەڵام بەداخەوە، خەڵکانێک هەن کە دەستیان لەههزارو ۷۸ وشەی دی بەرداوە، هیچ باسیناکەنو تەنها تەرکیز دەکەنەسەر دوو وشە کە ئەویش خۆهەڵوەشاندنەوەو چەک بەردانەو دایم ئەمە دەخەنه ڕۆژەڤەوە، ئەمە لەکاتێکدایە کە هەموو وشەو ڕِستەکان وەک یەک گرنگنو ڕِێنمایی قۆناغی داهاتون.
پرسیار: ئێوە ئاماژەتان بەبانگەوازییەکەی دەوڵەت باخچەلی کرد؟ بۆ فاکتەری دەوڵەت باخچەلی هێندە گرنگ دەبینن؟
وەڵام: لەوکاتەوە کە پەکەکە دامەزرێنراو دەستی بەخەباتو تێکۆشان کردوە، چەندین حکوومەت و سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیر هاتنەسەر دەسەڵات، لەدژی پەکەکە شەڕیان کردو ڕۆیشتن، یان بەهەڵبژاردن، یان لەبەر هەر هۆکارێکی دی، واتە، ئەمانە شەڕی خۆیانیان لە گەڵ پەکەکە نەبردەسەر، لەیەکێک لەوێستگەکاندا لەم قیتارە دابەزین، بەڵام هێزێک هەبوو کە هەر لەسەرەتاوە، لەشەڕی دژی پەکەکەو کورد لەمەیداندا بوو، ڕەنگە زۆر دیارنەبوبێ، بەڵام چ لەپەرلەمانو حکومەت بوبێت یان نا، هەمیشە زەختی لەدەسەڵات دەکردو هانی دهدان کە بەدژوارترین شێوە هێرشبکەنەسەر کوردو پەکەکە.
ئەم هێزەش، مەهەپەو دەوڵەت باخچەلییە، زۆرجار لەهاوکێشە بیرکارییەکاندا ژمارەیەکی نەگۆڕ (constant) هەیە، هەموو شتێک دەگۆڕدرێت، ئەو ژمارەیە ناگۆڕدرێت، مەهەپەو دەوڵەت باخچەلیش ژمارەی نەگۆڕی هاوکێشە سیاسیەکانی تورکیا بون، چ لەڕواڵەتداو چ شاراوە، کۆڵەکهی سەرەکی هەموو حکومەتەکان بون، هۆکاری سەرەکی بەشداریی مەهەپەو دەوڵەت باخچەلی ئەوەبوە کە لەوە بەتەواوی دڵنیابێت حکومەتو دەسەڵاته یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا لەڕێبازی نکۆڵیکردنو جینۆسایدی کورد لانەدەن، لەم بەشدارییو هاوپهیمانییەدا، دەوڵەت باخچەلی بەدوای بەرژەوەندیی تاکە کەسیو حزبی نەکەوتوە، بۆی گرنگ نەبوە، چەندە دەنگ دێنێت، چەند وەزیری بەردەکەوێت، ئەوەی لای ئەو گرنگ بوە ئەوەبوە کە دوژمنایەتی کورد بەردەوامبێت.
بۆ نمونە، تاکە هۆکارێک کە دەوڵەت باخچەلی لەپاش قۆناغی ۲۰۱۵ بوو بەهاوپەیمانی ئەردۆغانو پاشان هاوپەیمانی کۆماری لەگەڵ ئاکەپە دامەزراند ئەوەبوو، ئەردۆغان لەشەڕی دژی کورد بەردەوامبێت، باخچەلی بەبێ هیچ شەرتو مەرجێک کەوتە هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەردۆغان، داوای تاکە پۆستێک یان تاکە وەزارەتێکی لەئەردۆغان نەکرد، تەنها داوای دوژمنایەتی گەلی کوردی لێکرد.
کەواتە، ئەوەی کە تائێستا بەدرێژایی ۵۰ ساڵ، بەردەوام لەدژی گەلی کوردو پەکەکە لەناو شەڕدا بوەو چۆنایەتیو چەندایەتیو گەوهەرو هەموو زۆرو زەحمەتییەکانی ئەم شەڕە دەزانێت، مەهەپەو دەوڵەت باخچەلی بوە، پێشتر هەر هەنگاوێک کە لەلایەن حکومەتەکانەوە بۆ ئاشتی دەنرا، دەوڵەت باخچەلی تێکیدەدا، بەڵام ساڵی ۲۰۲۴ گۆڕانکارییەکی چۆنایەتی ڕویداو ئەوکەسەی کە تاسەر ئێسقان دژی کورد بوو، باسی ئاشتیو برایەتی کوردو تورکی کرد.
پرسیار: هۆکارى ئهمه چى بوو بهبڕواى ئێوه؟
وەڵام: دەوڵەت باخچەلی ئەو ڕاستییەی بینی کە هەبونی تورکو دەوڵەتی تورکیا لەمەترسیدایە، تورکیا ئەو قورساییەی پێشوی نەماوە، لەناوخۆو دەرەوە توشی قەیران بوە، ئەو هەموو سەرمایە ئابوری، سیاسیو دیپلۆماسییەی کە لەدژی کورد بەکاریانهێنا، ئەنجامێکی ئەووتۆی نەبوەو ئەگەر لەگەڵ کورد ئاشتی نەکات، تورکیا ڕەنگە بەرەو هەڵوەشانەوە بچێت، دەوڵەت باخچەلی ڕەنگە تاڕادەیەکی کەم خەمی دەسەڵاتو پارەو شتی وای هەبێت، بەڵام بەر لەهەموو ئەم شتانە خەمی سەرەکی ئەو تورکو تورکیایە.
ئەوکەسەی کە لەپێناو تورکچێتیو پاراستنی دەوڵەتی تورکیا ۵۰ ساڵی بەردەوام دوژمنایەتی ئاپۆی دەکرد، ئەمجارە دەستی ئاشتی بۆ ئاپۆ درێژکرد، واتە لەکۆتاییدا ئەو موخاتەبەی کە ڕێبەر ئاپۆ ئەمە ۳۲ ساڵە لێیدەگەڕا، بەدەرکەوت، ئەوکەسە داوای ئاشتی کرد کە لایەنی سەرەکی شەڕەکە بوو، ئەویش دەوڵەت باخچەلی بوو، ئاشتی لەگەڵ ئەوکەسە دەکرێت کە شەڕت لەگەڵ دەکات، نەک کەسی دوەمو سێهەم.
پرسیار: سەرکردایەتی پەکەکە لەڕواڵەتدا بەدەمەوهاتنێکی بێ دودڵی بۆ پەیامەکانی ئۆجەلان هەبوو، لەپشت پەردەو لەناوخۆدا هیچ دژایەتییو نەیارییەک بۆ بڕیارەکانی کۆنگرەو پێشنیازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان هەبوو؟ یان هەموو وەک یەک پێشوازیتان لێکرد؟
وەڵام: ڕێبەر ئاپۆ ئەمە ۳۲ ساڵە پەکەکەو گەل بۆ قۆناغێکی وەها پەروەردەو ئامادە دەکات، بنەما هزرییو کردارییەکانی دادەڕێژێت، هەموو کادیرانى پەکەکە بڕوای تەوایان بەئاپۆ هەیە، چونکە پەکەکە بزوتنەوەیەکە کە ئاپۆ دایمەزراندوەو هەرکەسێک بەرلەوەی کە بەشداریی پەکەکە ببێت، سەرەتا بەشداریی ڕێبەر ئاپۆ دەبێت، پابەندی خۆڕاگرییو شێوازی ژیانو بیرو هزری ئەوە، ئیرادەو بڕیاری ڕێبەر ئاپۆ یەکلاکەرەوەیەو هەموو کەسێک پێوهى پابەندە.
