بەپێی هەواڵی کوردپرێس، هەریەکە لە سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی و وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە پەیامی جیاجیادا پێشوازیی لە بانگەوازە ئاشتیخوازانەکەی عەبدۆڵڵا ئۆجەلان دەکەن.
برایان هیوز، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی بانگەوازەکەی رێبەری پەکەکەی بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگ بە پێشهاتێکی گەورە وەسف کرد و ڕایگەیاند: "واشنتۆن هیوادارە ئەو هەوڵانە یارمەتیدەر بێت بۆ ئارامی و سەقامگیری لە تورکیا وەک هاپەیمانێکی ئەمریکا لە جەنگ دژی داعش لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، جەختیشی کردەوە لەوەی ئەو هەوڵانە دەبێتە مایەی ئاشتی بۆ ئەو ناوچە پڕ لە کێشەیە".
هەروەها ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشوازی لە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە دەکات و بە "ترووسکەی هیوا" وەسفیدەکات، ستێفان دوجاریک وتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند: "سکرتێری گشتی پێشوازی لەم بەرەوپێشچوونە گرنگە دەکات. ئەمە ترووسکەێکی هیوایە کە دەبێتە هۆی چارەسەرێک بۆ ململانێیەکی لەمێژینە".
لای خۆشییەوە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند: "لەندەن پێشوازی دەکات لە بەرەوپێشچوونی ئاشتی و ئاسایش لە تورکیا کە هاوپەیمانێکی نزیکی ناتۆ و هاوبەشێکی لەمێژینەی بەریتانیایە لە جەنگ دژی تیرۆر".
ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بەریتانیا هانی هەموو لایێک دەدات بۆ ئەوەی لە پڕۆسەیێکی ئاشتییانە و بونیادنەردا بەشداربن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، وەزارەتەکە هەروەها پشتیوانیەکانی بەریتانیای بۆ پرۆسەی ئاشتی دووپات کردەوە".
Your Comment