بەپێی هەواڵی کوردپرێس، ساڵح موسلیم ئەندامی کۆنسەی هاوسەرۆکایەتیی پارتی یەکێتیی دیموکراسی لەبارەی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایگەیاند: "ئێستا نۆرەی تورکیایە، چ جۆرە هەنگاوێک دەنێن؟ وەک چۆن رێبەر هەموو بەرپرسیارێتییەکانی گرتە ئەستۆ، بەهەمانشێوە پێویستە تورکیاش بەرپرسیارێتی ئەم کارە لە ئەستۆ بگرێت".
ساڵح موسلیم ڕایگەیاند، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر کۆدەبنەوە و هەڵسەنگاندن بۆ پەیام و بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەکەن.
ساڵح موسلیم دەشڵێت: "پەیامەکەی ئۆجەلان رێگەخۆشکەر دەبێت بۆ کرانەوەی سیاسەتی دیموکراسی، رێکخستنی ئازادی و دیپلۆماسی. ئەگەر ئازادییەکان پێشبکەون بەدڵنیاییەوە ئێمەش چەک وەلادەنێین. رێبەر ئۆجەلان ئەم پرسەی بۆ کۆنگرەی پەکەکە جێهێشت. ئەگەر کۆنگرە رێکخرا و پێویست بکات چەک دابنرێت، خۆشیان هەڵدەوەشێننەوە".
ئەندامی کۆنسەی (پەیەدە) سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی پرۆسەکە، گوتی: "ئێستا نۆرەی تورکیایە، چ جۆرە هەنگاوێک دەنێن، وەک چۆن رێبەر هەموو بەرپرسیارێتییەکانی گرتە ئەستۆ، بەهەمانشێوە پێویستە تورکیاش بەرپرسیارێتی ئەم کارە لە ئەستۆ بگرێت".
ئایا پەکەکە چەک دادەنێت یان نا؟ ساڵح موسلیم وتی: "ئەم کارە هەنگاو بە هەنگاو دەکرێت. پارتەکە بڕیار دەدات چەک دابنێت، ئەمە پەیوەندی بەخۆیانەوە هەیە. هەروەها بڕیاری هەڵوەشاندنەوەش دووبارە بۆ پەکەکە دەگەڕێتەوە. ئۆجەلان خۆی شانی خستە ژێر ئەم بەرپرسیارێتییە و داوای لە پەکەکە کردووە لە رێگەی کۆنگرە بڕیاری خۆیان بدەن. ئێستا کاتی ئەوەیە تورکیاش هەنگاوی نوێ بنێت".
Your Comment