ڕەنگە لە حزب و ڕێکخراوەکانی دیکهدا ئەم شتە نەبێتو ئەندامو کادیران لەسە بنەمای بەرژەوەندییو شێوازی بیرو هزری خۆیان بەشداریی بکەن، بەڵام لەپەکەکەدا وانییە، هەموو ئەندامان، لەسەروی هەموشیانەوە ڕێبەر ئاپۆ، هیچ کەسێک بەرژەوەندی تاکەکەسیو ژیانی تاکەکەسی نییە، هەموو کەس هەموو ژیانی خۆی بۆ دۆزەکەی تەرخاندەکات، ڕێبەر ئاپۆ، شێوازێکی نوێى ژیانی لەناو پەکەکەدا پیادەکردوە، پێ دەڵێین ژیانی کۆمیناڵ، ئازادو دیموکراتی.
بەدرێژایی مێژوی پەکەکە سەبارەت بەجێبەجێکردنی پەیامو ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ کێشە هەبووە، بەڵام ئەم کێشە ئەوە نەبوە کە ئەندامو کادیران ڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆیان لا پەسەند نەبێت، بەپێچەوانەوە، بەگیانو دڵ پەسەندیان کردوە و لەو پێناوەشدا لە هیچ گیانبازییەک سڵیان نەکردوهتەوە.
لەمەدا هیچ کێشەیەک نییە، ئەو کێشانەی کە ڕویانداوەو ڕێبەر ئاپۆ بەردەوام ڕەخنەی دەکات ئەوەیە، کادیران لەکاتی خۆیداو وەک پێویست لەڕێنماییەکانی ڕێبەر ئاپۆ تێنەگەیشتون، دەرونیان نەکردوهتەوە، هەرسیان نەکردوەو هەربۆیەش وەکو پێویست نەیانتوانیوە لەکرداردا پێکی بهێننو ئەو سەرکەوتنەی کە سزاواری بون بەدەستی بهێنن.
ئەم بابەتە بۆ قۆناغی نوێش ڕاستە، ئەم قۆناغە کاتێک دەگات بەسەرکەوتن کە کادیرو گەل لەڕێبەر ئاپۆ تێبگەن، ڕێنماییەکانی ئەو دەرونی بکەنەوەو کەسایەتی خۆیان بەگوێرەی ئەم ڕێنوێنیانە دابڕێژنەوەو ئەم لەکردەوەدا پێکبێنن.
پرسیار: ئێستا بەفەرمیو بەبڕیاری کۆنگرەی ۱۲، پارتی کرێکاران هەڵوەشاوەتەوەو هەموان چاوەڕێی کاردانەوەکانی تورکیا دەکەن ئاخۆ چ هەنگاوێک دەنێت بۆ پرۆسەی ئاشتی؟ بەڵام ئەگەر تورکیا بێ هەنگاوی نوێو بێ کاردانەوە مایەوە، ئێوە چی تر دەکەنو هەنگاوی داهاتوتان چی دەبێت؟ تەنها خۆتان هەڵوەشاندوهتەوە یان هەنگاوی دوای ئەمەشتان دیاریکردوە؟
وەڵام: ئەگەرێکی زۆر لاوازە کە ڕێبەر ئاپۆو پەکەکە لەو هەنگاوەی کە ناویانە پاشگەز ببنەوە، ئەوان پێداگریی دەکەن لەسەر گۆڕانکاریی، ڕێبەر ئاپۆ نایەوێت تەنها لەبەرئەوەی کە تورکیا هەنگا و بەرەو پێشەوە نانێت، گۆڕانکاریی لەخۆییو لەپەکەکەدا نەکات، ڕەنگە تورکیا ۱۰۰ ساڵی دیش نەگۆڕایه، ئایا ئەمە دەبێتە هۆکاری ئەوەی کە کوردو پەکەکە خۆیان نەگۆڕن؟ کوردو پەکەکە بۆ دەبێ هەر چاوەڕوانی نەیارەکەیان بن بۆ گۆڕانکاریی؟ پێویستە ئێمە چێوەڕوانی ئەوە نەبین کە دوژمنو نەیارەکان ببنە هۆی گۆڕانکاریی لەئێمەدا، پێویستە ئێمە وابکەین کە نەیارەکانمان خۆیان بگۆڕن، چونکە ئێمە سۆسیالیستین، ئەگەر خۆمان نەگۆڕین، توشی گەندەڵیو پوکانەوەو ڕزان دەبین.
لێرەدا ئاپۆ دەستپێشخەری گۆڕانکاریی دەکات و بە گۆڕانکاریی لە پارادیم و ستراتیژی خۆیدا، لایەنی بەرامبەر هاندەداتو دەیەوێت ناچاری بکات کە ئەویش گۆڕانکاریی لە خۆیدا بکات، ئەوەی ئاپۆ دەستیپێکردوە، تەنها پرۆسەیەک نییە، بەڵکوو سەردەمێکی نوێیە کە چەندین پرۆسە دەتوانن لەناویدا جێگەیان بێتەوە، پرۆسەی ئاشتی هێشتا دەستیپێنەکردوە، چونکە بەدەر لەچەند ئاماژەیەک، تائێستا دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی کرداری نەناوە.
ئەوەی تائێستا کراوهو ئەو هەنگاوانەی نراون تەنها دیباجەیەکە، دەروازەیەکە، دەستپێکێکە، تێکۆشانی مەزنو خەباتی سۆسیالیستیو شۆڕشگێڕیی لەمەوبەدوا دەستپێدەکات، ڕاستە، ڕێبەر ئاپۆو پەکەکە ئەمەیان وەک ئارمانجی خۆیان دیاریکردوە، بەڵام هەموو کەس و لایەنێک ئارمانجێکی وەهای نییە کە کۆمەڵگهی دیمۆکراتی دابمەزرێنێت، ئەمە تەنها ئارمانجی ئەو کەسانەیە کە بەشداریی تێکۆشانو ڕێپێوانی ئاپۆ بون، کەسی دی ئارمانجو بەرژەوەندیی جیاوازی هەیە.
ئارمانجی دەسەڵات جیاوازە، ئۆپۆزسیۆن ئارمانجی خۆی هەیە، هێشتا دیارنییە کە دەوڵەت پارادایمی خۆی دەگۆڕێت یان نا، هەندێک کەس لەناو دەوڵەتو حکومەتدا تەنها ئارمانجێکیان لەم پرۆسەیە هەیە، دەڵێین با گەریلا پاکتاوبێتو کۆتایی بەم ئیشە بێت، تەواوو بڕاوەیە، تێگەیشتنەکەیان ئەوەیە، نیازی چارەسەرییان نییە.
تائێستا هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە، نە نوسراو، نە زارەکی، هیچ شتێک مسۆگەر نەبوە ئەوەی مسۆگەرە ئەوەیە کە لەمەو بەدوا تێکۆشانێکی نوێ دەستپێدەکات، هەربۆیە پێویستە مرۆڤ پەلە نەکات، ئەگەر دەوڵەتی تورکیا هەنگاوی نەنا، پێویست ناکات کوردیش دەستەوەستان دابنیشێت، پێویستە لەسەر بنەمای پارادایمی نوێ تێکۆشان بکات، تێکۆشانێک کە دەوڵەتی تورکیا ناچاری هەنگاوی چارەسەریی بکات، ڕەنگە پرۆسەکە ڕاوەستێت، بەڵام تێکۆشان بۆ سۆسیالیزمی کۆمەڵگهی دیموکراتی ڕاناوەستێت.
دوای ئەم قۆناغە، پێویستی بەشێوازێکی نوێ بۆ تێکۆشان هەیە، پێویستی بەدامەزراوەی یاسایی هەیە، هەندێک دامەزراوە لەتورکیاو باکوری کوردستان هەن، ئەمانە دەتوانن بەهێزتر بکرێن، پێویست دەکات کە دامەزراوەو ڕێکخستنی گونجاو دابمەزرێن بۆ ئەوەی کە پێشەنگایەتی بۆ ئەرکەکانی تێکۆشانی قۆناغی نوێ بکەن.
پرسیار: چاوەڕێدەکەن تورکیا هەنگاوی کردەیی بنێت بۆ هەمواری دەستورو کۆتاییهێنان بەدەستەواژەی تیرۆریست بەرامبەر خەباتکارانی ئێوەو ئازادکردنی گیراوانی سیاسی بەزویی؟
وەڵام: تورکیا هێشتا زمانی سەردەمی پێشوو بەکاردەهێنێت، ئاپۆو پەکەکە ناوی ئەم سەردەمەیان ناوە "ئاشتیو کۆمەڵگهی دیموکراتی"، دەوڵەتی تورکیا هێشتا وەک "تورکیای بێ تیرۆر" پێناسەی دەکات، واتە لەچەمکو تێگەیشتندا هێشتا ڕێککەوتنێک نەکراوە، گەرچی ئەگەر بەگوێرەی واقیع خوێندنەوەی بۆ بکەین ڕەنگە "تورکیای بێ تیرۆر"یش دەستەواژەیەکی ڕاستو لەجێ خۆیدابێت، دەتوانین وەک "تورکیای نا تیرۆر" بیخوێنینەوە، لەو واتایەدا کە ئەو هێزەی کە تائێستا "تیرۆری دەوڵەتی" (state terror) لەدژی کورد بەکارهێناوە، دەوڵەتی تورکیایەو لەمەوبەدوا پێویستە ئێدی تیرۆری دەوڵەتی لەدژی کورد ڕاوەستێنێت.
هەموارکردنی دەستور ڕەنگە پرۆسەیەکی درێژخایەن بێت، بەڵام وەک هەنگاوی سەرەتایی دەتوانن لەیاساکاندا گۆڕانکاریی بکەن، پاشان ئەم گۆڕانکارییە یاساییانە ڕەنگدانەوەیان هەبێت لەداڕشتنەوەی دەستوردا، ئەمە تەنها چاوەڕوانی ئێمە نییە، چاوەڕوانی هەموو ئەوکەسانەیە کە چارەسەرییان دەوێت، ئێستا تۆپەکە لەزەمینی دەوڵەتی تورکیادایە.
پرسیار: هیچ لایەنێکی سێیەم ڕۆڵی هەیە لەگفتۆگۆکانی پێڤاژۆی ئاشتیدا، یان دەستپێشخەرییەکان؟ دوو لایەنن، لەنێوان ئێوەو دەوڵەتی تورکیادا؟ تاچەند کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتایبەت ئەمریکا لەپرۆسەی ئاشتی ئاگادارەو قسەی هەیە؟
وەڵام: پرۆسەکە تائێستا دوو لایەنەیە، لایەنی سێیەم هێشتا داخڵ نەبوە، زۆر کەسو لایەن ئێستا باسی لایەنی سێیەم دەکەن، لەپرۆسەی ۲۰۰۹ تا ۲۰۱۵دا لایەنی سێیەم هەبوو کە پێیدەڵێین پرۆسەی ئۆسلۆ، لەپرۆسەی ئۆسلۆدا سەرەتا دەوڵەتی تورکیاو پەکەکە بەنێوەندگیریی لایەنی سێیەم، بەنێوەندگیریی کەسایەتىو لایەنەکانی باشوری کوردستان گفتوگۆیان کرد، پەکەکە وتی کە ئەمە تەنها سەرەتایەک بوو بۆ پرۆسەکەو دانوستانکاری سەرەکی ئێمە ڕێبەر ئاپۆیەو پێویستە بچن لەگەڵ ئەو دابنیشن، دەوڵەتیش چوو لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ دانیشتو قۆناغی ۲۰۱۳ بۆ ۲۰۱۵ هاتە ئاراوە.
بەڵام ئەمجارە جیاوازە، ئەمجارە گفتوگۆ ڕاستەوخۆ لەئیمراڵییەوە دەستیپێکرد، کەس نەکەوتە ناوبەین، ڕەنگە هەندێک کەس، لایەنو هێز بیانەوێت نێوەندگیریی بکەن ئەمەش ئەرێنییە، هەرکەسێک قسەیەکی خێری تیا بکات، باشە، بەڵام ئەم نێوەندگیرییە تائێستا ڕوینەداوە، نە لەلایەن هیزەکانی باشوری کوردستانەوەو نە لەلایەن هێزە هەرێمیو نێودەوڵەتییەکانەوە.
لەئەگەری بەرەو پێشەوەچونی پرۆسەکەدا ڕەنگە ئەوانیش بەشداربن، بهڵام هێشتا دیارنییە، هاتنە ناوەوەی لایەنی سێیەم پێویستە لەسەر ڕەزامەندی هەردوو لایەنە سەرەکییەکە بێت.
ئێستا لەباشوردا زۆر هەواڵو دەنگوباس هەیە کە بەریتانیا سەرپەرشتی ئەو پرۆسەیە دەکات، فەرەنسا لەسەر خەتە، نازانم، نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر خەتە، ئەمریکا وایکرد، فەرەنسا فڵانی کرد، دەتوانم بڵێم ئەم هەواڵانە بەرلەوەی کە ڕاستییەکیان هەبێت تەنها هیواو تەمەننان، تەنها لەنیازپاکی مرۆڤەکانەوە سەرچاوە دەگرن، زۆرکەس هیوای بەپرۆسەکەی هەیەو حەزدەکات سەرکەوێت، هەربۆیە ئارەزوو دەکات ئەم هێزو ئەو هێز بەشداربن بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەربگرێت، ئەمجۆرە سەرنجو شرۆڤانە زۆربەیان لەدڵسۆزیی بۆ پرۆسەکەو بۆ ئەوەی ڕای گشتیی دروستبکەنو هانی لایەنەکان بدەن، بۆ ئەوەی خەڵک دڵخۆش و دڵ بەهیوا بکەن، دەنووسرێن و دەوترێن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیع شتێکی وەها نییە.
ڕاستە، لەئەمریکاوە تا چین، هەموو کەسێک بەدەم بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆوە هات کە ئەمە زۆر گرنگو مێژوویی بوو، جێگهی ڕێزو بایەخن، بەڵام لەکردەوەدا هێشتا شتێک بەناوی نێوەندگیریی نییە، ئەوەی کە تائێستا هەبوە ئەوەیە کە وهفدى دەم پارتی هاتوە لەباشور لایەنەکانی لەناوەڕۆکی پرۆسەکە ئاگادارکردوهتەوە، ئەوانیش هەمویان پشتیوانی خۆیانیان دەربڕیوەو بەڵێنی هەموو هاوکارییەکیانداوە.
هەروەها بۆ هاتوچونى وەفدەکانو ئاڵۆگۆڕی پەیامەکان لایەنەکانی باشوری کوردستان هاوکارییان کردوە، ئاستەنگییەکی ئەووتۆیان دروستنەکردوە، ئەمەش جێگهی دەستخۆشیو دڵخۆشییە.
تایبەتمەندی ئەم پرۆسە نوێیە ئەوەیە کە ئەرک دەخاتەسەر شانی لایەنەکانی باشوری کوردستان نە وەک نێوەندگیرو لایەنی سێیەم، بەڵکو وەک لایەنی سەرەکی بەشداریی پرۆسەکە ببن، چونکە ئیدی پەکەکە خۆی هەڵوەشاندەوە و بەهەڵوەشاندنەوەی خۆی ئەو دۆخەشی هەڵوەشاندەوە کە هەر کەسێک داوای مافی گەلی کورد لەباکوری کوردستان بکات بەلایەنگری پەکەکە تۆمەتبار بکرێت.
هەربۆیە ئێستا ڕێگه لەبەردەم هەموو هێزو لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان کراوەتەوە کە خاوەن لەپرۆسەکە دەرکەونو بۆ بەرقەراربونی ئاشتی داوای هەنگاونان لەدەوڵەتی تورکیا بکەن، سەرۆکی حزبەکانی باشوری کوردستان دەتوانن هەم لەچاوپێکەوتنی دیپلۆماسی لەگەڵ تورکیاداو هەم وەک هەڵوێستی ڕاستەقینەی سیاسی خۆیان بەبێ ترسو دڵەڕاوکێ داوای ئازادی ڕێبەر ئاپۆ بکەن، داوای گۆڕانکاریی لەدەستورو یاسای تورکیادا بکەن، داوای ئازادی گیراوانی سیاسی کورد بکەن لەباکور.
ئێستا زیاتر لە۲۰۰ گیراوی سیاسی کورد هەن کە ۳۰ ساڵی تەمەنیان لەزینداندا بەسەربردوە، بەڵام دەوڵەتی تورکیا ئازادیان ناکات، دەتوانن بانگەوازی بۆ ئازادکردنی ئەمانە بکەن.
هەروەها، پێشتر ڕەنگە ئەگەر کەسێک داوای کۆتاییهێنانی داگیرکاری دەوڵەتی تورکیای بۆسەر باشوری کوردستان بکردایە بەهاوکارییو پشتیوانی پەکەکە تۆمەتباردەکرا، بەڵام ئێستا کە پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بەخەباتی چەکداریداوە، هێز و لایەنه سیاسییەکانی باشووری کوردستان ئیدی هیچ ئاستەنگییەکیان لەبەردەمدا نەماوە کە داوای پاشەکشەکردنی هێزەکانی سوپای تورکیا لەسەر خاکی باشوور نەکەن، داوای هەڵگرتنی بنکەو بارەگای سیخوڕی دەڵەتی تورکیا لە شاخ و شارەکانی باشووری کوردستاندا نەکەن، پاشەکشێ کردنی سوپای تورکیا لەسەر خاکی باشووری کوردستان لە بەرژەوەندیی هەموو گەل و هێز و لایەنی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەرە، بەکورتی، ئەم هەنگاوەی پەکەکە و ڕێبەر ئاپۆ، دەستی هەموو کەس و لایەنی بەهێزکردووە، دەرفەتێکی زۆر مەزنی بۆ هەموو هێز و لایەنێک ڕەخساندووە کە گوتاری سیاسی خۆی بەهێزتر بکات و سیاسەتی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری زیاتر پەرە پێبدات.
ئەمەش هەمان بەشداریی ڕاستەقینەیە لەپرۆسەکەدا، بڕیارەکانی کۆنگرەی ۱۲ی پەکەکە زەمینەیەکی زۆر لەباری ڕەخساندوە بۆسەرلەنوێ داڕشتنەوەی گوتاری سیاسی لەباشوری کوردستان، چ دەسەڵات، چ ئۆپۆزسیۆن.
پرسیار: باس لەچۆڵکردنی قەندیل دەکرێت لێرەو لەوێ، ئایا ئێوە هیچ پیلانێکتان هەیە قەندیل چۆڵبکەن؟ ئەگەر پلانتان هەیە چۆڵی بکەن، چی دەکەنو ڕوو دەکەنە کوێ؟ تورکیا یان وڵاتی سێیەم؟
وەڵام: تائێستا باسی شتێک نەکراوە بەناوی چۆڵکردنی قەندیل، چۆنکە پرۆسەکە هێشتا هەر تاکلایەنەیەو لایەنی کوردو پەکەکە سێ هەنگاوی بەرەو پێشەوە ناو بۆ سەلماندنی نیازپاکی خۆی، بەڵام لایەنی بەرامبەر تائێستا هیچ هەنگاوێکی کۆنکرێتی یاساییو دەستورییو سیاسی نەناوە، هەربۆیە ناتوانین بڵێین کە دانوستان دەستیپێکردوەو ڕێککەوتن کراوە.
هێشتا لەقۆناغی گفتوگۆدایە، ئەوانەی تائێستا نراون هەنگاوەکانی پێش پرۆسەن، پرۆسەکە هێشتا دەستیپێنەکردوە، ههرکات دانوستان کرا، هەموو بابەتەکان گفتوگۆیان لەسەردەکرێت، ئەو شتانەی کە ئێوە باسی لێوە دەکەن، ڕەنگە هەر نەبنە بابەتی گفتوگۆش، ڕەنگە پرۆسەکە بەئاراستەیەکدا بڕوات کە زۆر کەس چاوەڕوانی ناکا، وەکو چۆن تائێستا وا بوە.
کێشەی کورد لەدونیادا شتێکی تاقانەیە، هیچ کێشەیەک لەدونیادا لەم کێشەیە ناچێت، چوار دوژمنی لەدژبێت، نکۆڵی لێبکەن، سیستەمی نێودەوڵەتی هاوکاری دوژمنەکانت بێت، دوژمنەکانی کوردیش لەدوژمنی ئاسایی ناچن، هەربۆیەش ئەو حزبەش کە بۆ خاوەن دەرکەوتن لەم کێشەیەو چارەسەرکردنی دێتە گۆڕەپان تاقانەیە، لەدونیادا هیچ حزبێک هاوشێوەی پەکەکە نییە، نە لەشێوازی ژیانداو نە لەشێوازی تێکۆشاندا، پەکەکە حزبێکی تاقانەی سەردەمی خۆی بوو، ڕێبەر ئاپۆش ڕێبەری تاقانەی گەلێکی تاقانەیە.
ڕێبەر نییە لەدونیادا وەک ئەو ژیابێت، وەک ئەو تێکۆشانی کردبێت، ۲۷ ساڵە لەتابوتێک بەناوی ئیمراڵیدا خۆڕاگری دەکات، دەوڵەتی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی پەکەکە دیراسەی هەموو نمونە هاوشێوەکانی کرد لەدونیاو هەمویانی لەسەر پەکەکە تاقیکردەوە، سەرینەگرت، نمونەی پڵنگەکانی تامیلو سریلانکای تاقیکردەوە، سەرینەگرت، نمونەی پاکتاوکردنی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی فەڵەستینیو فەتحو حەماسی تاقیکردەوە، سەرکەوتوو نەبوو، ویستی وەک چۆن گیڤارا شەهیدکرا ڕێبەر ئاپۆش شەهیدبکات، تەنانەت لەهەمان بەرواردا، بهڵام سەرکەوتوو نەبوو، هیچ شێوازێک لەدونیادا نەما کە دەوڵەتی تورکیا بۆ پاکتاوکردنی پەکەکەو ڕێبەر ئاپۆ تاقینەکردبێتەوە، بەڵام سەرکەوتونەبون.
لەسەر بنەمای ئەم ڕاستییە مێژوییە ئەو شێوازو تاکیتکو ستراتیژانەی کە بۆ چارەسەری پرسی کوردیش دێنە ئاراوە ناچار تاقانەبن، ڕەنگە لەدونیادا زۆر شێوازی چارەسەری هەبن، وەک İRA لەئیرلەندای باکور، وەک ETA لەئیسپانیا، وەک ANCو ماندێلا لەئەفریقیای باشور، وەک FARK لەکۆڵۆمبیا، شێوازی چەکدانانیان هەبوە، شێوازی دانوستانیان هەبوە، پەکەکە دیراسەی لەسەر هەموو ئەمانە کردوە، بەڵام تایبەتمەندی کێشەی کورد جۆرێکە کە مرۆڤ ناتوانێت ئەو شێوازانەی چارەسەری کە باسمانکردەوە بۆ کێشەی کورد لاسایی بکاتەوە، ئەوان چۆن چەکیان داناوە، کورد ناتوانێت بەو شێوەیە چەک دابنێت، پێشەنگ و شۆڕشگێڕی کورد بۆ بڕۆن بۆ وڵاتی سێیەم؟ مەگەر چ تاوانێکیان کردوە، جگە لەتێکۆشان بۆ ئازادی گەلەکەیان؟ تائێستا لەسەر ئەم ئاوو خاکە بون، لەمەودواش دەتوانن لەسەر خاکی بابو باپیرانی خۆیان بژین و تێکۆشان بکەن.
پێویستە هەموارکردنی یاسایی بکرێت بۆ ئەوەی هەڤاڵانی پێشەنگی پەکەکە بەشداریی سیاسەتی دیموکراتی ببن، پێویستیە کەس بیر لەناردنی هەڤاڵانی ئێمە بۆ وڵاتی سێیەم نەکاتەوە، مەگەر دەیانەوێت ناوی ئاشتی لەم پرۆسەیە بنێن یان کۆچی زۆرەملێ؟ ڕۆیشتن بۆ وڵاتی سێیەم.
سەبارەت بەقەندیلیش، هەمووکەس دەزانێت کە قەندیل لەبەرەنگاربونەوەی داعشو پاراستنی گەلەکەمان لەجینۆساید چ دەورێکی بینی، لەمەخمورەوه بگرە تا شەنگالو کۆبانێ، داعش مەترسییەکە کە هێشتا تەواو نەبوە، ئەمریکا بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش هێشتا لەهەرێمەکەیە، لەمدواییانەدا تورکیاو ئوردونو عێراقو سوریا بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش هاوپەیمانییەکیان مۆرکرد، کەواتە، مەترسی داعش جددییەو ئەگەر سەرهەڵدانەوەی هەیە.
ئایا ئێمە وەک کورد لەئەگەری سەرهەڵدانەوەی داعش یان هێزی هاوشێوە دا دەتوانین تەنها پشت بەو هاوپەیمانێتی نێوان سوریاو عێراقو تورکیا ببەستین؟ چ گەرەنتییەک هەیە کە ئەم هاوپەیمانییانەی لەدژی داعش هەروا بەتۆکمەیی بمێننەوەو کەلێنیان تێنەکەوێت؟ ڕۆژهەڵاتی ناوین هێشتا سەقامگیرنەبوەو مەترسی جینۆسایدی هاوشێوەی شەنگال هەمیشە هەیە لەسەر کورد، قەندیلو گەریلا گەرەنتی پاراستنی هەبونو ئازادی کوردن.
پرسیار: پرۆسەی چەکدانان جێبەجێدەکەن وەک ئەوەی باسدەکرێت؟ یان خەباتی چەکداریتان بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا ڕاگرتوەو چەکەکانتان هەر پێ دەمێنێت؟
وەڵام: پەکەکە کاتێک کە دامەزرێنرا بڕیاری خەباتی چەکداریی لەدژی دەوڵەتی تورکیا وەرگرتو پێویستی بڕیارەکەشی جێبەجێکرد، ۴۱ ساڵ شەڕی کرد، یارو نەیار، هەموو کەسێکیش دەزانێت چۆن شەڕیکرد. واتە، ئەو بڕیارەی کە دەیگرێت، جێبەجێیدەکات، ئێستاش پەکەکە لەسەر بانگەوازی ئاپۆ بڕیارێکی ستراتیژی وەرگرتوە کە خۆی هەڵبوەشێنێتەوەو کۆتایی بەشێوازی شەڕی چەکداریی لەدژی دەوڵەتی تورکیا بهێنێت.
لەم بڕیارەی خۆیدا ڕژدەو جێبەجێشی دەکات، بەڵام ڕاگرتنی تێکۆشانی چەکداریی بهواتای ئەوە نایهت کە چەک ڕادەستدەکاتو تەسلیم دەبێتو دەچێتە ماڵەوە پاڵ دەداتەوە، بەپێچەوانەوە، قۆناغێکی دژوارتری تێکۆشان دەستپێدەکات، زۆرکەس باس لەوەدەکەن کە تێکۆشان لەپێناو ئاشتی لەشەڕ ئاڵۆزترو دژوارترە، پەکەکە خۆی بۆ قۆناغێکی وەها ئامادە دەکات، ڕێبەر ئاپۆ بەرپرسیارێتی مێژویی ئەم قۆناغەی گرتوەته ئەستۆ، پەکەکە تائێستا بەرپرسیارێتی شەڕی گرتبوە ئەستۆو ئەمەی جێبەجێدەکرد، بەڵام قۆناغی ئاشتی جیاوازەو ڕێبەر ئاپۆ دەستپێشخەری بۆ کردوەو پێویستە ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕێبەر ئاپۆوە بەڕێوە ببردرێت.
پەکەکە بەڕێوەبەرایەتی شەڕ بوو، بەڵام ڕێبەرایەتیو بەڕێوەبەرایەتی ئاشتی مەگەر ڕێبەر ئاپۆ بتوانێت جێبەجێیان بکات، ئاراستەی بکاتو بەڕێوەی ببات، تاکە هێزێک کە وایکرد ئەم بڕیارانە وەربگرین ڕێبەر ئاپۆ بوو، تاکە هێزێکیش کە بیخاتە بواری کردارییەوەش هەر ڕێبەر ئاپۆیە، هەربۆیە بۆ ئەوەی کە پرۆسەکە بەرەو پێشەوە بڕوات، پێویستە هەلومەرجی ڕێبەر ئاپۆ لەباربێت، واتا دەرفەتی کاری ئازادانەی هەبێت کە لەکەشێکی تەندروستو پارێزراودا ئەم قۆناغە ڕێبەرایەتی بکات، هەر گەریلایەک لەپێناو ئازادی ڕێبەر ئاپۆدا چەکی کردوهته شان، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئازاد نەبێتو نەتوانێت بەڕێوەبەرایەتی قۆناغی ئاشتی بکات، کەس ناتوانێت گەریلا قەناعەت پێبکات.
پرسیار: هیچ مەترسی و ئەگەرێک هەیە بۆ دوبارەبونەوەی ساڵی ۲۰۱۵ ههیه؟ کاتێک ئێوە نیازپاکی خۆتان ڕاگەیاندو پرۆسەی ئاشتی سەرینەگرت؟ ئەگەر ئەوە ڕویدا پەکەکە لەبڕیاری کۆنگرەی ۱۲ پەشیمان دەبێتەوە؟
وەڵام: مسۆگەر مەترسی هەیە، زۆر هێزو لایەن هەن، هەم لەناوخۆی تورکیاو هەم لەدەرەوەی تورکیاش کە نایانەوێت پرۆسەیەکی وەها دەستپێبکات، لەوکاتەوە کە ئاگربەست ڕاگەیهنراوە، زۆر هەوڵدان هەبوە کە ئەم ئاگربەستە سەرنەگرێت، هەر لەسەرەتاوە لەدژی بون، ویستیان تێکی بدەن، بەڵام بەپشودرێژییو پێداگرییەوە تا ئەمڕۆ هاتوە.
بەر لە۳۲ ساڵ کاتێک ڕێبەر ئاپۆ دەستی بەهەوڵدانێکی لەمشێوەیە کرد تۆرگوت ئۆزالی سەرۆک کۆماری تورکیا لەناوبرا، ئەمساڵیش شەهید سڕی سورەیا ئۆندەر بەشێوەیەکی زۆر گوماناوی گیانی لەدەستدا، زۆر سەرنجڕاکێشە کە لەهەمان مانگو هەمان ڕۆژدا گیانیان لەدەستدا، سڕی لە۱۶ى نیسانو ئۆزالیش لە۱۷ى نیسان.
ڕێبەر ئاپۆ لەهەموو چاوپێکەوتنەکاندا هۆشداریدەدا بەسڕی سورەیا کە "ئاگاداری خۆت بە، ڕەنگە تیرۆرت بکەن، وریا بە"، هۆشدارییەکی وەها دەداتە هەموو کەسێک، لەکاتی خۆیدا هۆشداریدابوە تورگوت ئۆزالیش، هەربۆیە هەموو کاتێک مەترسی ئەوە هەیە نەیارانی ئاشتی ئەم قۆناغە تێکبدەن، هەروەکو چۆن قۆناغی ۲۰۱۳یان تێکدا.
پەکەکە بڕیارێکی هەڵەی نەداوە کە لەئەگەرێکی وەهادا لێی پەشیمان ببێتەوە، ئەگەریشی زۆر کەمە کە بگەڕێینەوە قۆناغی پێشوو، پەکەکە لەهەموو ئەگەرێکدا تێکۆشان بۆ سەرکەوتنی قۆناغی نوێ دەکات کە تاکە گەرەنتی سەرکەوتنیش تێگەیشتنە لەڕێبەر ئاپۆو جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانییەتی لەکردەوەدا.
پەکەکە خۆی هەڵوشاندەوەو کۆتایی بەخەباتی چەکداری هێنا، بەڵام ئەمە تەنها بڕیاری پەکەکەیە، بڕیاری هەموو کەسێک نییە، لایەنەکانی دی بەرژەوەندیی جیاوازیان هەیە، ڕەنگە لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا هەندێک هێزو لایەن بیانەوێت هێرشبکەن، ئەوکاتە تێکۆشانی بزوتنەوەی ئاپۆچیو ئەو شێوازە نوێیانەی ڕێکخستن بۆ پاراستنی خۆی تەگبیرو ڕێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر.
تێپەڕبون لەزەمینی توندوتیژی بۆ زەمینی سیاسیو یاسایی، تەنها بەهەوڵدانی یەکلایەنەی ئێمە پێک نایەت، پێویسته لایەنی بەرامبەریش وەها بکات، بەڵام ئەگەر هێرشی بەئامانجی پاکتاوکردن ڕوو بدات، بزوتنەوەکەمان لەپێناو پاراستنی نرخو بەهاکانی دەست بەخۆڕاگریی دەکات، بەهێزتر لەجاران، یاساییەکی گەردونی هەیە کە هەموو هەبونێک بۆ پاراستنی خۆی، پەلەقاژەیەک هەر دەکا.
پرسیار: ئەم بڕیارەی پەکەکە بۆچى مشتومڕێکی زۆرى لەناو ڕای گشتیدا لێکهوتهوه، زۆر کەسو لایەن لەسەری دەنووسن و قسە دەکەن، تهنانهت هەندێک کەس پێیانوایە، ئۆجەلان ئەوە بۆ ۲۷ ساڵ دەچێت لەزینداندایە، لەهەموو ئامرازەکانی پەیوەندی دابڕاوە، ئاگای لەدونیا نییە، هەربۆیە ناتوانێت بڕیارێکی تەندروست لەمبارەیەوە بدات، هەندێکیش دهڵێن، ڕەنگە ئۆجەلان لەژێر کاریگەرییو زەختی دەوڵەتی تورکیادا مەجبور کرابێت بانگەوازی بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بکات، هەندێکیش پێیانوایه، چەکدانان هەڵەیەو پێویستە پەکەکە شەڕ لەدژی تورکیا ڕانەگرێت، وەڵامی ئێوە چییە؟
وەڵام: دەمەوێت ئەم پرسیارە بەپرسیارێک وەڵامبدەمەوە، ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئاگای لەدونیا نییە، ئەی بۆ هەموو دونیا باسی ئەو دەکات؟ ئەی بۆ ئەمە دوو مانگە هەموو ئاژانس و سایتو تەلەفزیۆنو ڕادیۆ لانی کەم هەواڵێکیان لەبارەی ئەوەوە بڵاو کردوهتەوە؟ ئەگەر کەسێک ئاگای لەدونیا نەبێت، ئایا دونیا باسی ئەوکەسە دەکات؟ ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ ئاگای لەدونیا نییە، ئەی بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان لەسەر بانگەوازییەکەی ئەو لێدوان دەدات؟ ئەی بۆ لەئەمریکاوە تا چین، هەموو کەس لەسەر قسەکانی ئەو هەڵوێست دەردەبڕێت؟ چەند کەس ماوە لەدونیادا لەم دوو مانگەی دواییدا ناوی ئۆجەلانو پەکەکەی بەرگوێ نەکەوتبێ؟ با ئەوە بڵێم، ڕێبەر ئاپۆ تەنها خەمی کورد نا، بەڵکو خەمی هەموو دونیای هەڵگرتوە لەسەرشان، خەمی هەموو مرۆڤایەتی هەڵگرتوە، دۆزی ئەو، خەمی ئەو، خەمی هەموانە، خەمی گەردونو هەبونە، لەبەر خەمی ئەم دونیایە کەوتوهتە زیندان.
هەربۆیە هەر هەنگاوێکی ئەو، سەرنجی هەموو دونیا ڕادەکێشێت، کەسایەتی ئەو پەیوەندییەکی وەهای لەگەڵ هەموو دونیا هەیە، هێزە سەردەستەکانی هەموو دونیا گەلەکۆمەیان لێکرد کە یان بیکوژن یان بیگرن، ئەوانەی کە لەم دونیایهدا خاوەن وبژدانو هەستی ئازادیخوازیین، لێی بەخاوەن دەردەکەونو ئێستا داوای ئازادی دەکەن، واتە لەئاستی هەموو دونیادا هەم دۆستی هەیە هەم نەیار، زۆر ڕۆشنبیری هەرە ناوداری دونیا، لەچۆمسکییەوە بگرە تا ژیژەکو ئانتۆنیۆ نێگریو بادیۆو هتد... باسی بیرو هزری ئاپۆ دەکەن، ئەمجا چۆن دەبێت کەسێکی وەها ئاگای لەدونیا نەبێت؟
لەلایەکی دیکەوە، وتنی ئەوەی کە ئاپۆ لەزیندانەو ئاگای لەدونیا نییە، سوکایەتیه بەگەلی کورد لەباکوری کوردستان، ئەو سیاسەتەی کە پەیڕەوەی لەبیرو هزری ڕێبەر ئاپۆ دەکات خاوەنی زیاتر لەشهش ملیۆن دەنگەو سەردەمانێک ۸۳ پەرلەمانتاری هەبوو، ئاخۆ ئەم شەش ملیۆن کەسە هەروا لەڕوی بێئاگاییەوە دەنگیان بەهزری ڕێبەر ئاپۆ داوە؟ لەڕۆژئاوای کوردستان ۱۲ هەزار شەڕڤان لەدوا هەناسەیاندا بەدروشمی "بژی ڕێبەر ئاپۆ" شەهیدبون، ئایا ئەم هەموو شەهیدو دوو هێندە بریندارە هەموو لەڕوی بێئاگاییەوە پابەندی ئاپۆنو خۆیان فیدا دەکەن، لەڕۆژهەڵاتو باشوری کوردستانو ئەوروپاش بەهەمانشێوە، ئەی باشە مادام تۆ لەدەرەوهیتو ئازادیتو ئاگات لەدونیا هەیە، بۆ دوو کەست ئاگا نەکردەوە کە لەدوات کەون؟
هەروەها ئەگەر ڕێبەر ئاپۆ لەژێر زەختی دەوڵەتی تورکیادا ئەم بڕیارەیداوە، ئەی بۆ هەر لەسەرەتاوە ئەم بڕیارەی نەداو ۲۷ ساڵ زیندانی تەحەمول کرد؟ ئەی بۆ بەرلەوەی بەگەلەکۆمەی نێونەتەوەیی بەبارمتە بگیردرێت هەوڵدانی بۆ ئاشتی دەکرد و پەیتا پەیتا ئاگربەستی ڕادەگەیاند؟ سەیری دیمانەی ڕێبەر ئاپۆ لەگەڵ ڕۆژنامەنوس "محەمەد عەلی بیراند" بکەن لەساڵانی ۱۹۸۸و ۱۹۹۲دا، ئاپۆ ئەوکاتەش هەمان شت دەڵێت کە ئەمڕۆ دەیڵێیت.
ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئەوەی کە چارەسەری بخولقێنێت، زۆر داهێنان دەکاتو ڕێگهی خولقکارانە دەگرێتەبەر، لەسیاسەتدا نەرمی دەنوێنێت، بەڵام لەبابەتی ئایدیۆلۆژی کە گرێدراوی هەبونو ئازادی گەلی کوردو گەلانی جیهانەوە بێت، بچوکترین پاشەکشەی نەکردوە، تەنانەت هەڵوێستەکانی قوڵترو زوڵاڵتر کردوە، ڕیبەر ئاپۆ ئەوەندەی لەسەر هەبونو ئازادی گەلی کورد پێداگریی دەکات ئەوەندەش لەسەر سۆسیالیزم سورە، لەم بوارەدا بچوکترین پاشەکشەیەک لەهەڵوێستی ئاپۆدا نییە، ئەوەی هەیە قۆناغێکی نوێیە لەماراسۆنی ڕێبەر ئاپۆ بەرەو ئازادی.
هەندێک کەسو لایەن هەن کە دوژمنی سوێندخواردوی ئاپۆو پەکەکەن، ڕێبەر ئاپۆو پەکەکە هەر هەنگاوێک هەڵبگرنو هەر قسەیەک بکهن، ئەمانە لەدژی دەوەستنەوە، ئەگەر شەڕ بکات، دەڵێن بۆ شەڕدەکەی، خۆ ئیدی باوی خەباتی چەکداری نەماوە، ئەگەر ئاشتی بکات دەڵێین، ئەوەتا، ئاشبەتاڵی کردو تەسلیم بوو، کێشەی ئەمانە ئەوەنییە کە ڕەخنەیان لەئاپۆو پەکەکە هەیە، کێشەکە ئەوەیە کە ئەمانە لەدژی هەبونی ئاپۆو پەکەکەن، ئەمانە چونکە دیارنو ڕای گشتیش زۆربەیان دەناسێت، لێرەدا باسیان ناکەمو پێویستیش بەوەڵامدانەوەیان نییە.
ههندێ کهسیش هەن لەڕوی نائاگاییەوە، هەڵوێست وەردەگرن، نە کتێبێکی ڕێبەر ئاپۆیان خوێندوهتەوەو نە وتارێکیان گوێ لێبوە، لەفەیسبوکو ئینستگرام چ نوسرابێت، ئەوە بەبنەما وەردەگرن، زاتەن، چاپەمەنی بیستراوو بینراوو نوسراو پڕە لەوتارو ڤیدیۆی دژ بەڕێبەر ئاپۆو پەکەکە، تەنانەت ناوەکەشیان قەدەغەیەو سانسۆری دەکەن، کەم کەس ئەو بوێریەی تێدا هەیە کە ڕێبەر ئاپۆو پەکەکە وەک خۆی بۆ ڕای گشتیی بگێڕێتەوە، کەسانێک کە لەدورەوە پەکەکەو ڕێبەر ئاپۆ دەناسنو دەکەونە ژێر کاریگەریی ئەمجۆره مێگا میدیا و چاپەمەنییە، ناتوانن بەباشی لەدۆخەکە تێبگەن و هەڵوێستی واقیعی وەربگرن.
هەندێک کەس و لایەنیش هەن لەڕوی دڵسۆزییەوە ههندێک شت دەڵێن، ڕەخنەکەیان لەڕوی دڵسۆزییەوەیە، ئەمانە ڕێبەر ئاپۆ و پەکەکەیان خۆشدەوێت و هیوای خۆیان لەسەر ئەم تەڤگەرە هەڵچنییوەو بڕوایان پێى هەیە، میدیای نەیاریش تۆزێک کاریگەرییان لەسەر دادەنێت، هەربۆیە لەجیاتی ئەوەی کە عەقڵو مەنتق بەسەریاندا زاڵبێت، زیاتر لەڕوی سۆزو هەست و عاتیفەوە هەڵسوکەوت دەکەن، با ئەم براو خۆشکانە دڵنیابن، ڕێبەر ئاپۆ هەر لەسەرەتاو لەوکاتەوە کە بەپێنج کەسەوە دەستیپێکرد، تائێستای، هیچ هەنگاوێکی نەناوە کە لەزەرەری کورددا شکابێتەوە، ڕەنگە لەسەرەتادا تێگەیشتن لەبڕیارەکانی ئاپۆ تۆزێک زەحمەت بوبێت، بەڵام بەتێپەڕبونی کات ئەو ڕاستییە دەرکەوتوە کە ئەم هەنگاوانە چەند ستراتژیک و بەسوودبوون، هەربۆیە دڵنیابن کە ئەم هەنگاوهی ڕێبەر ئاپۆ لەقازانجی گەلی کورددایە، لەقازانجی هەموو گەلاندایە، لەقازانجی هەموو مرۆڤایەتیدایە.
تایبەتمەندییەکی ڕێبەر ئاپۆ هەیە، هەربۆیەش پێ دەڵێین ڕێبەر، ئەوهەمیشە مەترسیدارترین هەنگاوەکانی ناوە، هەنگاوگەلێک کە عەقڵی مامناوەند زوبەزوو لێی تێناگات و پەسەندی ناکات، کاتێک کە لەساڵی ۱۹۷۲و ۱۹۷۵ بڕیار دەدات لەئهنکاراوە بێت بۆ کوردستان بۆ پەرەدان بەخەبات، خەڵکانێکی دەوروبەری دەڵێن "بەم فکرەوە بڕۆن بۆ کوردستان، یەک ڕۆژ ناتوانن لەسەر پێ بمێنن" بەڵام ڕێبەر ئاپۆو بزوتنەوەکەی لەسەر پێ مانەوەو ئەوانەش کە دەیانوت مەڕۆ، هەمویان توانەوە، کاتێکیش ئاپۆ دەستی بەخەباتی چەکداریی کرد، دەیانوت، "ئەمە خۆکوژییە، کورد لەناودەبات"، بەڵام ئەم قەڵەمبازهی ۱۵ى ئاب، کوردی زیندووکردەوە.
کاتێک کە ڕێبەر ئاپۆ ڕفێنراوو بەدیلی کەوتە ئیمراڵی، زۆرکەس بەپەکەکەی دەوت، "ئاپۆ ئیدی تەواوبوو، ڕێبەرێکی دی بۆ خۆتان هەڵبژێرن، مەگەر شێت بون! وازبێنن لەئاپۆ، دەستی لێهەڵگرن، تازە لەئیمراڵیەوە کەس ناتوانێت هیچ کارێک بکات"، ئەم تێڕوانینی زۆر کەس بوو کە سەرکردە و سیاسەتمەداربوونو زۆر متمانەیان بەعەقڵی خۆیان هەبوو، بەڵام وەک دەبینن ڕاست دەرنەچوو، ئێستا هەموو دونیا باسی پەکەکەو ئاپۆ دەکات.
بۆ ئەوانەش کە دەڵێین پێویستە خەباتی چەکداریی بەردەوام بکات دەڵێم کە پەکەکە ۴۱ ساڵە خەباتی چەکداریی دەکات، ئێستاش لەلوتکەی هێزی خۆیدایەو ئەو تواناکارییەی تێدا هەیە کە ۴۰ ساڵی دیش خەباتی چەکداریی بکاتو درێژە بەشەڕ بدات، کەس نییە شکو گومانی لەم تواناکارییەی پەکەکە هەبێت، لەم بوارەدا پەکەکە خۆی سەلماندوە، دۆست و دوژمن باش دەیناسن، بەڵام ئاپۆ و پەکەکە ئێستا ستراتیژی خەباتی خۆیان دەگۆڕن، پێیانوایە کە سەردەمێکی نوێ دەستیپێکردوە و گەلی کورد ئێدی بەخەباتی یاسایی و سیاسەتی دیموکراتی دەتوانێت مافەکانی خۆی دەستەبەربکات.
ئەگەر کەسانێک پێیانوایە کە ئەمە هەڵەیە و پێویستە خەباتی چەکدارییو شەڕ بەردەوام بکات، با بفەرمون، خۆ ئۆپەراسیۆنی تورکیا هێشتا هەر بەردەوامەو شەڕ هەیە، وەرن بەشداریی شەڕ ببن، ئەگەریش بەئێمە قایل نیینو دەڵێن ئیلا ئێمە خۆمان شەڕدەکەین، کەس رێگەی لێیان نەگرتوە، کەس دەست و پێیانی گرێنەداوە، ئەوەتا زیاتر لە۴۰ ملیۆن گەلی کورد هەیە، با ۴۰ کەس لەناو ئەم ۴۰ ملیۆن کوردە کۆ بکەنەوە و بۆ ماوەی ۴۰ ڕۆژ لەدژی تورکیا شەڕبکەن.
هەر کەس و لایەنێک کە لەم شەڕەدا بەشێوەیەک لەشێوەکان بەشدارو هاوکارو پشتیوانی پەکەکە بوبێت، لەم پێناوەدا قوربانیدابێت، بێ دوو دڵی پشتیوانیی لەم هەنگاوەی ئاپۆو پەکەکە دەکات بۆ ئاشتی و کۆمەڵگهی دیموکراتی، هەر ئەوانیشن کە دەتوانن لەم سەردەمە نوێیەداو لەگریمانەی پرۆسەی ئاشتیدا ڕۆڵ بگێڕن، بەڵام کەسو لایەن هەن بەدرێژایی ئەم شەڕە پێیەکیان لەماڵی خۆیاندا بوەو پێیەکیان لە تورکیا، بۆ ئەوەی کە ڤیزای سیاحی تورکیایان کانسێل نەبێتەوەو کەناراوەکانی ئیزمیرو ئانتاڵیا و ئەسەمۆڵیان لێ قەدەغە نەکرێتو لەبەرامبەر ئەو هەموو کوشتو کوشتارو داگیرکارییەی تورکیا فزەیان لێوە نەهاتوە، تەنانەت نەیانوێراوە وێنەیەکی گەریلا لە سەر فەیسبوک لایک بکەن، ئێستا خۆیان لێ بوە بەگیڤاراو کاسترۆو مائۆ، بونەتە قارەمانی شەڕی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ داوای بەردەوامیدان بەشەڕ دەکەن.
کەسێک یان لایەنێک شەڕی نەکردبێت، نە لەشەڕ تێدەگاتو نە لەئاشتیش، نە زۆری زەحمەتی شەڕ دەزانێت نە زۆرو زەحمەتی ئاشتیش، ئەوانە تەنها بەرژەوەندیی خۆیانیان بۆ گرنگە و بەس.
ئەو کەس و لایەنانەی کە ئاماژەمان پێدا نوێنەرایەتی زۆرینەی کۆمەڵگهی کوردستان بەتایبەت باشوری کوردستان ناکەن، هەر لەکاتی بانگەوازییەکەی ڕێبەر ئاپۆوە تا بەستنی کۆنگرەی ۱۲ش زۆر هەڵوێستی هێژاو بەنرخ لەلایەن ڕۆشنبیران و چالاکوانان و کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە نیشاندران، زۆربەی گوتار و شیکردنەوە و چاوپێکەوتنە میدیاییەکان و پۆست و وتارەکانی ناو تۆڕە دیجیتاڵییەکان لەمبارەیەوە زۆر بەنرخ بوون و نیشانەی تێگەیشتنێکی قووڵ لە پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و تێکۆشانی پەکەکە بوون، ئەمانە هەموو سەرچاوەی ورە و هێزن بۆ ئەم سەردەم نوێیە و هیوا بەسەرکەوتنی پرۆسەکە زیاتر دەکەن.
Your Comment